چوارچێوەی ھەماھەنگیی کە شەش لایەنی شیعە لەخۆدەگرێت، ھۆشدارییان داوە کە ئەگەر ھەوڵەکان بۆ لادان و پەراوێزخستنی لایەنێکی سیاسیی بۆ بەشداریکردن لە حکوومەتی داھاتوو بەردەوام بێت، ئەوا ئەو لایەنە سیاسییانەی کە لە ھەڵبژاردنەکانی 10ی تشرینی یەکەمی رابردووی ئەنجوومەنی نوێنەران دەنگی زۆریان بەدەستھێناوە، یان ئۆپۆزسیۆنبوون ھەڵدەبژێرن، یان بایکۆتی پرۆسەی سیاسیی دەکەن.
لایەنەکانی نێو چوارچێوەی ھەماھەنگیی کە ھەریەک لە ھاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، ھاوپەیمانیی ھێزەکانی دەوڵەت، ھاوپەیمانیی فەتح، بزووتنەوەی عەتا، بزووتنەوەی حقووق و پارتی فەزیلەی ئیسلامیی لەخۆدەگرێت لە کۆی 329 کورسی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، 88 کورسییان بەدەستھێناوە.
چوارچێوەی ھەماھەنگیی راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە کە تیایدا ھاتووە "چوارچێوەی ھەماھەنگیی پابەندە بە پڕۆژەکەی خۆی کە خۆی لە بەشدارییکردن لە حکوومەتی داھاتوو بۆ خزمەتکردنی وڵات دەبنێتەوە، نەک پەراوێزخستن".
لە راگەیەندراوەکەدا ھەروەھا ھاتووە "ھێشتا ئومێدمان وایە، ھاوبەشەکانمان بەدەم پرۆژەکەمانەوە بێن، ئەگەر نا بەپێچەوانە، ئەوان باجەکەی دەدەن، تایبەتیش کە ئێستا عێراق و ناوچەکە بەرەڕووی مەترسیی و ئاڵنگاریی ئەمنی و ئابووریی بوونەتەوە".
چوارچێوەی ھەماھەنگیی باسی لەوەش کردووە، نابێت لە ھیچ بارودۆخێکدا، پێکھاتەیەک لەسەر حیسابی پێکھاتەیەکی دیکە لاواز بکرێت، چونکە ستەم و شکاندنی دادپەروەرییە و دەبێتە مایەی ناسەقامگیری لە وڵاتدا و راشیگەیاندووە "ئێمە دژبە بنەمای زۆرینەی نیشتمانیی نیین، چونکە ئەوە داواکارییەکی رێزلێگراوە و زۆرێک لە ھێزە سیاسییەکان داوای دەکەن، بەڵام نابێت ئەم زۆرینەیە لەسەر حیسابی پەراوێزکردنی لایەنێکی سیاسیی بێت".
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە " ئەگەر ھەوڵەکان بۆ لادان و پەراوێزخستنی لایەنێکی سیاسی بۆ بەشداریکردن لە حکوومەتی داھاتوو بەردەوام بێت، ئەوا ئەو لایەنە سیاسییانەی کە لە ھەڵبژاردنەکانی 10ی تشرینی یەکەمی رابردووی ئەنجوومەنی نوێنەراندا دەنگی زۆریان بەدەستھێناوە یان ئۆپۆزسیۆنبوون ھەڵدەبژێرن، یان بایکۆتی پرۆسەی سیاسیی دەکەن".
دوێنێ سێشەممە سەرکردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر رایگەیاند، پێشنیازی بەشداریکردن لە حکوومەتی زۆرینەی نیشتمانیی، خستووەتە بەردەم لایەنەکانی نێو چوارچێوەی ھەماھەنگیی، بەڵام بەو مەرجەی سەرۆکی ھاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، نوری مالیکی دوور بخەنەوە، بەڵام لایەنەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگیی ئەو پێشنیازەیان رەت کردووەتەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.