دوای کۆشکی سپی، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش پاشگەزبووەوە لەو بانگەشانەی کە دەڵێن "لە هەر ساتێکدا ئەگەری هەیە رووسیا، ئۆکراینا داگیر بکات".
لە کاتێکدا کە گرژییەکانی نێوان رووسیا و ئۆکراینا بەردەوامن، پاشگەزبوونەوەی ئەمریکا لە هەندێک لە لێدوانەکانی، بووەتە مایەی سەرنج.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، نێد پڕایس لە میانی کۆنگرەی رۆژنامەوانیی رۆژانەیدا، وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسێکی دایەوە لە بارەی ئەو لێدوانەی کە "لە هەر ساتێکدا ئەگەری هەیە رووسیا، ئۆکراینا داگیر بکات" و گوتی: "هیچ کاتێک نەمانگوتووە کە لە هەر ساتێکدا ئەگەری هەیە رووسیا، ئۆکراینا داگیر بکات. رەنگە گوتبێتمان هێزەکانی رووسیا ئامادەن هەر کاتێک ڤلادیمیر پوتین فەرمانیان پێبدات، ئۆکراینا داگیر بکەن. رەنگە ئەمەش دوای یەک رۆژ، یان دوو هەفتەی دیکە رووبدات، واتە دەستەواژەی "لە هەر ساتێکدا" مانای ئەوەیە کە ئاشکرایە کۆتاییەکە چۆن دەبێت".
ناوبراو بانگەشەی ئەوەشی کرد کە ئەگەر بڕیاربووایە لە هەر ئان و ساتێکدا رووسیا، ئۆکراینا، داگیر بکات ئەوا دیالۆگ و گفتوگۆ هیچ گرنگییەکیان نەدەبوو.
رۆژی یەکشەممە، راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانیی ئەمریکا، جەیک سولیڤان لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵێکی تەلەڤیزیۆنی ئەمریکا، رایگەیاند "لە هەر ساتێکدا ئەگەری هەیە رووسیا، ئۆکراینا داگیر بکات".
بە هەمان شێوە گوتەبێژی کۆشکی سپی، جێن ساکی چەندین جار باسی لەوە کردبوو کە ئەگەری هەیە لە هەر ساتێکدا رووسیا، ئۆکراینا داگیر بکات.
بەڵام دواتر ساکی لە میانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی لە دووی شوباتدا، ئاماژەی بەوەدابوو کە دەستەواژەی "لە هەر ساتێکدا" بەلاڕێدا براوە، تا ئێستا نازاندرێت ئایا سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین بڕیاری داگیرکردنی ئۆکراینای داوە یان نا.
پێشتریش سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن ئەوەی ئاشکرا کردبوو کە ئەگەری هەیە رووسیا لە مانگی شوباتدا ئۆکراینا داگیر بکات.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.