Erbil 38°C ھەینی 27 کانونی یەکەم 00:23

هونه‌رمه‌ند ئارا هه‌ولێری: هونه‌ری (میناتۆر) تاڕاده‌یه‌کی زۆر سه‌رنجی بینه‌رانی ڕاکێشاوه‌

کوردستان TV
100%

هونه‌رمه‌ند ئارا هه‌ولێری: هه‌ماهه‌نگیم له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندانی كوردستان زۆر باشه‌ 


هونه‌رمه‌ند عبدالسمیع جه‌وهه‌ر مه‌ولوود ناسراو به‌ (ئارا هه‌ولێری) ماوه‌یه‌كی زۆره‌ له‌ بواری هونه‌ری شێوه‌كاری و هونه‌ری (میناتۆر) وه‌كو هونه‌رمه‌ندێك كار ده‌كات، تا ئێستا به‌شداری له‌ (14) پێشانگای هاوبه‌شی كردووه‌، پێمان باش بوو بۆ زیاتر ئاشناكردنی خوێنه‌رانمان له‌ (ماڵپه‌ری كوردستان تیڤی) به‌ چه‌ندپرسیارێك به‌سه‌ری بكه‌ینه‌وه‌.

هه‌ڤپه‌یڤین- كامه‌ران حاجی ئه‌لیاس

* سه‌ره‌تا  ئه‌گه‌ر بكرێت باس له‌ كورته‌یه‌ك له‌ ژیانی هونه‌ری خۆتمان بۆ بكه‌یت.
- من ناوم (عبدالسمیع جوهر مولود) له‌ 1/10/1970 له‌ شاری هه‌ولێر - ئیسكان له‌ بنه‌ماڵه‌یه‌كی ئاینی هونه‌ری چاوم هه‌ڵهێناوه‌، هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای منداڵییه‌وه‌ چاوم به‌ زۆری هونه‌ره‌كان ئاشنابووه‌. 
به‌تایبه‌تی هونه‌ره‌كانی شێوه‌كاری له‌نێوان پێنج برای هونه‌رمه‌ند، له‌ (وێنه‌كێشان و خۆشنووسی و میوزیك و خوێندنه‌وه‌ و شیعر و ئه‌ده‌ب)، ئه‌وانه‌ هه‌مووی هۆكاربوون كه‌ منیش ئاشنای به‌شێك له‌ هونه‌ری شێوه‌كاری بم, له‌ ساڵی 1987 ده‌ستم به‌كاری دارتاشی كرد له‌گه‌ڵ كاك نه‌جات جه‌وهه‌ری برام كه‌ هه‌م هونه‌رمه‌ندێكی به‌توانا و كاری دارتاشییه‌كه‌شی زۆر هونه‌ری و ناوازه‌ بوو، له‌ ڕێگه‌ی ئه‌وه‌وه‌ توانیم ئه‌و پیشه‌یه‌ تێكه‌ڵ به‌م هونه‌ره‌ بكه‌م.
هونه‌ره‌كانی هه‌ڵكۆڵین و نیمچه‌ په‌یكه‌ر له‌سه‌ر دار، وه‌ له‌ بواری ئه‌كادیمیش ئاماده‌یی پیشه‌سازی به‌شی دارتاشیم ته‌واو  كرد, سه‌ره‌تای ده‌ستپێكردنم ئاره‌زووی لاسایی كردنه‌وه‌ی هه‌موو شتێكم هه‌بوو كه‌ به‌ بچووكی، بێ ئه‌وه‌ی بزانم كه‌ ئه‌م هونه‌ره‌ پێی ده‌ڵێن (میناتور) به‌رده‌وام هه‌وڵم ده‌دا توانای زیاتری خۆم نیشان بده‌م له‌ بچوككردنه‌وه‌. تا توانیم له‌ میانی موماره‌سه‌كردنم له‌م هونه‌ره‌ به‌ ناوه‌كه‌شی ئاشنابووم، له‌ ساڵی 2003 له‌ به‌شه‌كانی په‌روه‌رده‌ی پیشه‌یی به‌ مامۆستای پیشه‌یی دامه‌زرام كه‌ زۆر یارمه‌تی دام له‌ په‌ره‌پێدان و كاتی زیاتر كاركردنم، وه‌ بووه‌ هۆی به‌شداریكردنم له‌ چه‌ندین پیشانگای هاوبه‌ش له‌سه‌ر ئاستی هه‌ولێر و ئاستی هه‌رێمی كوردستان، وه‌ كردنه‌وه‌ی چه‌ندان خولی فێركردنی هونه‌ره‌كانی دارتاشی له‌ كه‌مپی ئاواره‌كانی سووری و عێراقی له‌ ڕێگه‌ی ڕێكخراوی ئینته‌رسووسی ئیتاڵی و چه‌ند خولێك بۆ مامۆستایانی پیشه‌یی وه‌ك مامۆستا. وه‌ تائێستاش به‌رده‌وامم له‌كاری هونه‌ری.

 *ئه‌گه‌ر بكرێت پێناسه‌یه‌كی هونه‌ری میناتۆر مان بۆ بكه‌یت. 
هونه‌ری میناتور (miniature)  - واتا زۆر بچووككردنه‌وه‌ یان وێنه‌ی بچووككراو، به‌پێی مێژوو ئه‌م هونه‌ره‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌  بۆ پێش زایین، وه‌ هه‌ندێك له‌ مێژوونووسان پێیانوایه‌ كه‌ میناتور به‌ پڕی مانایه‌كه‌یه‌وه‌ له‌سه‌رده‌می ساسانییه‌كان بووه‌. 
له‌ ڕێگه‌ی ئه‌م شوێنه‌واری كێشانی وێنه‌ی ڕاوشكار و په‌یكه‌ری بچووكی له‌ده‌ست دروستكراوی مرۆڤ و ئاژه‌ڵ و گۆزه‌ و دیزه‌ی جۆراوجۆر، میناتور ده‌كرێت له‌ هه‌موو بواره‌كانی شێوه‌ كاری و ده‌ستی كاری له‌سه‌ر بكرێت بۆ نموونه‌ په‌یكه‌رسازی، هه‌ڵكۆڵین، وێنه‌كێشان، دیزاین، سیرامیك, كاره‌ ده‌ستیان و زۆر بابه‌تی تر ته‌نانه‌ت له‌سه‌رده‌می زوو له‌ بچووككردنه‌وه‌ی كتێب كاری لێ كراوه‌.
هه‌وڵیانداوه‌ كه‌ كتێبێك به‌ نزیكه‌یی  25 جار له‌خۆی بچووكتر بكه‌نه‌وه‌، له‌ كۆتایی ده‌توانیین بڵێین میناتور به‌ مانای ئه‌وه‌ دێت كه‌ شێوه‌ی له‌ده‌ست دروستكراو بچووك بكرێته‌وه‌ بۆ چه‌ندینجار له‌خۆی بچووكتر.

 *به‌رێزتان جگه‌ له‌ هونه‌ری شێوه‌كاری له‌ بواری هونه‌ری میناتور كار ده‌كه‌یت ،چۆنییه‌تی ئاشنا بوونت به‌م هونه‌ره‌ مان بۆ باس بكه‌یت؟
- به‌ڵێ من هه‌ر له‌ بواری شێوه‌كاری دار كار له‌سه‌ر داتاشینی دار له‌ شێوه‌ی سریالی ده‌كه‌م كه‌ ئه‌ویشیان هونه‌رێكی جیاوازه‌ له‌ میناتور كه‌ داتاشینی په‌یكه‌رێك یان كێشانی وێنه‌یه‌كی ئاژه‌ڵێك یان مرۆڤێك جیاواز له‌ واقیعی خۆی یان شێوه‌یه‌كی نیمچه‌ خه‌یاڵی، ئه‌م وشه‌یه‌ له‌ زمانی فه‌ڕه‌نسی وه‌رگیراوه‌ به‌ مانای سه‌رووی ڕاستییه‌كان (فوق الواقع). كه‌ جوڵه‌یه‌كی ڕۆشنبیرییه‌ له‌ هونه‌ری نوێخوازی (الفن الحدیپ).

 *مێژووی هونه‌ری میناتور له‌ كوردستان بۆ كه‌ی ده‌گه‌رێته‌وه‌؟
- پێموایه‌ هونه‌ری میناتور مێژوویه‌كی كۆنی نییه‌ له‌ كوردستان. له‌وانه‌یه‌ له‌ دوای ساڵانی نه‌وه‌ده‌كان تاك تاكێك كاری لێ كرابێت. ڕه‌نگه‌ ئێمه‌ سه‌ره‌تایه‌ك بین له‌ ده‌ستپێكی ئه‌م هونه‌ره‌.

 *ئه‌و كه‌رستانه‌ی له‌ هونه‌ری میناتور به‌كاردێن چین؟
ئه‌م كه‌ره‌ستانه‌ی له‌م هونه‌ره‌ به‌كار دێت چه‌قۆی تاشین، شه‌فره‌ی بچووك و كارتیخی بچووك و سمارته‌ و زۆر كه‌ره‌سته‌ی تر له‌ بابه‌تی چه‌قۆ و شه‌فره‌ كه‌ بۆخۆمان دروستی ده‌كه‌ین به‌ بچووكی كه‌ له‌ كوردستان ده‌ست ناكه‌وێت.

 *پێشوازی بینه‌ران له‌ هونه‌ری میناتور له‌ چ ئاستێك دایه‌؟
- به‌ڕاستی ئاستی ئه‌م هونه‌ره‌ تاڕاده‌یه‌كی زۆر ڕاده‌به‌ده‌ر سه‌رنجی خه‌ڵك و بینه‌رانی ڕاكێشاوه‌، زۆرێك له‌ هونه‌رمه‌ندانیش هانی ئه‌وه‌م ده‌ده‌ن كه‌ به‌رده‌وام بم له‌ هونه‌ری بچوككراو (میناتور).

 *تا ئێستا به‌شداریی چه‌ند پیشانگای شێوه‌كاریت كردووه‌؟ 
- تائێستا به‌شداریم له‌ (14) پێشانگای هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ په‌روه‌رده‌ی پیشه‌یی كردووه‌ و (4) پێشانگا له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێم له‌ شاره‌كانی (هه‌ولێر، دهۆك، سلێمانی)م كردووه‌، و له‌ ساڵی 2007 له‌گه‌ڵ مامۆستای هونه‌رمه‌ندی سیرامیك سه‌ربه‌ست محه‌مه‌ده‌مین شێخه‌ بۆ یه‌كه‌مجار به‌بۆنه‌ی ساڵیادی دامه‌زراندنی یه‌كێتی مامۆستایانی كوردستان لقی هه‌ولێر هه‌ڵساین به‌ كۆكردنه‌وه‌ی زیاتر له‌ (35) هونه‌رمه‌ند و كردنه‌وه‌ی پێشانگایه‌كی هاوبه‌ش كه‌ خۆشمان به‌شداربوون به‌ چه‌ند به‌رهه‌مێك، وه‌ به‌شداریم له‌ چه‌ند پێشانگایه‌كی هاوبه‌ش به‌ به‌رهه‌مێك یان زیاتر، وه‌ له‌ پێشانگای كونسوڵخانه‌كانی له‌ كوردستان له‌ هۆڵی كونسوڵخانه‌ی زانكۆی چیكی، وه‌ دووا پێشانگای به‌شداریم تیا كرد له‌ سێپته‌مبه‌ری 2021 له‌ پێشانگایه‌كی هاوبه‌شی هونه‌رمه‌ندانی هه‌ولێر له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندانی به‌غدا سه‌ر به‌ كۆمه‌ڵه‌ی هونه‌ری مشكاتی عێراقی كرد، وه‌ له‌م ماوه‌یه‌ش به‌شداریم كرد له‌ پێشانگایه‌كی ئه‌لیكترۆنی له‌ لوبنان له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی به‌ به‌شداریی (160) هونه‌رمه‌ند له‌ هه‌موو وڵاتانی عه‌ره‌بی به‌ ناوی ئارت لوبنان، وه‌ له‌هه‌مانكاتدا بڕوانامه‌ی ڕێزلێنانم پێ به‌خشرا به‌سوپاسه‌وه‌.

*هه‌ماهه‌نگیتان له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندانی كوردستانی و عێراق له‌ چ ئاستێكدایه‌؟
- هه‌ماهه‌نگیم له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندانی كوردستان زۆر باشه‌ و له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندانی عێراقیش تاڕاده‌یه‌ك هه‌یه‌، هیوادارین  له‌ داهاتوو له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م هونه‌رمه‌ندانی جیهانیش هه‌بێت.

 *زیاتر حه‌ز له‌ نیگاركردنی تابلۆی هونه‌ری ده‌كه‌یت،یان له‌ تابلۆی میناتور؟
من له‌ڕاستیدا زیاتر حه‌ز له‌ داتاشینی دار له‌شێوه‌ی میناتور و سریالی ده‌كه‌م ،وه‌ك له‌ وێنه‌كێشان، وه‌ هه‌ست ده‌كه‌م كه‌ له‌م هونه‌ره‌دا زیاتر خۆم ده‌دۆزمه‌وه‌ و تیایدا سه‌ركه‌وتوو ده‌بم.

*ئێمه‌ زۆر سوپاسی به‌رێزتان ده‌كه‌ین بۆ ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ی به‌ ئێمه‌ت به‌خشی.
-له‌ كۆتاییدا هیوادارم هونه‌ری بچوككراو (میناتور) په‌ره‌ بسێنێ له‌ كوردستانیش بڵاو ببێته‌وه‌ به‌سه‌ر هه‌موو به‌شه‌كانی هونه‌ری شێوه‌كاری، وه‌ زۆر سوپاس بۆ ئێوه‌ی ئازیز بۆ ئه‌م به‌سه‌ركردنه‌وه‌یه‌ گرینگیدانتان به‌ هونه‌ری میناتور.

كوردستان TV

شێوه‌کاری

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.