وەزارەتی کارەبا ڕایگەیاند كه کەمبوونەوەی ماوەکانی پێدانی کارەبا هیچ پەیوەندییەکی بە پێوەری زیرەکەوە نییە و هۆکارەکانی بۆ پهرلهمانی كوردستان خستەڕوو.
وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ دووشەممە ڕایگەیاند: لێژنەی وزە و سامانە سروشتییەکانی پەرلەمانی کوردستان ئەمڕۆ دووشەممە سەردانی سەنتەری پڕۆژەی پێوەری زیرەکی کرد بۆ ئاگاداربوون لە چۆنییەتی کارکردنی پێوەرهكه.
ڕاشیگەیاند: لەم سەردانە مەیدانییەدا وەڵامی هەموو پرسیارەکانیان درایەوە و پوختەی پڕۆژەکە و پلانەکانی بۆ داهاتوو لە هەموو بوارەکانی خرایەڕوو، هەروەها تیشک خرایە سەر گرینگیی پڕۆژەکە بۆ باشترکردنی دۆخی کارەبا لە بواری ڕێکخستن و کۆنترۆڵکردنی.
ئاماژەی بەوەش دا "بە پراکتیک ئەوەشیان بە لێژنەی پەرلەمان ڕاگەیاند کە کەمبوونەوەی ماوەکانی پێدانی کارەبا هیچ پەیوەندییەکی بە پێوەری زیرەکەوە نییە، بەڵکو لە پلەی یەکەمدا پەیوەندی بە کەمبوونی بڕی بەرهەمهێنان و بەرزبوونەوە و هەڵکێشانی خواست لەسەر کارەبا هەیە".
لە ڕاگەیەنراوەکەدا جەختیش کراوەتەوە کە پڕۆژەی پێوەری زیرەک قوناغی باشی بڕیوە و لە ئایندەیەکی نزیکدا چەندین تایبەتمەندی دیکەی باشی پێوەرەکە بەکار دەخرێن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.