Erbil 38°C یەکشەممە 26 کانوونی دووەم 00:02

هه‌ماهه‌نگى نێوان پێشمه‌رگه‌و سوپاى عێراق بۆ پاراستنى مه‌له‌فى ئه‌منى له‌ چ ئاستێک دایه‌

کوردستان TV
100%

به‌رپرسانى باڵاى ئه‌منى و سه‌ربازى عێراق و هه‌رێمى كوردستان باس له‌ سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ى مه‌ترسییه‌كانى داعش له‌ ناوچه‌ جیاوازه‌كانى عێراق ده‌كه‌ن و له‌م رووه‌شه‌وه‌ هه‌ماهه‌نگى پێشمه‌رگه‌و سوپاى عێراق بۆ ڕاگرتنى مه‌ترسیه‌كانى داعش زیاتر بووه‌و لێكتێگه‌یشتنى باشیش له‌و ماوه‌یه‌دا هه‌بووه‌و بەرپرسێکى وەزارەتى پێشمەرگەش رایده‌گه‌ینێت، كه‌ لێکتێگەیشتنى باش لەنێوان پێشمەرگە و سوپاى عێراق هەیە بۆ چارەسەرکردنى کێشەکانى نێوان هەردوولا، بەڵام تائێستا نەگەیشتووینەتە رێکكەوتنى كۆتایی له‌سه‌ر چه‌ندین كێشه‌ى قولى نێوانیان، كه‌ پێویسته‌ له‌ داهاتوودا له‌ كۆبوونه‌وه‌كانى هه‌ولێرو به‌غدا باسیان لێوه‌بكرێت.

فەریق جەبار یاوەر، ئەمیندارى گشتى و ئەندامى لێژنەى باڵاى هەماهەنگیى وەزارەتى پێشمەرگە رایده‌گه‌ینێت" دواى وەستانى کۆبوونەوەکانى نێوان هەردوو لێژنەى باڵاى هەماهەنگى وەزارەتى پێشمەرگە و بەرگرى عێراق، بە هەوڵى هەردوولا توانرا لە 2ى تەمووز و 20ى تەمووز دوو کۆبوونەوە ئەنجام بدرێت لە هەولێر و بەغدا، بۆ چارەسەرکردنى ئەو گرفتانەى هەیە لە نێوان هەردوولا، كه‌ لێکتێگەیشتنى باشیش هەبووە لە گفتوگۆکاندا.

روونیشى کردەوە" ئەو پرسانەى لە کۆبوونەوەکان باس کراون، ئەنجامدانى ئۆپەراسیۆنى هاوبەش و گەڕانەوەى پێشمەرگە و بەرەنگاربوونەوەى تیرۆریستانى داعش و کردنەوەى چەند ناوەندێکى هەماهەنگى سەربازیی هاوبەش، بۆ ئاڵوگۆڕکردنى زانیارى و هەماهەنگى زیاترى نێوان هەردوولایە، بەڵام تائێستا نەگەیشتووینەتە رێککەوتنى کۆتایی.

ktv

لە بارەى نیشاندانى رەزامەندى حکوومەتى عێراق بۆ کردنەوەى چوار ناوەندى هەماهەنگیی هاوبەشى سەربازی لە نێوان هەردوولا، لە سنوورى مووسڵ و کەرکووک و دیالە و هەولێر ناوبراو دەڵێت" تا ئێستا هیچ نووسراوێکى فەرمى لە بەغداوە بە ئێمە نەگەیشتووە، ئێمەش تەنیا لە میدیا نووسراوێکمان بینیوە، بۆیە چاوەڕێى کۆبوونەوەى داهاتوو دەکەین بۆ گەیشتن بە چارەسەرى کێشەکانى نێوانمان.

ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان هه‌روه‌ها راشیدەگەیێنێت، لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی لەبارەی دامەزراندنی 6 بنکەی هه‌ماهەنگی گەیشتوونەتە لێکەتێگەیشتنی هاوبەش، بەڵام هێشتا رێککەوتن نەکراوە و هیچ فەرمانێکی سەرۆک وەزیرانی عێراقیش لەوبارەوە نەگەیشتووەتە وەزارەتی پێشمەرگە. 
 
ناوبراو رایگەیاند، لەسەر بنچینەی لێکتێگەیشتنە هاوبەشەکەیان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی، بڕیارە 6 بنکەی هاوئاهەنگی دروستبکرێن کە لە بەغدا، هەولێر، دیالە، کەرکووک، مەخموور و موسڵ دەبن. 
 
ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوەی هەیە لێکتێگەیشتنی هاوبەشە و هێشتا هەندێک شت هەیە ماوە یەکلایی بکرێتەوە، لەوانەش؛ دەستنیشانکردنی شوێن و پێکهاتەی تەواوی ئەو بنکانە لەو شوێنانەی ئاماژەیان پێکرا. 
 
بە گوتەی جەبار یاوەر، چاوەڕێ دەکرێت لە کۆبوونەوەکانی داهاتووی نێوانیان ئەو بابەتانە باسبکرێن.

بۆ زیاتر تۆكمه‌كردنى هاوكارى و  هه‌ماهه‌نگى نێوانیان، پێشمەرگە و سوپای عێراق چوار ناوەندی هاوبەش بۆ پێکەوەکارکردن دەکەنەوە و ئەو بۆشاییە ئەمنییەی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان دروستبووە پڕی دەکەنەوە.
 
بەردەوامیی جموجووڵی داعش و ئەو بۆشاییە ئەمنییەی سێ ساڵە لە ناوچە جێناکۆکەکان دروستبووە، پێشمەرگە و ھێزە عێراقییەکانی ناچارکرد بڕیار لەسه‌ر ئه‌نجامدانى ئۆپراسیۆن و کاری ھاوبەش بدەن. 

ktv


 
سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ ئۆپراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق ده‌لێت" ھێزەکانی ئیتحادی و ھێزەکانی پاسەوانیی ھەرێمی کوردستان پێکەوە ئۆپەراسیۆنی ھاوبەش دژی چەکدارانی داعش ئه‌نجام ده‌ده‌ن، بۆیە ئێمە رێککەوتنێکی بنەماییمان لەسەر رێکارەکە بۆ دەستپێکردنی کردووەو ھەروەھا بەشێک لە ئەفسەرانی پێشمەرگە ئێستا کار لە ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکان دەکەن و ھەر ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی بەبێ ھاوبەشیی براکانمان بە زانیاریی ھەواڵگری و ئەمنی لە ھێزەکانی پێشمەرگە ناکرێت. 
 
لە ئەنجامی دوو کۆبونەوەی نێوان وەزارەتەکانی پێشمەرگە و بەرگریی عێراق بۆ گەیشتنە رێككەوتن لەسەر چەند خاڵێک، چاوەڕێی کۆبونەوەی داھاتووی ئەو دوو وەزارەتە دەکرێت کە بڕیارە لە بەغدا بکرێت و خاڵەکانیش بریتین له‌؛ دروستکردنی هه‌ماهه‌نگى لەنێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە ناوچەکانی دیالە، کەرکووک و نەینەواو پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە ئەمنییەی لەنێوان ئەو دوو هێزەدا هەیە. له‌گه‌ل پێکھێنانی ژووری ئۆپەراسیۆنی هاوبەش لەنێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق لەناوچەكانى ده‌ره‌وه‌ى ئیداره‌ى هه‌رێمى كوردستان. هه‌روه‌ها دانانی بازگەی هاوبەش لەنێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە دەروازەی شارەکانی کەرکووک، دیالە و نەینەوا و پێکھێنانی هێزی هاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراق لەو ناوچانه‌دا.
 
له‌م باره‌وه‌، هەژار عومەر، بەڕێوەبەری پەیوەندی و هه‌ماهه‌نگى لە وەزارەتى پێشمەرگە رایده‌گه‌ینێت" لە رووی مەبدەئییەوە رێککەوتن کراوە کە لە سەرەتادا چوار بنکەی هه‌ماهه‌نگى ھاوبەش کارادەکرێتەوە. ھیوادارین لە داھاتوویەکی نزیکدا بۆشاییە ئەمنییەکان پڕبکرێنەوە و ئەو ئاستی ھاوئاھەنگییەش بەرزبکرێتەوە. وتیشى" حکومەتی فیدراڵیی عێراق زۆر گرنگی بەوە دەدات و ئەوە بۆ ئێمە زۆر گرنگە بۆ دابینکردنی ئاسایش بۆ ئەو ناوچانە و تەناتەت بۆ ئەمریکاش زۆر گرنگە، چونکە ئەمە یەکێک بووە لە خاڵەکانی ئەجندای مەلەفی ئەمنی له‌و ناوچانه‌دا. 
 
ماوەی ساڵێکە دانوستاندن بە ئامانجی کاری پێکەوەیی لەنێوان پێشمەرگە و ھێزە عێراقییەکان دەستی پێکردووە، بەڵام بەغدا بە بیانووی خۆپیشاندانەکانی عێراق گفتوگۆکانی راگرت و ئێستا کە دووبارە لێکنزیکبوونەوە دەستی پێکردووە، لایەنە دژەکانی پێشمەرگە و ھەرێمی کوردستانیش ھاتوونەتە سەر هێڵ بۆ رێگری كردن لە گەیشتنە ئەنجامێک له‌نێوان هه‌ردوولادا.

ktv

له‌ لاى خۆیه‌وه‌، سەرۆكی دەزگای دژەتیرۆری عێراق رایگەیاند، چەكدارانی داعش لە ناوچانەكانی نێوان سوپای عێراق و هێزەكانی پێشمەرگەدان و دژەتیرۆریش ستراتیژێكی نوێی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر هەیە.
 
فەریق روكن عەبدولوەهاب ساعدی، سەرۆكی دەزگای دژەتیرۆری عێراق رایگەیاند، داعش چەند ناوچەیەك لە عێراق بۆ جێبەجێكردنی هێرشەكانی بەكاردەهێنێت، بەتایبەتی دۆڵ و زنجیرە چیاكان لە پشتێنەی بەغدا، دیالە و كەركووك، سەرەڕای ناوچەكانی نێوان هێزەكانی سوپا و پێشمەرگە و هەندێك ناوچەی سنووری خانەقین.
 
لەبارەی هەوڵەكانی بەرەنگاربوونەوەی داعش، ساعدی ئاماژەی بەوە دا، كه‌ دەزگای دژەتیرۆر ستراتیژێكی نوێی دژی تیرۆر هەیە كە قەدەغەكردن و خۆپارێزی لەخۆدەگرێت، بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر پێویستیشمان بە هاوكاریی سەرجەم دامەزراوەكانی دەوڵەتەو مانگی رابردوویش 23 چەكداری داعش لە عێراق دەستگیركراون.
 
هەرچەندە لە 9ی كانوونی یەكەمی 2017 حەیدەر عەبادی، سەرۆكوەزیرانی ئەو كاتی عێراق سەركەوتنی بەسەر داعشدا راگەیاند، بەڵام تاوەكو ئێستاش چەكدارانی داعش بەشێوەی پەرتەوازە لە دەوروبەری بەغدا، نەینەوا، سەلاحەدین، ئەنبار، بەشێكی پارێزگای دیالە و كەركووك جموجووڵیان هەیە و ناوبەناو هاووڵاتییانی سڤیل و هێزە ئەمنییەكان دەكەنە ئامانج.

پێشتر له‌گه‌ڵ زیادبونی جموجوڵه‌كانی چه‌كدارانی سه‌ر به‌رێكخراوی داعش، چه‌ندجارێك هێزه‌كانی سوپای عێراق ئۆپراسیۆنی فراوانیان بۆ سنوری چیای قه‌ره‌چوغی سه‌ر به‌قه‌زای مه‌خموور به‌ هاوبه‌شى له‌گه‌ل هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌ ئه‌نجامداوه‌.

ktv

به‌پێى زانیاریه‌كان كۆبوونه‌وه‌كانى هه‌ولێرو به‌غدا بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى نه‌وت و بودجه‌و پێشمه‌رگه‌و چه‌ندین كێشه‌ى تر ده‌ستپێده‌كاته‌وه‌و له‌م باره‌وه‌ ئامانج ڕەحیم،  سكرتێری‌ ئەنجوومەنی‌ وەزیرانی هەرێمی‌ كوردستان ئاشكرای دەكات لەگەڵ وەزیرانی دارایی و نەوتی عێراق باسی بوجەی 2021یان كردووە و بڕیارە لە هەفتەی داهاتووەوە گەڕێکی دیکەی گفتوگۆكان لەمبارەوە دەست پێ بكەنەوە.

ئامانج ڕەحیم، دووپاتیی كردەوە" کۆبوونەوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بۆ درێژەپێدانی کۆبوونەوەکانی چەند مانگی پێشووی دەبن، هەروەها بۆ کارکردنە بۆ ڕێکكەوتنێکی کۆنکرێتی لەسەر نەوت و دارایی هەرێمی كوردستان و زامنکردنی ماف و بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی پڕۆژە یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2021".

سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران ئاماژەی بەوەش ده‌دات، كه‌ حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەپێی دەستوور گفتوگۆ لەگەڵ حكوومەتی عێراقی دەكات و هەموو ئاسانكارییەكی پێشكەش كردووە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانى نێوانیان و رێككەوتنی كۆنكرێتی ، كه‌ ببیته‌ هۆى چاره‌سه‌ركردنى یه‌كجاره‌كى هه‌موو كێشه‌كانى نێوان هه‌ولێرو به‌غدا.


 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.