ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا پەیوەندیی و هەماهەنگیی لەگەڵ حکوومەتی فیدڕاڵی لە بواری بەرگریی و ڕووبەڕووبونەوەی تیرۆر و بودجە و چاودێریی داراییدا برەو پێ بدات.
ئەمڕۆ چوارشەممە بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەدا، شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە و ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ، ڕاپۆرتێکیان دەربارەی دوا هەنگاوەکانی هەماهەنگیی و هاریکاری نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی سەبارەت بە پێکهێنانی هێزی هاوبەش و دابینکردنی پێداویستییەکانی پێشمەرگە و پلانی هاوبەشی ڕووبەڕووبونەوەی هێرشەکانی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش خستەڕوو.
وەزیری پێشمەرگە باسی لە بەرەوپێشچوونەکانی گواستنەوەی هێزەکانی پشتیوانیی و یەکەکانی دیکەی هێزەکانی پێشمەرگەی بۆ سەر وەزارەتی پێشمەرگە کرد، ئەنجوومەنی وەزیران سەرەڕای دەستخۆشی لە هەردوو وەزارەت، جەختی کردەوە لە سەر بەردەوامبوون لە پەرەپێدانی زیاتری هەماهەنگیی لەگەڵ حکوومەتی فیدڕاڵیی و تۆکمەکردنی ڕیزەکانی هێزی پێشمەرگە و بەردەوامی ڕێکخستنەوەی گشت یەکەکانی هێزی پێشمەرگە لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا.
پاشان سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی و هەروەها وەزیری ناوخۆ باسیان لە ئامادەکارییەکانی وەزارەتە پەیوەندیدارەکان کرد دەربارەی ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا و بەتایبەتی دوای دەرکەوتنی چەند کەیسێکی ڤایرۆسی ئۆمیکرۆن لە دهۆک، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیارەکانی دوا کۆبوونەوەی لێژنەی باڵای ڕووبەڕووبونەوەی کۆڕۆنای پەسەند کرد و جەختیش لەسەر برەودان بە هەڵمەتەکانی وەرگرتنی ڤاکسین لە وادەی دەستنیشانکراو و بایەخی بەستنی ماسک لە لایەن هاووڵاتییانەوە کرایەوە بە تایبەتی لە شوێنە گشتی وخزمەتگوزارییەکان لە پێناوی پاراستنی تەندروستی گشتی وبەرگرتن لە تەشەنەکردن و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە.
ئینجا خالد چاوشلی سەرۆکی دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی کوردستان ، ڕاپۆرتێکی دەربارەی بەرەوپێشچوون و دەرئەنجامی کاری تیمی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێری دارایی حکوومەتی فیدڕاڵ و حکوومەتی هەرێم سەبارەت بە جێبەجێکردنی پابەندییەکانی هەردوو حکوومەتی فیدڕاڵ وهەرێم بە گوێرەی یاسای بودجەی عێراقی فیدڕاڵ بۆ ساڵی 2021 خستەڕوو، ئەنجوومەنی وەزیران سەرەڕای دەستخۆشی لە هەوڵەکانی دیوانی چاودێریی دارایی، وەزیرەکانی ڕاسپارد کە برەو بدەن بە هەماهەنگیی و پەیوەندی لەگەڵ هاوتاکانیان لە حکوومەتی فیدڕاڵی و داواشیان لێ کرا پەلە بکەن لە جێبەجێکردنی گشتاندنی وەزارەتی دارایی و ئابووری بۆ ئامادەکردنی میزانی پێداچوونەوەی سەرتاسەریی گشت یەکە ژمێریاریەکانی حکوومەتی هەرێم بۆ ساڵی 2021 لە ماوەیەکی دیاریکراودا تا بخرێتە بەردەم تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێریی دارایی بە جۆرێک شەفافانە داهات و خەرجییەکانی هەرێمی کوردستانی لەخۆگرتبێت،پێویستە وەزارەتەکان لەمبارەیەوە ئەرکی خۆیان جێبەجێ بکەن وهاوکاریی وهەماهەنگیی تەواو لەگەڵ دیوانی چاودێریی دارایی بکەن.
لە هەمانکاتدا ئەنجوومەنی وەزیران، وەزارەتی دارایی وئابووری ڕاسپارد بە هەماهەنگیی لەگەڵ دیوانی چاودێریی دارایی هەرێم، پێداچوونەوە بکەن بە یاسا و ڕێنمایی و پسووڵە وئيستیمارە و بەڵگەنامەکانی دیکەی کارپێکراو لە بواری دارایی و ژمێریاریی گشتی و نوێکردنەوەیان بەپێی پێوەرە هاوچەرخەکانی ئەو بوارە، تا هاوتابێت لەگەڵ سیستەمی دارایی کارپێکراو لە حکوومەتی فیدڕاڵیی بە ڕەچاوکردنی دەسەڵاتە دەستووریەکان، لە هەمانکاتیشدا بواری پڕۆسە ومامەڵە داراییەکان بە شێوەیەکی هاوچەرخانە ڕێکبخرێنەوە، دوور لە ڕووتین و بە فیڕۆدانی کات و توانا، وەک هەنگاوێکیش بۆ برەودان بە شەفافیەت لە بواری دارایی گشتی و سوود وەرگرتن لە تەکنەلۆجیا لە ڕاییکردنی مامەڵە داراییەکان و دوورکەوتنەوە لە شێوازە کلاسیکیە کارپێکراوەکان.
بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکە بریتی بوو لە خستنەڕووی پێشنیاری وەزارەتی کارەبا تایبەت بە درێژکردنەوەی کارکردن بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران ژمارە ( 117) لە ڕێکەوتی 2021/10/27 سەبارەت بە داشکاندنی ڕێژەی %15 لە قەرزی کرێی کارەبا و سزاکانی دواکەوتن و سەرپێچی کارەبا بۆ سەرجەم هاوبەشانی تۆڕی نیشتمانیی کارەبا لە هەرێمی کوردستان لە گشت سێکتەر و بوارەکاندا کە لە لایەن کەمال محەمەد ساڵح وەزیری کارەبا خرایەڕوو. ئەنجوومەنی وەزیران پێشنیاری وەزارەتی کارەبای پەسەند کرد کە ڕێژەی داشکاندنی %15 تا کۆتایی مانگی 2ی ئەمساڵ درێژ بکرێتەوە.
پاشان ئەنجوومەنی وەزیران پێشنیاری ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری پەسەند کرد بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران تایبەت بە لێخۆشبوونی ڕێژەی %15 بۆ هاوبەشانی خزمەتگوزاریی ئاو لە هەرێمی کوردستان، بە مەرجێک تەواوی قەرزی کەڵەکەبووی پێشوو بدەن و ئەم بڕیارەش تا کۆتایی مانگی شوباتی ئەمساڵ کاری پێ دەکرێت. لە هەمانکاتدا ئەنجوومەنی وەزیران گشت وەزارەتەکانی ڕاسپارد کە بۆ کۆبوونەوەی داهاتوو، پێشنیارەکانی خۆیان ئامادە بکەن بۆ هەموو ئەو ئاسانکارییانەی کە لە ڕووی یاساییەوە دەتوانرێت پێشکەش بکرێت بۆ هاندان و ئاسانکاریی بۆ هاووڵاتیان بۆ گەڕانەوەی ئەو پابەندییە داراییانەی لە ئەستۆيانە بەرامبەر بە حکوومەت.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا ئەنجوومەنی وەزیران پێشنیاری ئەنجوومەنی باڵای خانمانی سەبارەت بە گۆڕینی ناوی ئەنجوومەنەکە بۆ ئەنجوومەنی باڵای خانمان و گەشەپێدان پەسەند کرد.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.