وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لەگەڵ شاندێكی کۆمپانیاکانی كەنەدا پڕۆژەكانی ئاوی خواردنەوە و چارەسەركردنی گرفتی ئاوەڕۆ گەنگەشە دەكەن، لەمبارەیەوەش ڕایگەیاند، كۆمپانیا كەنەدییەكان دەیانەوێت پرۆژەی ئاو و ئاوەڕۆ لە کوردستان جێبەجێ بكەن.
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە لە دیوانی وەزارەت، ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار پێشوازی لە ئیڤ دوڤال بەڕێوەبەری نووسینگەی باڵیۆزخانەی كەنەدا لە هەولێر و شاندێكی كۆمپانیاكانی كەنەدا كرد و پڕۆژەكانی ئاوی خواردنەوە و چارەسەركردنی گرفتی ئاوەڕۆی هەرێمی كوردستان و فراوانكردنی پەیوەندییەكان گەنگەشە كران.
ڕاشیگەیاند: كۆمپانیا كەنەدییەكان دەیانەوێت پرۆژەی ئاو و ئاوەڕۆ لە کوردستان جێبەجێ بكەن و ساسان عەونی وێڕای سوپاسگوزاری بۆ هاوكارییەكانی پێشووی كەنەدا، جێبەجێكردنی پڕۆژەی ئاوی خواردنەوە و ئاوەڕۆ و كاركردنی پێكەوەیی بە گرنگ دەزانێت.
ئەوەشی خستەڕوو "شاندی كەنەدا وێڕای سوپاسگوزاریان بۆ هاوكاری و كارئاسانییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ نووسینگەی باڵیۆزخانەی کەنەدا لە هەولێر و كۆمپانیاكانی وڵاتەكەیان لە كوردستان، ئێستاش دەیانەوێت لە ڕێگەی كۆمپانیا پێشكەوتوو و ئەزمووندارەكانیانەوە لە جێبەجێكردنی پڕۆژەی ئاوی خواردنەوە و چارەسەركردنی كێشەی ئاوەڕۆ و بەكارهێنانەوەی ئاوی پیس بۆ كشتوكاڵ و پیشەسازی و سێکتەری بازرگانی و كاری ڕاوێژكاری و ڕاهێنانی ئەندازیارانی كورد لەسەر سیستەمە پێشكەوتووەكانی تەكنۆلۆژیا بە مەبەستی پێشخستنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان و سێكتەری شارسازی یدا كاری زیاتر لەگەڵ حكوومەت و وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاردا بكەن".
ئاماژە بەوەش کراوە "ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار سەرەڕای ئاماژەدان بە ڕۆڵی بەرچاوی حكوومەتی كەنەدا لە هاوكاریكردنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە تەواوی سێكتەرە خزمەتگوزارییەكان و شەڕی داعش و پێشكەشكردنی هاوكاری مرۆیی بۆ ئاوارەكان و بووژانەوەی كوردستان، هاوكات پێشنیازی شاندەكەی بۆ كاركردن لە كوردستاندا بەرز نرخاند كە دەیانەوێت لەمەودوا درێژە بە هاوكارییەكان بدەن و لە بواری دابینكردنی ئاوی خواردنەوە و چارەسەركردنی ئاوەڕۆشدا پرۆژەی نوێ جێبەجێ بكەن".
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.