وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان بەمەبەستی پاراستنی سەلامەتی گیانی مامۆستایان و قوتابییان بۆ ماوەی هەفتەیەک پشووی ڕاگەیاند.
ئالان حەمە سەعید وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ شەممە ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە تێیدا هاتووە "لەسەرجەم ناوەندەکانی خوێندنی حکوومی و ناحکوومی پشوو دەبێت تا ڕۆژی یەکشەممە 30ـی 1ـی 2022".
دەقی ڕاگەیەنراوەکەی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان:-
بەمەبەستی پاراستنی سەلامەتی گیانی مامۆستایان و قوتابیيان لە دابەزینی پلەکانی گەرمی پاش هەڵسەنگاندنی ( وەزارەتی گواستنەوە وگەیاندن / بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێم، بریارماندا بە:-
1- لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندنی ( حکوومی - ناحکوومی ) پشوو دەبێت تا رۆژی یەکشەممە 30ی 1ی 2022 واتا رۆژی یەکشەممە پشوو دەبێت.
2- ئەو هەڵسەنگاندن و تاقیکردنەوانەی وەرزی یەکەم کە ئەنجام نەدراون لە رۆژی دووشەممە 31ی 1ی 2022 دەست پێ دەکرێتەوە، کارگێری ناوەندەکانی خوێندن خشتەی ئەو تاقیکردنەوانەی کە ماون بۆ قوتابییان رادەگەیەنن بەمەرجێک بەیانییان لەکاتژمێر 9:30 ی بەیانی دەست پێ بکات، پاش ئەنجامدانی ئەو تاقیکردنەوانەی کە ماون خوێندنی وەرزی دووەم دەست پێ دەکات .
3- قوتابخانەکانی (سابیس) و (نێودەوڵەتییەکان) و ( بیانییەکان ) کە پرۆگرامی تایبەتیان هەیە دەتوانن تا وادەی ئاماژەپێکراو بە شێوازی خوێندنی ئۆنلاین بەردەوام بن.
4- ئەنجوومەنی وەزارەتی پەروەردە بۆ قەرەبووکردنەوەی ماوەی لەدەستچوو، ساڵنامەی خوێندن هەموار دەکاتەوە.
ئالان حەمە سعید
وەزیری پەروەردە
22ی 1ی 2022
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.