لە شاری سلێمانی بەهۆی تەمەوە مەودای بینین لە هەندێك ناوچەدا بۆ 25 مەتر کەم بووەتەوە.
بەهۆی نزمە پاڵەپەستۆیەکی هەواوە، ماوەی دوو رۆژە بارانێکی بەخوڕ شاری سلێمانی و دەورووبەری گرتۆتەوە و پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆش تەمێکی زۆر بە دامێنی شاخی گۆیژەوە دەردەکەوێت، هاوکات چەند گەڕەکێک کەوتوونەتە ژێر کاریگەریی ئەو تەمەوە و هاتوچۆ ئاستەم بووە، بۆ بەرگرتن لە رووداوی هاتوچۆ، تیمەکانی پۆلیسی هاتوچۆ ناوبەناو دەورییە ئەنجام دەدەن .
تەمەکە لە پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆوە دەستی پێ کرد و بەشێوەیەکی نەرێنی کاریگەری لەسەر ژیانی هاووڵاتییان و بەتایبەت هاتوچۆی شۆفێران دروست کرد.
لە هەندێک ناوچە مەودای بینین بۆ 25 مەتر کەمبووەوە و تەم تەواوی بینا وشەقامەکانی داپۆشی بوو.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی بەڕێوبەرایەتیی کەشناسیی بڵاوی کردوونەتەوە، ئەمڕۆ نزمترین پلەی گەرما 4 پلەی سیلیزی و بەرزترین پلەی گەرماش 9 پلە دەبێت.
لەلایەکی ترەوە باران و رەهێڵە چەند شارێکی هەرێمی کوردستانی گرتەوە و شاری سلێمانی-یش بێبەش نەبوو لەو بارانە بەخوڕە کە بەهۆیەوە لە هەندێک ناوچە ئاستەنگی بۆ شۆفێران دروست کردبوو.
هاووڵاتییانیش بە گوێدانە رێنماییەکانی هاتوچۆ، جوڵەی ئۆتۆمبێلیان کەمکردبوویەوە تاوەکو بەدووربن لە هەرجۆرە رووداوێکی هاتوچۆ.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.