ھێزەکانی ئاژانسی ھەواڵگریی و لێکۆڵینەوەی فیدراڵیی سەربە وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە میانی ئۆپەراسیۆنێکدا، بەناو بەرپرسی شەرعیی داعشیان لە پارێزگای بەغدا ناوەڕاستی ئەو وڵاتە، دەستگیر کرد.
شانەی راگەیاندنی ئەمنی سەربە نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە کە پشت بەستن بە زانیارییە ھەواڵگرییەکان، ھێزەکانی ئاژانسی ھەواڵگریی و لێکۆڵینەوەی فیدراڵیی سەربە وەزارەتی ناوخۆ لە میانی ئۆپەراسیۆنێکدا، تیرۆریستێکی داعشیان لە بەغدا دەستگیرکردووە.
باس لەوەش کراوە، تیرۆریستە دەستگیرکراوەکە کە بەپێی ماددەی چواری تیرۆر داواکرابوو، بەناو بەرپرسی شەرعیی کەرتی باشووری کەرخ سەربە رێکخراوی تیرۆریستیی داعش بووە، ھەروەھا لە ساڵی 2016دا لەبەناو دیوانی حوسبە لە کەرتی نەینەوا سەربە داعش چەکدار بووە.
لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەیش خراوەتەڕوو کە برایەکی تیرۆریستە دەستگیرکراوەکە بەتاوانی تیرۆر لە ساڵی 2014دا، لەسێدارەدراوە و برایەکی دیکەیشی لە ماوەکانی رابردوودا، خۆی بە ھێزەکانی ھاوپەیمانان تەقاندووەتەوەوە، ھەروەھا برایەکی دیکەیشی بەتاوانی تیرۆر بە زیندانیکردنی ھەتاھەتایی سزادراوە و برایەکی دیکەیشی کە لەئێستادا ھەڵاتووە و سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرکراوە لە بەناو فیرقەی فورقان عەین جالوت سەربە داعش، چەکدارە و ھاتووە: رێوشوێنی یاسایی لەبەرامبەر تیرۆریستە دەستگیرکراوەکە گیراوەتەبەر.
بهغدا.. بەرپرسی شەرعی داعش دهستگیرکرا
100%
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.