وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە ڕوونکردنەوە دەدات لەسەر داڕمانی تونێلی ماوەران و دەڵێت، بەدواداچوونی تەکنیکی کراوە و مەترسی داڕمانی نییە.
وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ هەینی ڕایگەیاند: ماوەیەکە لە هەندێک سایت و کەناڵى ڕاگەیاندن هەواڵێک بڵاوکراوەتەوە کە گوایە تونێلى ماوەران لە نزیک قەزاى شەقڵاوە درزێکى لێ دروستبووە، لێرەوە ڕایدەگەیەنین دواى ئەوەى بەدواداچوونى تەکنیکى کرا بۆ بابەتەکە ، بابەتەکە بەو شێوازەنییە کە باسکراوە.
ڕاشیگەیاند: تونێلی ماوەران کە بڕگەیەکە لە پڕۆژەی دروستکردنی جووت سایدی کۆڕێ- شەقڵاوە- قەندیل، بە درێژی 935م پێک هاتووە لە 2 سایدی چوون و هاتنەوە، گشت بڕگەکانی شارستانی لەناو تونێڵەکە تەواو بووە، ئەوەی کە ماوە تەنها بڕگەکانی ئیلیکترۆمیکانیکی و کارەبایی ناوەوە ماوە، دیواری دەرەوەی تونێڵەکە بە چینی BRC و Shotcrete ڕووکەش کراوە بۆ پاراستنی ڕێگەکە لە ئەگەری کەوتنە خوارەوەی خۆڵ و بەردی سەرەوە.
ئەوەشی خستۆتەڕوو "ئێستاش کۆمەڵێک گیروگرفت دروستبووە لە پۆڕتاڵی دیواری دەرەوە، وەکو کەوتنی چەند شوێنێک لە لاشانەکان یاخود بوونی چەند درزێک لە دیوارەکە ئەویش تەنها چینی ڕووپۆشی دیوارەکەی دەرەوەیە و هیچ پەیوەندییەکی بە خودی تونێلەکەوە نییە کە ئەو کەموکوڕیانەی دروستبوون لە ئەنجامی ڕاوەستان و کارنەکردن لە پڕۆژەکەدا کە ماوەی 6 ساڵە ڕاوەستاوە لەبەر قەیرانی دارایی و خەرجنەکردنی شایستە داراییەکانی بەڵێندەر".
ڕوونیشی کردەوە "پارساڵ لەسەر داوای هاتووچۆی هەولێر و لەسەر فەرمانی پارێزگای هەولێر بە مەبەستی کەمکردنەوەی بەشێک لە ترافیکی سەر قەزای شەقڵاوە بەتایبەتی ڕۆژانی پێنجشەممە و هەینی کە خەڵک بۆ گەشت سەردانی ناوچەکانی سەرەوەیان دەکرد ئەم ڕێگەیە کرایەوە، هەرچەندە ڕێگەکە و تونێڵەکە تەواو نەکراون و پڕۆژەکە وەستاوە و هاتووچۆ پێیدا پەسەند و گونجاو نییە.
ئاماژە بەوەشکراوە پڕۆژەکە بە گشتی لە 86٪ی گشت کارەکان تەواو بووە، هەروەها بەرپرسیاریەتی پڕۆژەکە لە تەواوکردن و چاککردنەوەی هەر کەموکوڕیەک لە ئەستۆی کۆمپانیای جێبەجێکارە لە داهاتوودا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.