Erbil 38°C یەکشەممە 17 تشرینی دووەم 05:41

چاوەڕێی ئامۆژگاری زانستیی زیاتر دەکرێت بۆ پێدانی دۆزی چوارەمی ڤاکسین

کوردستان TV
100%

جێگری سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتی ئەورووپا، مارکۆس سیفکۆڤیچ رایگەیاند کە ئەوان چاوەڕوانی ئامۆژگاری زانستیی دەکەن بۆ پێدانی دۆزی چوارەمی ڤاکسین بە تەواوی دانیشتوان.

سیفکۆڤیچ لەدوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی کاروباری گشتیی یەکێتی ئەورووپا، کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی ھاوبەشی لەگەڵ وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری یەکێتی ئەورووپا لە حکوومەتی فەڕەنسا، کلیمین بۆن، ئەنجامدا.

جێگری سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتی ئەورووپا ئاماژەی بەوە کرد کە یەکێتی ئەورووپا لە رووی کوتان و پێدانی دۆزەکانی پاڵپشتی لەسەر ئاستی جیھاندا لە پێگەیەکی زۆر باشدایە و گوتی: "ئەگەر باسی دۆزی چوارەم بکەین، ئەوە چاوەڕێی ئامۆژگاری زانستیی زیاتر دەکەین".

سیفکۆڤیچ، گوتیشی: "کۆمپانیاکانی دەرمان، سەرقاڵی پەرەپێدانی ڤاکسینی تایبەتن لە دژی جۆرە نوێکانی ڤایرۆسەکە و دەبینین کە زانست چی وەڵامێکی دەبێت بۆ ئەم جۆرە پرسیارانە".

رێکخەری دەرمانی یەکێتی ئەورووپا، ئاژانسی دەرمانی ئەورووپا (EMA)، لەو راگەیەندراوەی کە لە 18ی کانوونی دووەم بڵاویکردووە، ئاماژەی بەوە کردبوو کە دەتوانن ھەڵسەنگاندن بۆ پێدانی دۆزی چوارەمی ڤاکسین بەو کەسانە بکەن کە بەرگریی لەشیان لاوازە.

جێی ئاماژەیە چەند وڵاتێکی ئەندامی یەکێتی ئەورووپا، بڕیاری پێدانی دۆزی چوارەمی ڤاکسینیان بەو گرووپانەی کە مەترسییان لەسەرە، دەرکردبوو.

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.