رێکخراوی تەندروستیی جیھانی ئاشکرای کرد کە رێژەی کاریگەری ئەو ڤاکسینانەی کە بە تەکنەلۆجیای (m-RNA) پەرەی پێدراوە لە بەرامبەر خێرا بڵاوبوونەوەی جۆری ئۆمیکرۆنی ڤایرۆسی کۆرۆنا کەمبووەتەوە.
لە راپۆرتی ھەفتانەی پەتاناسی (Epidemiological)دا کە لە ماڵپەڕی فەرمیی رێکخراوەکە بڵاوکراوەتەوە، ئامار و زانیاری لەسەر زیادبوونی ژمارەی حاڵەتەکانی تووشبوون بە کۆرۆنا لە سەرتاسەری جیھان، گیان لەدەستدان و گواستنەوە بۆ نەخۆشخانە و کاریگەرییەکانی جۆری ئۆمیکرۆنی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ماوەی نێوان 17 بۆ 23ی کانوونی دووەم بڵاوکرایەوە.
بەپێی راپۆرتەکە لە مانگی کانوونی یەکەمدا، زیاتر لە 21 ملیۆن حاڵەتی تووشبوون بە کۆرۆنا تۆمار کراوە و 50 ھەزار کەسیش بەهۆی ڤایرۆسەکە گیانیان لەدەستداوە.
- ئۆمیکرۆن رێژەی گواستنەوەی تووشبووان بۆ نەخۆشخانەکان زیاد دەکات
لە راپۆرتەکەدا، دوایین ئامارەکانی جۆری ئۆمیکرۆنی ڤایرۆسی کۆرۆنا خراوەتەڕوو و ئەوە دەستنیشان کراوە کە جۆری ئۆمیکرۆن زۆر بەخێرایی شوێنی جۆری دەلتای گرتووەتەوە و بەردەوامە لە درووستکردنی مەترسی.
جۆری ئۆمیکرۆن بە بەراورد لەگەڵ جۆرەکانی دیکەدا، کەمتر تووشبووانی تووشی نەخۆشی قورس دەکات و دەیانکوژێت، بەڵام بەھۆی زیادبوونی رێژەی تووشبوونەوە لە زۆربەی وڵاتەکان ژمارەی کەوتنە نەخۆشخانەکان زیادی کردووە.
راپۆرتەکەی رێکخراوی تەندروستیی جیھانیی، جەختی لەوەش کردووەتەوە کە جۆری ئۆمیکرۆن، کاریگەریی ئەو ڤاکسینانەی کە بە تەکنەلۆجیای (m-RNA) پەرەی پێدراوە کەم دەکاتەوە.
بەگوێرەی توێژینەوەیەک کە لە ئەمریکا لەسەر ئەم بابەتە ئەنجامدراوە، ئەو کەسانەی کە دوو دۆزی ڤاکسینەکانی مۆدێرنا و فایزەر-بایۆنتێکیان وەرگرتووە، ئەوە بەدی کراوە کە کاریگەریی ڤاکسینەکان لە دوای مانگێک لە وەرگرتنی بەڕێژەی سەدا 40 و سەدا 30 کاریگەری کەمبووەتەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.