ئهمڕۆ چوارشهم لیژنەی لێکۆڵینەوەی هۆکارى دروستبوونى لافاو لە شارى هەولێر كۆ بووهوه و تێیدا جهخت كرایهوه كه ئیجرائاتی توند بهرامبهر زێدهڕۆ و پڕۆژهكانی گۆڕینی ڕێڕهوی ئاو دهگیرێتهبهر.
دواى فەرمانى مەسرور بارزانى سەرۆکى حکوومەتى هەرێمى کوردستان بۆ پێکهێنانى لیژنەیەکى لێکۆڵینەوە سەبارەت بە هۆکارى دروستبوونى لافاو لە شارى هەولێر و دەستنیشانکردنى ڕێگاچارە بۆ بەرگرتن و دووبارە نەبوونەوەى لافاو و ئامادەکردنى ڕاپۆرت لەلایەن لیژنەى ناوبراو و پەسندکردنى لەلایەن جەنابى سەرۆکى حکوومەتى هەرێمى کوردستان، ئێوارەى ئەمڕۆ چوارشەم بەئامادەبوونى ساسان عەونى وەزیرى شارەوانى و گەشتوگوزار و ئومێد خۆشناو پارێزگارى هەولێر و د. محەمەد شوکرى سەرۆکى دەستەى وەبەرهێنان و سەرۆک و ئەندامانى لیژنە لە دیوانى پارێزگای ههولێر کۆبوونەوەیەکى تایبەت بە گرتنەبەرى ڕێوشوێن و میکانیزمى پێویست بۆ جێبەجێکردنى بڕیار و ڕاسپاردە و پێشنیارەکانى ڕاپۆرتى لیژنەکە ئەنجام درا.
لە کۆبوونەوەکەدا، تەواوى لایەنە پەیوەندیدارەکان ڕاسپێردران لە بەیانییەوە سەرجەم خاڵەکانى ڕاپۆرتى لیژنەى ناوبراو سەبارەت بە هۆکارى دروستبوون و گرتنەبەرى ڕێوشوێنى پێویست بۆ دووبارە نەبوونەوەى لافاو لە شارى هەولێر و چارەسەرکردنى كهمتهرخهمی و کێشەكان کە بوونەتە هۆکارى دروستبوونى لافاوە جێبەجێ بکرێت و ئیجرائاتى پێویست دەرهەق بە هەموو ئەوانە بگیرێتەبەر کە دهستدرێژی و زێدەڕۆییان كردۆتە سهر رێڕهوی ئاو، یان بهشێوهیهك لە شێوەکان پرۆژهكانیان لەسەر ڕێڕەوى ئاو جێبهجێ كردووە و بوونەتە هۆکارى دروستبوونى ئەو کارەساتە و ئەو ڕووداوە نەخوازراوەى لێکەوتۆتەوە.
جێی باسه مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان له كاتی ڕوودانی لافاوهكهی شاری ههولێر لە دیوانى پارێزگا، سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی تایبەتی بە کارەساتی لافاوەکەی هەولێر کرد و لە کۆبوونەوەکەدا وێڕاى ئەوەى لە نزیکەوە بەدواداچوونى بۆ ڕێکارەکان و پێشکەشکردنی فریاگوزاری و بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکە و زانینی قەبارەی زیانەکان کرد، فهرمانیشی كرد لیژنەیەکى لێکۆڵینەوە تایبەت پێکبهێنرێ بۆ دەستنیشانکردنى کەموکوڕى و كهمتهرخهمییەکان و چارەسەرکردنى ئەو شوێن و کەندانەى کە دەستکاری و زێدەڕۆییان کراوەتە سەر و بوونەتە هۆکارى دروستبوونى لافاو و گرتنەبەرى ڕێوشوێنى پێویست بۆ دووبارە نەبوونەوەى لافاو لە شارى هەولێر.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.