Erbil 38°C یەکشەممە 10 ئایار 15:41

حکوومەتی هەرێم بڕیاری داشکاندنی 15%ـی پێشینەکانی ده‌رکرد

کوردستان TV
100%

 

حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری داشکاندنی بۆ 15%ـی لەو پێشینانەی حکوومەت لای هاووڵاتییانە دەرکرد بە مەرجێک کە هاووڵاتییان لەماوەی 90 ڕۆژدا تەواوی پێشینەکان بۆ حکوومەت بگەڕێننەوە.

وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ یەکشەممە نووسراوێکی بڵاوکردۆتەوە و تێیدا هاتووە "پاڵپشت بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران ژمارە (132) لە 19/1/2022 تایبەت بە لێخۆشبوون بە ڕێژەی (15%) ئەو پێشینانەی حکوومەت کە لەلای هاووڵاتییانە وەک (پێشینەی خانووبەرە و قەرزی سندووقی نیشتەجێبوون و بانکی خانووبەرە و پێشینەی هاوسەرگیری و قەرزی بچووک و پێشینەکانی بانکی کشتوکاڵی و پێشینەی پیشەسازی و گەشتیاری) کۆنووسی لێژنەی دەرکردن و پێداچوونەوە بە ڕێنماییە داراییەکان ژمارە (51) لە 1/2/2022 بڕیار درا بە چەند خاڵێک".

دەقی بڕیارەکانی وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان:-

1- داشکاندنی ڕێژەی 15٪ی لەو پێشینانەی حکوومەت کە لەلای هاووڵاتییانە، وەک پێشینەکانی (خانووبەرە، قەرزی سندووقی نیشتەجێبوون، بانکی خانووبەرە، هاوسەرگیری، بانکی کشتوکاڵی و پێشینەی پیشەسازی و گەشتیاری) بە مەرجێک هاووڵاتییان ئامادەبن تا 90 ڕۆژی کار، لە ڕێککەوتی 19-01-2022 تەواوی پێشینەکان بۆ حکوومەت بگەڕێننەوە.

 2- دوای جێبەجێکردنی خاڵی (1)ی سەرەوە تەواوی سزای دواکەوتن کە هاتۆتە سەر ئەو پێشینانە لێخۆشبوونیان بۆ بکرێت.

 3- داشکاندنی رێژەی 15٪ لە بری پابەندی دارایی کەڵەکەبووی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار (شارەوانییەکان، گەشتوگوزار، ئاو) بە مەرجێک کەس و لایەنی بەرپرسیار لەو پابەندییە داراییە ئامادەبن، تا 90 ڕۆژی کار لە ڕێکەوتی دەرچوونی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانەوە تەواوی بڕی ئەو پابەندییە داراییانە بۆ حکوومەت بگەڕێننەوە.

 4- بڕگەکانی سەرەوە لێخۆشبوونی تەواوی سزای دارایی دواکەوتنی قەرزی بەشدارییەکان (مساهمات صندوق الضمان الاجتماعي) تایبەت بە دەستەبەری کۆمەڵایەتی (الضمان الاجتماعي)یش دەگرێتەوە، بە مەرجێک خاوەنکار تەواوی پارەی کەڵەکەبووی بەشدارییەکان بەشێوەی نەقد بە یەکجار بدات لە ماوەی دەستنیشانکراو لە سەرەوە.

 5- لێخۆشبوون لە تەواوی سزا و سووی دواکەوتنی پەیوەست بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی باجەکان و خانووبەرەی میری لەسەر باج و ڕەسمی کەڵەکەبوو بە مەرجێک تەواوی تەواوی باج و ڕەسم بدرێت بە حکوومەت لەماوەی هاتوو لە بڕگەی (1)ی سەرەوە.

 6- بڕگەکانی سەرەوە خودی باج و ڕەسم ناگرێتەوە کە بەپێی دەستوور دەبێت لە چوارچێوەی یاسادا لێخۆشبوون لە باج و ڕەسم ڕێکبخرێت و  قەرزە بازرگانییەکانیش ناگرێتەوە کە بە کۆمپانیا و بەڵێندەر و وەبەرهێنەران دراون، وەک ئاسانکاری بانکی لەلایەن بانکە بازرگانییەکانەوە و لەچوارچێوەی یاسای ژمارە (7)ی ساڵی (2020) ڕێکخراوە.

 7- ئەو باجدەرانەی بەپێی ماددەکانی (57 و 58)ی یاسای باجی دەرامەت ژمارە (113)ی ساڵی /1982ی هەموارکراو ئاراستەی دادگەکان کراوە و هەروەها ئەو بڕیارانەی کە لەلایەن لێژنەی (استئنافیە) دەرچووە ئەم لێخۆشبوونە نایانگرێتەوە

 8- ئەو پاژە (تسقیط)انە کە لەلایەن بەڕێوەبەری گشتیی باجەکان و خانووبەرەی میری کە بەپێی ئەو دەسەڵاتەی پێی دراوە و دەرکراوە لە سزای دواکەوتن و سوو دەبەخشرێن لەماوەی 90 ڕۆژی کارکردن بە مەرجێک تەواوی ڕەسم و باجەکان بگەڕێننەوە.

 9- بۆ پێشکەشکردنی هەموو جۆرە ئاسانکارییەک لە چوارچێوەی یاسا بەرکارەکان بە شێوازی (تسقیط)یشەوە بۆ پێدانی باج و ڕەسمی کەڵەکەبوو بە مەرجێک داواکاری بۆ سوودمەندبوون لەو ئاسانکارییە پێشکەش بکرێت لەماوەی هاتوو لە بڕگەی (1)ی سەرەوە لە دەسەڵاتی بەڕێز وەزیری دارایی و ئابووریدایە.

 10-ئەم ڕێنماییە لە ڕێککەوتی دەرچوونی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران لە 19/1/2022 جێبەجێ دەکرێت و لە ڕۆژنامەی وەقائعی کوردستان بڵاو دەکرێتەوە.

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.