دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەهاوبەشی لەگەڵ دەزگای LDSی خێرخوازی ئەمریكی لە پرۆژەیەكی نوێدا پێداویستی جۆراوجۆر بۆ ژمارەیەك قوتابخانە و باخچەی ساوایانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی پارێزگای سلێمانی دابین دەكەن.
دەزگای خێرخوازی بارزانی ڕایگەیاند: لە چوارچێوەی سێكتەری پەروەردەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و لەپێناو خزمەتكردنی زیاتری قوتابییان و پەرەپێدان بە كەرتی پەروەردە و خوێندن لە هەرێمی كوردستانی عێراق، دەزگای خێرخوازیی بارزانی ساڵانە پڕۆژەی جۆراوجۆر ئەنجام دەدات.
ڕاشیگەیاند: ئەمڕۆ دووشەممە ئۆفیسی سلێمانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە هاوكاری لەگەڵ دەزگای LDSی خێرخوازیی ئەمریكی هەستان بە دابینكردنی كەلوپەل و پێداویستی قوتابییان و ناو قوتابخانە بۆ ژمارەیەک قوتابخانە و باخچەی ساوایانی پارێزگای سلێمانی.
پێداویستییهكانیش بریتی بوون لە (سۆپا، وایت بۆرد، قەمسەڵە، كالە، داتاشۆ، پرێنتەر و هەندێك پێداویستی پەڕاوگە).
دەزگاکە جەختیشی کردەوە کە ئەم پرۆسەیە بەردەوام دەبێت و لە ڕۆژانی داهاتووشدا ژمارەیەک قوتابخانەی دیكە لەم هاوكارییانە سوودمەند دەبن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.