شاخەوان برایم عەبدوڵای نووسەر ئهمڕۆ دووشهم حهوتهمین كتێبی خۆی بهناوی (ئازادی و مانەوە لە بازنەی چەقبەستووییدا) لە دووتوێی 300 لاپەڕەییدا بڵاو كردهوه و كه تێیدا بە وردی باسی لە هەڕەشەکانی ئیسلامی سیاسیی کوردی دەکات و بیر و بۆچوونی چەند بیرمەندێکی عەرەبی و ئەمەریکی و ئەورووپی لە بارەی سێکۆلاریزم و دیموکراسی خستووەتەڕوو، بەو مەبەستەی لە ڕێگەی بۆچوونی ئەو بیرمەندانەوە پێناسەیەکی نوێ بۆ سێکۆلاریزم و دیموکراسی بکات و ئەو پێناسە و قسە مەبەستدارانەی ئیسلامی سیاسی بەتاڵ بکاتهوە کە گرووپە ئیسلامییەکان بە مەبەستی شێواندن بۆ ئەو دوو چەمکە دەیکەن.
کتێبەکە ئیش لەسەر چەندان خاڵی گرینگ دەکات وەک هۆشیارکردنەوەی خەڵک لەوەی بە ئاسانی نەکەونە داوی گرووپە توندڕۆ ئیسلامییەکان و لە پەنای ئاییندا بۆ مەرامی حیزبی بەکار نەهێندرێن، هەڕەشەی ئیسلامی سیاسی بەگشتی و هێنانەوەی نموونەی چەند دەوڵەتێک کە بە ئیسلامی سیاسی حوکم دەکەن و هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی دیموکراسی و هەڵبژاردن و مافی مرۆڤ و ئازادییەکان و ئازادیی میدیایی و سەندیکایی و دەیان بابەتی تر تێیاندا دەکات.
''ئازادی و مانەوە لە بازنەی چەقبەستووییدا'' تەنیا ڕەخنەکردنی هەڕەشەکانی ئیسلامی سیاسی و توندڕۆیی نییە، بەڵکو چەندان سەرنج و پێشنیازیش بۆ لاوازکردنی توندڕۆیی دەخاتە ڕوو کە ئەمە بۆ ئێستای کۆمەڵگەی کوردی گرینگە، هەروەها باس لە هۆکاری سەرهەڵدان و پەرەسەندنی داعش دەکات.
ئەو کتێبە یەک تەوەر نییە، بە گشتی چەندین تەوەری تایبەت بە هەڕەشەی ئیسلامییەکان و میکانیزمی کارکردن و ئامانج و هۆکاری گەشەکردن دەورووژێنێت، لەگەڵ هێنانەوەی دەیان نموونەی خراپی ئەو گرووپانە، وەک خێڵی حەمە و هێرشکردنە سەر پارێزگای هەولێر و نموونەی ئەفغانستان و میسری سەردەمی موورسی و پاشەکشەی دیموکراسی لە سەردەمی داد و گەشەپێدانی تورکیا کە پارتێکی ئیسلامیی سیاسییە دەکات.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.