Erbil 38°C یەکشەممە 17 تشرینی دووەم 05:23

رێکخراوی ته‌ندروستیی جیهانی : گۆڕاوی ئۆمیکرۆن دوایین گۆڕاوی ڤایرۆسی کۆرۆنا نییه‌

ئەگەری دەرکەوتنی گۆڕاوێکی کوشندەتر زۆر راستەقینەیە
کوردستان TV
100%

تێدرۆس ئەدهانۆم گێبرێیسس ، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی رێكخراوی ته‌ندروستیی جیهانی، هۆشداری دا لەبارەی مەترسی گەریمانەی ئەوەی گۆڕاوی ئۆمیکرۆنی کۆرۆنا دوایین گۆڕاوی ڤایرۆسی کۆرۆنایە و کۆتایی بە پەتاکە هاتووە و گوتی: ''ئەگەری دەرکەوتنی گۆڕاوێکی کوشندەتر زۆر راستەقینەیە''.

سەد و پەنجاهەمین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی کارگێڕیی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە رێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە لە شاری جنێڤ رۆژئاوای سویسرا بەڕێوەچوو.

به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی رێكخراوی ته‌ندروستیی جیهانی، تێدرۆس ئەدهانۆم گێبرێیسس لە گوتارێکیدا کە لە کۆبوونەوەکەدا پێشکەشی کرد، باسی لەوە کرد کە لە دوای سەرهەڵدانی پەتاکە لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا، 350 ملیۆن حاڵەتی تووشبوون لە سەرانسەری جیهاندا تۆمار کراوە، لەگەڵ پێنج ملیۆن و 500 هەزار حاڵەتی گیان لەدەستدان و گوتی: ''هەموومان دەزانین کە حاڵەتەکان زۆر لەو ژمارانە زیاترن''.

تێدرۆس ئەدهانۆم گێبرێیسس باسی لەوە کرد کە هەفتەی رابردوو، راپۆرت ئاراستەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی کراوە کە دەریدەخات تێکڕا لە هەر سێ چرکەیەکدا، 100 حاڵەتی تووشبوون و لە 12 چرکەیەکیشدا، یەک حالەتی گیانلەدەستدان بە کۆرۆنا تۆمار کراوە.

به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی رێكخراوی ته‌ندروستیی جیهانی، تێدرۆس ئەدهانۆم گێبرێیسس هەروەها باسی لەوە کرد کە بۆ یەکەم جار پێش نۆ هەفتە لە سەرهەڵدانی گۆڕاوی ئۆمیکرۆن تا ئێستا زیاتر لە 80 ملیۆن حاڵەت بە رێکخراوی تەندروستیی جیهانی راگەیەندراوە، ئەو ژمارەیەش زیاترە لە تەواوی ئەو ژمارەیەی لە 2020دا تۆمار کراوە.

تێدرۆس ئەدهانۆم گێبرێیسس ئەوەشی خستەڕوو کە تا ئێستا هەڵکشانی لە رادەبەدەری حاڵەتەکانی تووشبوون رەنگدانەوەی نەبووە لەسەر رێژەی مردن، بەڵام لە هەموو ناوچەکاندا مردن بەهۆی کۆرۆناوە بەتایبەتی لەو ناوچانەدا زیادی کردووە کە کەمترین وەرگرتنی ڤاکسینیان تیادا ئەنجامدراوە لە ئەفریقا.

به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی رێكخراوی ته‌ندروستیی جیهانی هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە سیناریۆی جیاواز هەیە لەبارەی ئەوەی پەتاکە دەگاتە کوێ و چۆن دەکرێت کۆتایی پێ بێت و گوتی: ''ئەوە مەترسیدارە وا دابنێین کە ئۆمیکرۆن دوایین گۆڕاوە یان ئەمە کۆتایی یارییەکەیە. بە پێچەوانەوە هەلومەرجی جیهانیی بۆ سەرهەڵدانی گۆڕاوی زیاتر نموونەییە. ئەگەری دەرکەوتنی گۆڕاوێکی کوشندەتر زۆر راستەقینەیە''.

گوتیشی: ''بۆ گۆڕینی رێڕەوی پەتاکە، پێویستە ئەو هەلومەرجانە بگۆڕین کە ئاراستەی دەکەن''.

به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی رێكخراوی ته‌ندروستیی جیهانی، تێدرۆس ئەدهانۆم گێبرێیسس جەختیشی لەسەر ئەو نادادپەروەرییە کردەوە کە لە جیهاندا دەگوزەرێت لەبارەی دەستگەیشتن بە ڤاکسین و رایگەیاند ''هێشتا سەدا 85ی دانیشتوانی کیشوەری ئەفریقا یەکەم دۆزی ڤاکسینیان وەرگرتووە. ئەو دۆخە بە لای کێوە پەسەندە؟''

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.