Erbil 38°C شەممە 16 ئایار 02:07

هەر شەش پەمپەکەی ئاوی ئیفراز 2ی هەولێر دەگۆڕدرێن

کوردستان TV
100%

 

لەپێناو باشكردنی پرۆسەی بەرهەمهێنان و دابەشكردنی ئاوی خواردنەوە لە شارەكەدا، پرۆژەی ئاوی ئیفراز 2 لە شاری هەولێر نۆژەن دەكرێتەوە كە بەهۆی كۆنبوونی كەلوپەل و بە تایبەتی پەمپەكانی گواستنەوەی ئاو، پێویستی بە پەرەپێدان و نۆژەنكردنەوە هەیە.

وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزاری هه‌رێمی كوردستان بڵاوی كرده‌وه‌: پرۆژەی ئاوی ئیفراز 2 یەكێكە لە پرۆژە گەورەكانی ئاوی خواردنەوە لە شاری هەولێر و ئێستا بۆ پەرەپێدان و چاكسازی لەو پرۆژەیەدا، بڕیاردرا لەسەر نۆژەنكردنەوەی پرۆژەكە و گۆڕینی هەر شەش پەمپەكانی گواستنەوەی ئاو كە زیاتر لە پازدە ساڵە ئەو پەمپانە كار دەكەن و پێویستە بگۆڕدرێن.

بڕیارەكه‌ لە چوارچێوەی ئەو پلانە نوێیەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاردایە بۆ پەرەپێدانی پرۆژەكانی ئاوی خواردنەوە لە سەرجەم شار و شارچكەكانی هەرێمی كوردستان و باشتركردنی پرۆسەی بەرهەمهێنان و نۆژەنكردنەوەی تۆڕەكانی دابەشكردنی ئاو بۆ هاووڵاتییان.

هه‌ر له‌چوارچێوه‌ی چاكسازی و پەرەپێدان و نۆژەنكردنەوەی پرۆژەكانی ئاو و پرۆسەی دابەشكردنی بەسەر هاووڵاتییان، وه‌زاره‌تی شاره‌وانی بڕیاری دابوو تا كۆتایی مانگی نیسانی ئەمساڵ كۆمپانیای بای وۆتەری بەریتانی پرۆژەكانی ئاوی ئیفراز 1و 2 لە هەولێر نۆژەن بكاتەوە و سەرجەم كارە تەواونەكراوەكانیش تەواو بكات و چەند وێستگەیەكی گواستنەوەی ئاویش دروست دەكرێن كە ئەم بڕیارانە كاریگەری ڕاستەوخۆیان لەسەر بەرزكردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی ئاو و گرفتی كەمئاوی لە شاری هەولێر و دەوروبەری دەبێت.

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.