Erbil 38°C پێنجشەممە 14 ئایار 12:53

کۆبوونەوەی تایبەت بە تاپۆکردنی خانووە زێدەڕۆکان ئەنجامدرا

کوردستان TV
100%

 

بە سەرپەرشتیی پارێزگاری هەولێر، کۆبوونەوەی لێژنەی باڵای بە خاوەنکردن و تاپۆكردنی خانووە زێدەڕۆکان ئەنجامدرا.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند: بە سەرپەرشتی ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر نیوەڕۆى ئەمڕۆ چوارشەممە بە ئامادەبوونى ئەندامانی لێژنە، لە دیوانی پارێزگا کۆبوونەوەی لێژنەی باڵای بە خاوەنکردنی خانووە زێدەڕۆکان ئەنجامدرا.

ڕاشیگەیاند: لە سەرەتای کۆبوونەوەکە پارێزگارى هەولێر بەدواداچوونى بۆ بڕیارەکانى کۆبوونەوەى پێشووى لێژنەکە کرد بۆ دڵنیابوون لە جێبەجێکردنیان، پاشان بڕیاری دا بە پێکهێنانى لێژنەیەکى ترى تایبەتمەند لە کەسانى شارەزاى هونەرى بۆ دیراسەتکردنى واقیعى خانووە زێدەڕۆکان و هەموو ئەوانەى کە بەر شەقام دەکەون و ئەوانەشى کە لەسەر ناوچەى سەوزایی دروستکراون.

هەروەها ڕایگەیاند: پاشان گفتوگۆ لەبارەى قەرەبووکردنەوەى ئەو خانووانەى کە لەگەڵ داڕشتنەوەی نەخشەکان ناگونجێن و پێویستن هەڵبگیرێن و چارەسەرکردنى کێشەى ئەو زەوییانەى کە کارتیان هەیە کرا، بەڵام دۆسییەکانیان نەماوە.

 ئاماژەی بەوەش کرد "لە کۆتاییدا جەخت لە جێبەجێکردنى یاسای ژمارە 7ی ساڵی 2021 پەرلەمانى کوردستان تایبەت بە بەخاوەنکردنی خانووە زێدەڕۆکانە لە سنووری شارەوانییەکان کرایەوە و لەمبارەیەوەش داوا کرا ئاسانکاری بۆ هاووڵاتییان لە جێبەجێکردن و ڕاییکردنی مامەڵەکانیان بکرێت و هاووڵاتییان ئاگادار بکرێنەوە بۆ پێشکەشکردنی داواکارییەکانیان بە لێژنەکان بۆ تاپۆکردنى خانووەکانیان".

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.