Erbil 38°C پێنجشەممە 26 کانونی یەکەم 09:52

خۆپیشاندانه‌کانی کازاخستان.. هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی حکوومه‌ت و کاردانه‌وه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به‌دوای خۆیدا هێناوه‌

کوردستان TV
100%

 

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی پله‌كانی گه‌رما له‌ كازاخستان له‌ خوار سفری سه‌دییه‌، به‌ڵام شه‌قامه‌كانی ئه‌و وڵاته‌ ئاگریان لێ ده‌چێت و هاووڵاتییان دژی بڕیارێكی حكوومه‌ت ڕژاونه‌ته‌ سه‌ر شه‌قام، هه‌فته‌ی ڕابردوو حكوومه‌تی كازاخستان بڕیاری دا نرخی سووته‌مه‌نی به‌ تایبه‌ت به‌نزین به‌رز بكاته‌وه‌، له‌ 12 سه‌نته‌وه‌ بۆ 28 سه‌نت، بڕیاره‌كه‌ی حكوومه‌ت خۆپیشاندانی جه‌ماوه‌ری و كاردانه‌وه‌ی گه‌وره‌ی به‌دوای خۆیدا هێنا به ‌جۆرێك به‌ هۆی به‌ریه‌ككه‌وتنی خۆپیشانده‌ران و هێزه‌ ئه‌منییه‌كان، ده‌یان كه‌س بوونه‌ قوربانی و تا دێت ئالۆزییه‌كان زیاتر ده‌بن.

ئه‌گه‌رچی قاسم تۆکایێف سەرۆک كۆماری کازاخستان له‌ژێر گوشاری خۆپیشانده‌ران و بۆ هێوركردنه‌وه‌ی دۆخه‌كه‌ بڕیاری هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی كابینه‌ی حكوومه‌ته‌كه‌ی عەسکەر مەمینی سه‌رۆك وه‌زیرانی پەسەند کرد، هه‌روه‌ها جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی به‌ شێوه‌یه‌كی كاتی ڕاسپارد كاروباره‌كانی حكوومه‌ت ڕایی بكات و دواتریش له‌ وتارێكدا سه‌ره‌ڕای ڕاگه‌یاندنی باری نائاسایی له‌ وڵاته‌كه‌ی بۆ كاتێكی نادیار، رایگه‌یاند كه‌ پێداگیری له‌سه‌ر ته‌واوكردنی هه‌نگاوه‌كانی چاكسازی ده‌كاته‌وه‌، له‌ داهاتوویه‌كی نزیكیشدا پێشنیاری نوێ بۆ گۆڕینی چوارچێوەی سیاسیی وڵاتەکەی ڕادەگەیێنێت، داواكاری هاووڵاتییان بنه‌مای كاره‌كانی ده‌بێت.

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی باری نائاسایی ڕاگه‌یێندراوه،‌ به‌ڵام تادێت ڕیزی خۆپیشاندانه‌كان فراوانتر ده‌بن، به‌ تایبه‌ت له‌ پارێزگای مه‌گنیستاو له‌ شاری ئه‌ڵماتی كه‌ گه‌وره‌ترین ناوچه‌ی به‌رهه‌مهێنان و هه‌نارده‌كاری نه‌وته‌ له‌ كازاخستان و به‌ پایته‌خی ئابووری كازاخستان ناسراوه‌، خۆپیشانده‌ران له‌ شاری ئه‌ڵماتی هه‌ڵیانكوتاوه‌ته‌ سه‌ر باڵه‌خانه‌ی شاره‌وانی و تێرمیناڵی نێودەوڵەتی و چه‌ند دامه‌زراوه‌یه‌كی دیكه‌ی حكوومه‌ت.

میدیای فه‌رمی كازاخستانیش له‌ زاری به‌رپرسانی ئه‌منی وڵاته‌كه‌یان ڕایانگه‌یاندووه‌ كه‌ به‌شێك له‌ خۆپیشانده‌ران چه‌كیان هه‌ڵگرتووه ‌و‌ به‌ هۆی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان تا ئێستا 18 ئه‌ندامی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان كوژراون و 748 كه‌سی دیكه‌ش بریندار بوون.

له‌ به‌رامبه‌ردا جێگری وه‌زیری ته‌ندروستی كازاخستان ڕاگه‌یاندووه ‌تا ئێستا جگە لە کوژرانی دەیان خۆپێشاندەر، زیاتر لە هەزار کەس لە ناوچە جیاوازەکانی کازاخستان برینداربوون كه‌ 400 له‌وان لە نەخۆشخانە چارەسەرکران له‌وانه‌ 62 كه‌سیان دۆخی ته‌ندروستییان ناجێگیربووه‌ و له‌ژێر چاودێری چڕی پزیشكیدان.

بۆ ڕێگری له‌ خۆپیشاندانه‌كان، تۆکایێف سه‌رۆكی كازاخستان داوای له‌ ڕووسیا و هاوپه‌یمانه‌كانی (بیلاڕووس و ئەرمەنستان و تاجیکستان و قیرغستان) كرد هێزێكی ئاشتیپارێز به‌ شێویه‌كی كاتی بۆ نووڕسوڵتانی پایته‌ختی كازاخستان بنێرن به‌ مه‌به‌ستی  ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی گرووپه‌ تیرۆریسته‌كان، هه‌روه‌ها سه‌رۆكی كازاخستان سوپای هێناوه‌ته‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان و هێله‌كانی ئینته‌رنێت له‌ زۆربه‌ی شاره‌كانی كازاخستان پچڕاوه‌، له‌ چه‌ند ناوچه‌یه‌كیش هاتوچۆی نێوان شاره‌كان وه‌ستێنراوه‌، به‌ڵام هیچ كام له‌مانه‌ كاریگه‌ری نه‌بووه‌ له‌سه‌ر خۆپیشانده‌ران و خۆپیشاندانه‌كان به‌رده‌وامن.

خۆپیشاندانه‌كانی كازاخستان كاردانه‌وه‌ی نێوده‌وڵه‌تیشی به‌دوای خۆیدا هێناوه‌، به‌ جۆرێك سێرگی لاڤرۆڤ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ڕووسیا رایگه‌یاند "ئێمە پشتگیری چارەسەری ئاشتییانە بۆ كێشه‌كانی كازاخستان ده‌كه‌ین لە چوارچێوەی یاسایی و دەستووریدا، پێویسته‌ كێشه‌كان لە ڕێگەی دیالۆگەوە چاره‌سه‌ر بكرێن نه‌ك لە ڕێگەی ئاژاوەگێڕی و پێشێلکردنی یاساکانەوە".

لای خۆشییه‌وه‌ جۆزێپ بۆرێل سەرۆکی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی (توویته‌ر) ڕایگه‌یاند‌ "زۆر نیگه‌رانین له‌و نائارامییه‌ی كه‌ له‌ كازاخستان ڕوو ده‌دات و پێویسته‌ مافی هاووڵاتییانی مه‌ده‌نی پارێزراو بێت و هه‌موو ده‌ستێوه‌ردانه‌ سه‌ربازییه‌كان بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ ناوخۆییه‌كانی كازاخستان ڕه‌ت ده‌كه‌ینه‌وه"‌.

هه‌روه‌ها نید پرایس گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئه‌مریكا ڕایگه‌یاندووه‌ كه‌

ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا دوێنێ پێنجشه‌م بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ موختار تەلیوبێرد هاوتا کازاخییەکەی کردووە و پشتگیری تەواوی ئەمریکا بۆ دامەزراوە دەستوورییەکانی کازاخستان ده‌ربڕیوه ‌و هه‌روه‌ها داوای چارەسەری ئاشتییانەی کرد بۆ ئەو نائارامییەی كه‌ هه‌یه و داواشی كرد رێز له‌ مافی مرۆڤ بگیرێت.

ئاماده‌كردنى: یاد سرێشمه‌یی

 

 

 

 

 

هه‌واڵ

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.