Erbil 38°C یەکشەممە 17 تشرینی دووەم 10:57

ناکۆکی نێوان ئه‌مریکاو رووسیا له‌ باره‌ی ئۆکرایناوه‌ به‌ کوێ ده‌گات ؟

ئەڵمانیا ناڕازییه‌ لە سەپاندنی سزای ئابووریی
کوردستان TV
100%

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئەنتۆنی بلینکن و وەزیری دەرەوەی ئۆکراینا، دمیترۆ کوڵیبا گفتوگۆیان کرد لەبارەی ئەنجامەکانی دیالۆگی ستراتیجیی ئەمریکا-رووسیا کە لە جنێڤ بەڕێوەچوو لەگەڵ ئەو هەنگاوانەی دەگیرێنە بەر دژبە رووسیا بەرلە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ناتۆ-رووسیا کە لە بڕۆکسل ساز دەکرێت.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، نێد پرایس لە لێدوانێکیدا ئاماژەی بەوە کرد کە بلینکن و کوڵیبا پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجامداوە.

نێد پرایس رایگەیاند: ''وەزیرەکان ئاماژەیان بە نیگەرانییە هاوبەشەکان کرد سەبارەت بە بەردەوامی گردبوونەوەی ناپێویستی سەربازیی رووسیا لە ئۆکراینا و دەورووبەریدا، ئەنجامەکانی دیالۆگی ستراتیجیی ئەمریکا-رووسیایان تاوتوێ کرد کە لە جنێڤ بەڕێوەچوو لەگەڵ ئەو هەنگاوانەی دەگیرێنە بەر دژبە رووسیا بەرلە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی ناتۆ-رووسیا کە لە بڕۆکسل ساز دەکرێت''.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا باسی لەوە کرد کە ئەنتۆنی بلینکن باسی لە چاوەڕوانییەکانی کردووە سەبارەت بە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی هەمیشەیی رێکخستنی هاریکاریی و ئاسایشی ئەورووپا کە لە 13ی کانوونی دووەمدا لە ڤیەننا بەڕێوەدەچێت، هەروەها پشتیوانی خۆی بۆ پێشوەچوونی دیپلۆماسیی دووپات کردەوە و ئاماژەی بەوە کرد کە بەبێ ئۆکراینا هیچ کۆبوونەوەیەکی گرنگ لەسەر ئۆکراینا ناکرێت''.

گوتیشی: ''بلینکن دووپاتی کردەوە کە ئەگەر رووسیا پەنا بەرێت بۆ هەڵکشانی ناکۆکییەکان، ئەوا ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی ئامادەن خەرجییەکی گەورە بهێننە سەر ئابووریی رووسیا و ئامادەن دەوڵەتانی هێڵی پێشەوەی ناتۆ بەهێز بکەن و هاوکاری بۆ ئۆکراینا لەڕووی بەرگریی زیاد بکەن''.

لەلایەکی دیکەوە، راوێژکاری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ڤیکتۆریا نولاند لە میانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا لە بارەگای وەزارەتی دەرەوە، رووسیای تۆمەتبار کرد بە هەڕەشەکردن لە ئۆکراینا و زیان گەیاندن بە سەقامگیریی ئەورووپا.

ڤیکتۆریا نولاند هۆشداری دا بە مۆسکۆ لەبارەی هەر هەوڵێکی سەربازیی بۆسەر ئۆکراینا و باسی لەوە کرد کە ئەگەر رووسیا گرژیی کەم نەکاتەوە، ئەوا ئەمریکا لەگەڵ هاوپەیمانە ئەورووپیەکانیدا ئامادەیە باجی ئابووریی گەورە بە رووسیا بدات.

راوێژکاری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ڤیکتۆریا نولاند لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی ئەوەی رەنگە ژمارەیەک لە وڵاتانی ئەورووپا، بەتایبەتی ئەڵمانیا ناڕازی بن لە سەپاندنی سزای ئابووریی بەسەر ڕووسیادا گوتی: ''ئێمە زۆر متمانەمان بەو راوێژانە هەیە کە لەگەڵ هاوپەیمان و هاوبەشەکانمان کردومانە. نزیکەی دوو مانگ و نیوە لە سەرۆکەوە دەستمان بەوە کردووە و لە هەموو ئاستەکاندا کاری لەسەر دەکەین. بەدڵنیایییەوە وەک ئاماژەم پێ کرد، ئەوانە لە چوارچێوەیەکی فراواندا گفتوگۆیان لەسەر دەکەین بۆ سازانێکی هاوبەش''.

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.