سەلیمە موکانسانگا، ژنە وەرزشکارێکی رواندایە کە توانیویەتی بگاتە ئاستی ناوبژیوانی تۆپی پێ و بە ناوبژیوانیکردنی یاریی نێوان گینیا و زیمبابوی ناوی چووە مێژووەوە.
بەم شێوەیە سەلیمە موکانسانگا بووە یەکەم ژن لە مێژووی جامی نەتەوەکانی ئەفریقادا کە ناوبژیوانی رووبەڕووبوونەوەکانی تۆپی پێی کردبێت.
پێشتریش ئەو ژنە ناوبژیوانە لە 10ی کانوونی دووەمدا، ناوبژیوانی یاریی نێوان گینیا-مالاوی کردبوو.
ناوبراو دەربارەی ئەم سەرکەوتنەی رایگەیاند "پێویستە تواناکانمان نیشانی جیهان بدەین. ئێمە دەتوانین بە سەرکەوتوویی یارییەکانی تۆپی پێی پیاوان بەڕێوەببەین. یاسای یارییەکان بۆ هەمووان وەک یەکە. کاری ناوبژیوانی هەلێکی گەورەیە بۆ ژنان. دەمەوێت ژنانی دیکەش پشتیوانی من بکەن و بەخێرایی ژمارەی ژنە ناوبژیوانەکان لە جیهاندا زیاد بکەن".
سەلیمە موکانسانگا لە ساڵی 1988دا لە ناوچەی رووسیزیی وڵاتی رواندا لەدایکبووە و لە زانکۆی گیتوە بەشی پەرستاری خوێندوە، سەرەتا هەوڵێکی زۆری داوە بۆ ئەوەی ببێتە یاریزانی باسکە، بەڵام بەهۆی نەبوونی ژمارەی پێویستی یاریزانانی ئافرەتەوە نەیتوانیوە ئەم خەونەی بەدیبهێنێت.
دواتر رووی کردووەتە کاری ناوبژیوانی و ناوبژیوانی بۆ یارییەکانی قوتابخانەکەی کردووە، ئەمەش یەکەم هەنگاوی بووە بۆ ئەم پیشەیە و لە ساڵی 2018ەشەوە ناوبژیوانی یارییەکانی پاڵەوانێتییەکان دەکات.
ژنە ناوبژیوانێک یارییەکانی جامی ئەفریقا بەڕێوەدەبات
100%
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.