گیلا جۆرێكی مارمیلۆكهیه كه له بیابانه‌كانی ئه‌ریزۆناو مه‌كسیك ده‌ژیت . درێژی ئه‌و مارمێلكه نزیكه‌ی ٥٠ سم ده‌بێت. گیلا گۆشتخۆره‌و له‌سه‌ر مشك و بۆق و كرم ده‌ژیت . ئه‌وه‌ی زۆر جێگای سه‌رنج و تێرامانه گیلا ده‌توانێت بۆ چه‌ند مانگێك بژیت بێ ئه‌وه‌ی ھیچ شتێك بخوات ، به تایبه‌ت له وه‌رزی زستان خۆی له ژێر زه‌وی ده‌شارێته‌وه. ئه‌و سیفه‌ته‌ی گیلا وای له زانایان كرد كه لێكۆلینهی زیاتر له‌سه‌ر ئه‌و مارمێلكه بكه‌ن . زانایان جۆره ماده‌یه‌كیان له لیكی ئه‌و مارمێلكه دۆزیه‌وه كه له زنجیره پرۆتین (Exendin-4) پێكھاتووه، ئه‌وه‌ی جێگای سه‌رنجی زانایانی ئه‌و بواره بوو ئه‌و پرۆتینه‌ی له لیكی گیلا ھه‌یه زۆر له ھۆرمۆنێك ده‌چێت، كه له مرۆڤیش‌دا ھه‌یه و پێی ده‌ووترێت گی ئێل پی وه‌ن (GLP-1 ) ، كاتێك مرۆڤ كاربۆھێدرات ده‌خوات ریخۆله ئه‌و هۆرمۆنه ده‌رده‌كات و كار ده‌كاته سه‌ر په‌نكریاس بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌نسولین ده‌ربكات و رێژه‌ی شه‌كر له خوێن رێك بخات . له تووشبوانی جۆری دووی نه‌خۆشی شه‌كره ئه‌و ھۆرمۆنه وه‌ك پێویست ئه‌و كاریگه‌ریه‌ی نیه ،ئه‌مه‌ش بیرۆكه‌ی پێدانی GLP-1 لای به‌شێك له پسپۆرانی بواری شه‌كره درووستكرد ، به‌لام زوو تێبینی ئه‌وه‌كرا، كه GLP-1 كاریگه‌رییه‌كه‌ی به‌خێرایی نامێنێت و به ھۆی ئهنزیمێكهوه ( DPP-4 ) تێكده‌شكێت. پێشكه‌وتنی ته‌كنۆلۆژیای پزیشكی وایكرد گۆڕانكاری له چه‌ند پرۆتینێك بكرێت و ده‌رمانێك درووست بكرێت( GLP-1 Analogue)، كه ھه‌مان كاریگه‌ری ھه‌بێت و به‌لام به‌رگه‌ی تێكشان بگرێت. ئه‌و ده‌رمانه به شێوه‌ی ده‌رزی ژێر پێست به نه‌خۆش ده‌درێت وه‌ك ئه‌نسولینه، به‌لام زۆر جیاوازه له ئه‌نسولین . له ئێستادا كۆمه‌لێك له‌و ده‌رزیانه له‌به‌رده‌ستن . به‌شێك له‌و ده‌رمانانه ده‌بێت رۆژانه و ھه‌ندێكی تر له ھه‌فته‌ی ته‌نیا یه‌كجار به‌كار بهێنرێت. كۆمپنیایهكی تر كار له سه‌ر ده‌رمانێك ده‌كات، كه یه‌ك ده‌رزی بۆ ماوه‌ی یه‌ك مانگ كاریگه‌ری ده‌مێنێت. دیاره به‌شێك له‌و ده‌رزیانه له كوردستان به‌رده‌سته‌و له لایه‌ن ھه‌ندێك تووشبوانی شه‌كره به‌كارده‌ھێنرێت، بۆیه حه‌ز ده‌كه‌م له‌م چه‌ند خاله باسی ئه‌و جۆره ده‌رمانه بكه‌م:
1-له رابردوو به‌شێكی تووشبوانی شه‌كره ، كاتێك كه به حه‌ب نه‌ده‌توانرا شه‌كره ته‌واو كۆنترۆل بكرێت ، په‌نا به‌ره‌و ئه‌نسولین ده‌بردرا ، له كاتی ئێستا به ھۆی ھه‌بوونی كۆمه‌لێك حه‌بی نوێ و ئه‌و ده‌رزیه‌ی باسی ده‌كه‌ین ، نه‌خۆش به رێژه‌یه‌كی كه‌متر پێویستی به ئه‌نسولین ده‌بێت .
2-ئه‌و ده‌رزیه جگه له‌وه‌ی شه‌كری نه‌خۆش رێكده‌خات ده‌بێته ھۆی دابه‌زاندنی كێشی مرۆڤ ،كه یه‌كێكه له گرفته‌كانی به‌شێكی زۆری تووشبوانی شه‌كره . ھه‌ر له‌به‌ر ئه‌و ھۆكاره ده‌كرێت ئه‌و ده‌رزیه بۆ چاره‌سه‌ری قه‌له‌ویش به‌كاربھێنرێت ، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر كه‌سه‌كه نه‌خۆشی شه‌كره‌شی نه‌بێت.
3-ئه‌و ده‌رزیه ھیچ ڕۆلێكی نیه له چاره‌سه‌ری نه‌خۆشانی شه‌كره‌ی جۆری یه‌ك ، كه تاكه رێگای چاره‌سه‌ری ته‌نھا به‌كارھێنانی ئه‌نسولینه.
4-له سه‌ره‌تای به‌كارھێنانی ئه‌و ده‌رزیه بۆی ھه‌یه نه‌خۆش تووشی دل تێكچوون و رشانه‌وه بێت ، به‌لام له زۆربه‌ی ھه‌ره‌زۆری حاله‌ته‌كان دوای چه‌ند ھه‌فته‌یه‌ك له به‌كارھێنان ئه‌و كێشه‌یه نامێنێت .
5-به داخه‌وه ئه‌و ده‌رمانه له سه‌نته‌ره‌كانی شه‌كره‌ی كوردستان بوونی نیه ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی نرخی گرانه . یه‌كێك له‌و ده‌رزیانه‌ی كه له كوردستان به‌رده‌سته مانگانه نرخه‌كه‌ی نزیكه‌ی ده‌گاته دوو سه‌د دۆلار ، ھه‌ر له‌به‌ر ئه‌و ھۆكاره به‌شێكی زۆری تووشبوانی شه‌كره ناتوانن سوود له‌و ده‌رزیه وه‌ربگرن . ھیوادرم حكومه‌ت خه‌مێك له دابینكردنی ئه‌و ده‌رمانه بخوات، به تایبه‌ت بۆ ئه‌و نه‌خۆشانه‌ی شه‌كره، كه زۆر قه‌له‌ون .
دكتۆر عارف گۆران
پسپۆڕی ڕاوێژكاری نه‌خۆشییه‌كانی ھه‌ناو
پسپۆڕی وورد له نه‌خۆشییه‌كانی شه‌كره‌و ھۆرمۆنات
له‌نده‌ن
په‌یوه‌ندی نێوان لیکی مارمێلکه و چاره‌سه‌ری نه‌خۆشی شه‌کره !
100%
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.