مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، دەستگیرکردنی ژمارەیەک تیرۆریست کە تێوەگلاون لە ھێرشەکەی سەر خاڵێکی سوپای عێراق لە ناحیەی عوزێم باکووری پارێزگای دیالە راگەیاند و گوتی: "تیرۆریستان جێگایان لە عێراق نابێتەوە".
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە کە مستەفا کازمی لە کۆبوونەوەی هەفتانەی ئەنجوومەنی وەزیراندا رایگەیاندووە کە لە میانی ھەفتەی رابردوودا، ھێزە ئەمنییەکان سەرکەوتنی گەورەیان بەسەر تیرۆریستاندا، تۆمارکردووە و گوتوویەتی "ھێزە ئەمنییەکان زنجیرەیەک ئۆپەراسیۆنیان بە ئامانجی پاکسازیکردنی ناحیەی عوزێم لە تیرۆریستان ئەنجامداوە".
بەپێی راگەیەندراوەکە سەرۆکوەزیرانی عێراق لە میانی کۆبوونەوەکەدا، ئاشکرای کردووە کە ھێزی ئاسمانیی عێراق لە میانی زنجیرەیەک ھێرشدا، ژمارەیەک حەشارگەی رێکخراوی تیرۆریستیی داعشیان لە ژمارەیەک ناوچە بۆردومان کردووە و لە ئاکامدا، ژمارەیەک تیرۆریست کوژراون کە لەنێویاندا ژمارەیەک گەورە تیرۆریست ھەن.
ئاماژەی بەوەیش داوە کە مستەفا کازمی باسی لەو سەردانەی کردووە کە لە ھەفتەی رابردوودا بۆ ناوچە سنوورییەکانی باکووری رۆژئاوای عێراق ئەنجامی داوە و گوتوویەتی "لە سەردانەکەمدا، ھێزە ئەمنییەکانمان راسپارد کە هەوڵی زیاتر بدەن بۆ رێگەرتن لە دزەکردنی تیرۆریستان".
لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەیش خراوەتەڕوو کە سەرۆکوەزیرانی عێراق دەستگیرکردنی ژمارەیەک تیرۆریست کە تێوەگلاون لە ھێرشەکەی سەر خاڵێکی سوپای عێراق لە ناحیەی عوزێم راگەیاندووە و گوتوویەتی "تیرۆریستان جێگایان لە عێراق نابێتەوە".
21ی مانگی رابردوو چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش هێرشیان کردە سهر خاڵێکی هێزەکانی سوپای عێراق لە ناحیهی عوزێم باکووری پارێزگای دیالە رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە و له ئاكامدا، ئەفسەرێک و 10 سەرباز کوژران.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.