سندووقی پشتیوانیی منداڵان سەربە نەتەوەیەکگرتووەکان (UNICEF)، رایگەیاند لە ماوەی شەش مانگی داھاتوودا زیاتر لە 20 ملیۆن کەس لە ئەفریقا پێویستییان بە ھاوکاری خێرای ئاو و خۆراک دەبێت.
بەڕێوەبەری یونیسێف لە ناوچەی رۆژھەڵات و باشووری ئەفریقا، محەمەد مالیک فاڵ، لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەنووسان ئاماژەی بەوە کرد کە قەیرانی مرۆیی لە ئێریتریا، ئیتیۆپیا، کینیا و سۆماڵ رووی لە زیادبوون کردووە.
محەمەد مالیک فاڵ گوتی: "لە ماوەی شەش مانگی داھاتوودا زیاتر لە 20 ملیۆن کەس لە ئێریتریا، ئیتیۆپیا، کینیا و سۆماڵ پێویستیان بە ھاوکاری مرۆیی خێرا دەبێت".
بەڕێوەبەری یونیسێف لە ناوچەی رۆژھەڵات و باشووری ئەفریقا سەرنجی بۆ ئەوە راکێشا کە ناوچەکە بە سەخترین وشەکەساڵیی لە ماوەی 40 ساڵی رابردوودا تێدەپەڕێت و راشیگەیاند کە ئەو وشکەساڵییەی کە بە گۆڕانکارییەکانی کەشوھەوادا پەیوەستە قەیرانی ئاویشی لەگەڵ خۆیدا درووستکردووە و بووتە ھۆکاری مردنی ئاژەڵ لە کێڵگەکان.
محەمەد مالیک فاڵ ئاماژەی بەوە کرد کە دانیشتوانەکان بەھۆی وشکەساڵییەوە لە ناوچەکانیانەوە کۆچیان کردووە، قەیرانی خۆراک سەریھەڵداوە و نەخۆشیە گوازراوەکان بڵاوبووەتەوە و جەختی لەوە کردەوە کە زۆرترین کاریگەری ئەم دۆخە لەسەر منداڵان بووە.
بەڕێوەبەری یونیسێف لە ناوچەی رۆژھەڵات و باشووری ئەفریقا ئاشکرایشی کرد کە ٥،٥ ملیۆن منداڵ لە ئێریتریا، ئیتیۆپیا، کینیا و سۆماڵ بەھۆی وشکەساڵییەوە تووشی بەدخۆراکی بوونە و گوتی: "ئەگەر لەماوەی سێ مانگی داھاتوودا باران نەبارێت ئەوە ئەو ژمارەیە بۆ دوو ھێندە بەرزدەبێتەوە"
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.