سه‌رۆكی ده‌زگای موسته‌قبه‌ل له وانشنتۆن ئه‌مڕۆ سێشه‌م له چاوپێكه‌وتنێكی ته‌له‌فزیۆنیدا ڕایگه‌یاند، هوشیار زێباری به‌ربژێری پارتی دیموكراتی كوردستان كه‌سێكی شایسته‌یه بۆ وه‌رگرتنی پۆستی سه‌رۆكایه‌تی كۆماری داهاتووی عێراق، هۆشداریشی دا له دووباره هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ی به‌رهه‌م ساڵح بۆ پۆسته‌كه، چونكه ده‌بێته هۆی تووڕه‌بوونی شه‌قامی عێراقی و به‌تایبه‌تیش جه‌ماوه‌ری خۆپیشانده‌ری شۆڕشی تشرین.
ئینتیفاز قه‌نبه‌ر سه‌رۆكی ده‌زگای موسته‌قبه‌ل بۆ ته‌له‌فزیۆنی (زاگرۆس) ڕایگه‌یاند: به‌داخه‌وه تا ئێستا ڕێككه‌وتن له‌نێوان پارتی و یه‌كێتی له‌سه‌ر پرسی دیاریكردنی كاندیدێك بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆمار نه‌كراوه دوای ئه‌وه‌ی یه‌كێتی له ڕێككه‌وتنه‌كان خۆی دوورخسته‌وه و تاكلایه‌نه كاندیدی خۆی ڕاگه‌یاند، مام جه‌لال بۆ سه‌ركه‌وتنی هاوپه‌یمانی هێزه كوردستانییه‌كان له دوای ساڵی 2003 هه‌میشه پابه‌ندی خۆی به ڕێككه‌وتنی لایه‌نه كوردستانییه‌كان دووپات ده‌كرده‌وه بۆ پاراستنی یه‌كڕیزی و یه‌كده‌نگی كورد له به‌غدا، به‌ڵام دووركه‌وتنه‌وه‌ی ئێستای یه‌كێتی له‌م ڕێككه‌وتنانه زیانی زۆر به‌دوای خۆیدا ده‌هێنێ.
ڕاشیگه‌یاند: خۆپێشاندانه‌كانی شۆڕشی تشرین بۆ دروستكردنی گۆڕانكاری دروستبوو، ئێستاش دوای هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ی محه‌مه‌د حه‌لبووسی بۆ سه‌رۆكی په‌رله‌مان، ئه‌گه‌ر به‌رهه‌م ساڵحیش له پۆستی سه‌رۆكایه‌تی كۆمار بمێنێ به دڵنیاییه‌وه په‌رچه‌كرداری شه‌قامی عێراقی دروست ده‌بێت و ده‌پرسن كه‌واته سوودی هه‌ڵبژاردن چی بوو ئه‌گه‌ر هه‌ردوو سه‌رۆكی په‌رله‌مان و كۆمار وه‌ك خۆیان مانه‌وه، له ڕاستیشدا ئه‌مه ڕاست و ته‌ندروست نییه بۆ پڕۆسه‌ی دیموكراتی له عێراقدا و جۆرێك له تووڕه‌بوون و نا ئارامی شه‌قامی عێراقی لێ ده‌كه‌وێته‌وه.
هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند: هۆشیار زێباری كه‌سێكی گونجاوه بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆمار و ده‌بێته پارێزه‌ری ده‌ستوور و پێشتریش پێگه‌یه‌كی سیاسی به‌هێزی هه‌بووه و كه‌سێكی دبلۆماسییه و بێگومان پۆستی سه‌رۆك كۆماریش پێویستی به كه‌سانی دبلۆماسی و خاوه‌ن په‌یوه‌ندییه‌كی باش له‌گه‌ڵ وڵاتانی عه‌ره‌بی و جیهانی و ئه‌مه‌ریكا گه‌ره‌كه، بۆیه پێموایه له‌م قۆناغه‌دا كه‌سێك له هوشیار زێباری به شیاوتر بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆماری عێراق نابینم.
ئینتیفاز قه‌نبه‌ر گوتیشی: به‌دڵنیاییه‌وه نه‌بوونی ڕێككه‌وتن كاره‌كانی داهاتوو ئاڵۆز ده‌كات، به پێچه‌وانه‌شه‌وه گۆڕینی سه‌رۆك كۆمار جۆرێك له گۆڕانكاری دروست ده‌كات كه شه‌قامی عێراقی به‌تایبه‌تیش خۆپیشانده‌رانی شۆڕشی تشرین هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه داوای ده‌كه‌ن.
جێی باسه هه‌ردوو پارته سه‌ره‌كییه‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستان تا ئێستا ڕێككه‌وتنیان له‌سه‌ر دیاریكردنی به‌ربژێرێك بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆماری عێراق نه‌كردووه، پارتی دیموكراتی كوردستان هوشیار زێباری بۆ پۆسته‌كه كاندید كردووه و له‌لایه‌كی تریشه‌وه یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان تا ئێستا پێداگیری له كاندیده‌كه‌ی به‌رهه‌م ساڵح ده‌كات.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.