وەزیری پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان هاوشان لەگەڵ بریکاری وەزارەت لەگەڵ بەرپرسی میحوەڕەکان کۆبووەوە و له كۆبوونهوهكهدا جەختی کردەوە لەسەر ساز و ئامادەیی بەردەوامی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لەبەرامبەر مەترسییەکانی تیرۆر و تیرۆریستان.
شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان هاوشان لەگەڵ سەربەست لەزگین بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە لەگەڵ بەرپرسی میحوەڕەکان کۆبووەوە و وەزارەتی پێشمەرگەش ڕاگەیەنراوێکی لەمبارەیەوە بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە "بەرپرسی میحوەڕەکان پوختەیەکیان لەسەر دۆخی میحوەڕەکان و پێداویستییە هەنووکەییەکان خستەڕوو، وەزیری پێشمەرگە و ستافی باڵای وەزارەتیان دڵنیا کردەوە لە تۆکمەیی و توندوتۆڵی سەنگەرەکانی پێشمەرگە و ساز و ئامادەیی و بەردەوامیان".
وەزیری پێشمەرگە ڕایگەیاند: هەنگاوەکانی ڕیفۆرمی سەربازی لە وەزارەت لەگەڵ هاوکاری و هەماهەنگییەکانی هاوپەیمانان، دەخوازێت کار بکرێت بە ئاراستەی ڕێکخستنەوەی تەواوی هێزەکان لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگەدا.
ڕاشیگەیاند: چاو کراوەتر بە بەرنامە و تەکنیکی نوێی جەنگی ڕووبەڕووی تیرۆریستانی داعش ببنەوە، لە تێکشکان و ڕاوەدوونانیان بەردەوام بن.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا "داوای کرد زیاتر پابەندی ڕێسا و ڕێکارە سەربازییە نوێییەکان بن و جەختیشی کردەوە چاوپۆشی لە هیچ کەمتەرخەمییەک ناکەین و پرەنسیپی پاداشت و سزا پەیڕەو دەکەین".
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.