Erbil 38°C یەکشەممە 17 تشرینی دووەم 00:21

عێراق هه‌ڵوێستی خۆی سه‌باره‌ت به‌ ئاڵۆزییه‌کانی ڕووسیا و ئۆکڕانیا خسته‌ڕوو

کوردستان TV
100%

 

وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق ئه‌مڕۆ چوارشه‌م داوای له‌ هه‌ردوو وڵاتی ڕووسیا و ئۆكڕانیا كرد كێشه‌ و ئاڵۆزییه‌كانیان به‌ڕێگه‌ی دبلۆماسی و ئاشتییانه‌ چاره‌سه‌ر بكه‌ن.

وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا ڕایگه‌یاند: ئه‌مڕۆ چوارشه‌م تاریق عادل سه‌رۆكی نووسینگه‌ی ئه‌وروپا له‌ جێی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ له‌گه‌ڵ كونسوڵی ئۆكڕانیا له‌ به‌غدا ئه‌لیسكانده‌ر بۆراڤجینكۆف كۆبووه‌وه‌.

تاریق عادل له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه‌ كه‌ هه‌ڵوێستی عێراق ئه‌وه‌یه‌ كه‌ وڵاتان ڕێز له‌ سه‌روه‌ری یه‌كتر بگرن و ده‌ست له‌ كاروباری ناوخۆی وڵاتان وه‌رنه‌ده‌ن و دووریش كه‌ونه‌وه‌ له‌ ململانێ و ناكۆكییه‌كان جا ئه‌و ناكۆكییانه‌ له‌نێوان ڕووسیا و ئۆكڕانیا بێت یان هه‌ر وڵاتێكی تر.

ڕاشیگه‌یاند: عێراق پابه‌نده‌ به‌وه‌ی‌ كه‌ ڕۆلی بێلایه‌ن ببینێ له‌ ململانێی نێوان وڵاتاندا. داواشی له‌ هه‌ردوو وڵاتی ڕووسیا و ئۆكڕانیاش كرد هه‌وڵ بده‌ن كێشه‌ و ئاڵۆزییه‌كانیان به‌ڕێگه‌ی دبلۆماسی و ئاشتیانه‌ چاره‌سه‌ر بكه‌ن.

لای خۆشییه‌وه‌ بۆراڤجینكۆف پوخته‌یه‌كی سه‌باره‌ت به‌‌ بارودۆخ و ئاڵۆزییه‌كانی وڵاته‌كه‌ی له‌گه‌ڵ ڕووسیا خسته‌ڕوو، ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا كه‌ حكوومه‌تی ئۆكڕانیا هه‌موو هه‌وڵێك ده‌دات كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی بجولێنێ سه‌باره‌ت به‌ ئاڵۆزییه‌كانیان له‌گه‌ڵ ڕووسیا كه‌ ڕه‌نگه‌ ئاكامی جه‌نگی لێ بكه‌وێته‌وه‌.

جه‌ختیشی كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌وان لای خۆیانه‌وه‌ هه‌موو ڕێگه‌یه‌كی دبلۆماسی ده‌گرنه‌به‌ر بۆ ئه‌وه‌ی ئاڵۆزییه‌كانیان له‌گه‌ڵ ڕووسیا بڕه‌وێننه‌وه‌ و شه‌ڕ له‌نێوانیان ڕوو نه‌دات.

 

 

 

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.