Erbil 38°C یەکشەممە 17 تشرینی دووەم 05:28

ئه‌مه‌ریکا ئاماده‌یی خۆی بۆ گفتوگۆی ڕاسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ ئێران نیشان دا

کوردستان TV
100%

 

ئه‌مه‌ریكا ئه‌مڕۆ دووشه‌م ئاماده‌یی خۆی نیشان دا بۆ گفتوگۆی ڕاسته‌وخۆ و به‌په‌له‌ له‌گه‌ڵ ئێران سه‌باره‌ت به‌ دۆسییه‌ی ڕێككه‌وتنی ئه‌تۆمی.

ئاژانسی (فرانس پرێس) له‌سه‌ر زاری به‌رپرسێكی باڵای ئه‌مه‌ریكا گواستییه‌وه‌ كه‌ گوتوویه‌تی: واشنتۆن ئاماده‌یه‌ بكه‌وێته‌ گفتوگۆی راسته‌وخۆ و به‌په‌له‌ له‌گه‌ڵ تاران، بێ ئه‌وه‌ی ئاماژه‌ به‌ كات و شوێنی كۆبوونه‌وه‌كان بكات.

ئه‌م لێدوانه‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌كاتێكدایه‌ كه‌ حوسێن ئه‌میر عه‌بدولهیان وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران چه‌ند ڕۆژێك پێش ئێستا ڕایگه‌یاندبوو كه‌ وڵاته‌كه‌ی ئاماده‌یه‌ گفتوگۆكانی له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا ده‌ست پێ بكاته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌نه‌ ڕێككه‌وتنێكی نوێ له‌سه‌ر دۆسییه‌ی ئه‌تۆمی.

له‌ نیسانی ساڵی ڕابردووه‌وه‌ كۆبوونه‌وه‌كانی ڤییه‌نا به‌ سه‌رپه‌رشتی یه‌كێتی ئه‌وروپا بۆ دۆزینه‌وه‌ی ڕێگه‌چاره‌ی دۆسییه‌ی چه‌كی ئه‌تۆمی ئێران ده‌ستی پێ كردۆته‌وه‌ دوای ئه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا به‌ فه‌رمانی سه‌رۆكی پێشووی دۆناڵد تره‌مپ له‌ ساڵی 2018 له‌ ڕێككه‌وتنه‌كه‌ هاتبووه‌ ده‌ره‌وه‌، دوای ئه‌وه‌ش سزا و ئابلووقه‌كانی سه‌ر ئێران توندتر كرابوونه‌وه‌.

ئێران گفتوگۆی له‌گه‌ڵ ڕووسیا و چین و به‌ریتانیا و فڕه‌نسا و ئه‌ڵمانیا به‌رده‌وام هه‌یه و نه‌پچڕاندووه‌‌، له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌ ئه‌مه‌ریكا تا ئێستا به‌ دووره‌په‌رێزی به‌شداریی گفتوگۆكان ده‌كات بێ ئه‌وه‌ی ڕاسته‌وخۆ په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئێران ببه‌ستێ.

جێی باسه‌ ئێران له‌ ماوه‌ی ڕابردوودا هه‌میشه‌ ڕه‌تی ده‌كرده‌وه‌‌ كۆبوونه‌وه‌ی ڕاسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ جۆ بایدنی سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا ئه‌نجام بدات به‌رله‌وه‌ی سه‌رجه‌م ئابلووقه‌ ئابوورییه‌كانی سه‌ریان لاببات، له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌ ئه‌مه‌ریكا پێداگیری له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كرده‌وه‌ كه‌ ڕێككه‌وتنه‌كان ده‌بێت هه‌نگاو به‌ هه‌نگاو بچنه‌ پێشه‌وه‌.

 

 

 

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.