Erbil 38°C ھەینی 27 کانونی یەکەم 17:29

ناسا مووشه‌کی خێرا بۆ چوونه‌ سه‌ر مه‌ریخ دروست ده‌کات

کوردستان TV
100%

 

ئاژانسی ناسای ئه‌مه‌ریكی گرێبه‌ستی له‌گه‌ڵ كۆمپانیای (Lockheed Martin) ئیمزا كرد بۆ پێشخستنی مووشه‌ك تا به‌خێراییه‌كی زۆر بگاته‌ سه‌ر مه‌ریخ و دواتریش به‌هه‌مان خێرایی بگه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر زه‌وی، پێشبینیش ده‌كرێ مووشه‌كه‌كه‌ له‌ ماوه‌ی 6 ساڵی داهاتوو ته‌واو ببێت.

ئاژانسی ناسا له‌ ڕاگه‌یه‌نراوێكدا بڵاوی كرده‌وه‌: ئاژانسه‌كه‌مان له‌گه‌ڵ كۆمپانیای (Lockheed Martin) له‌ هه‌رێمی كۆلۆرادۆ گرێبه‌ستێكی ئیمزا كردووه‌ بۆ پێشخستنی مووشه‌كی مارس تا به‌ خێراییه‌كی زۆر له‌ زه‌وییه‌وه‌ به‌ره‌و مه‌ریخ به‌ڕێ بكه‌وێ و دوای وه‌رگرتنی چه‌ند نموونه‌یه‌ك بگه‌ڕێته‌وه‌.

به‌گوێره‌ی پلانه‌كان مووشه‌كه‌كه‌ كێشی سووك ده‌بێت و به‌ خێراییه‌كی زۆر ده‌گاته‌ سه‌ر مه‌ریخ و هه‌ندێ نموونه‌ له‌ خۆڵ و به‌رد و به‌رگه‌هه‌وای ئه‌م هه‌ساره‌ سووره‌ كۆ ده‌كاته‌وه‌ و دواتر ده‌یگه‌یه‌نێته‌وه‌ سه‌ر زه‌وی بۆ ئه‌وه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌سه‌ر بكه‌ن.

گرێبه‌سته‌كه‌ی نێوان ناسا و كۆمپانیاكه‌ به‌ بڕی 194 ملیۆن دۆلاره‌ و پێشبینی ده‌كرێ له‌ ماوه‌ی 6 ساڵی داهاتوودا ته‌واو بێت.

ناسا جه‌ختیشی كرده‌وه‌ كه‌ مووشه‌كه‌كه‌ دوای گه‌یشتنی بۆ سه‌ر مه‌ریخ له‌ ڕێگه‌ی ئامێرێكی گه‌ڕۆك خۆڵی سه‌ر مه‌ریخ كۆ ده‌كاته‌وه‌ و هه‌روه‌ها به‌ باڵه ئه‌لیكترۆنییه‌كانی چه‌ند نموونه‌یه‌ك له‌ خاكی ژێره‌وه‌ی هه‌ساره‌كه‌ ده‌رده‌هێنێت و هه‌ڵی ده‌گرێت، دواتریش ئامێرێكی تر به‌ ده‌وری هه‌ساره‌كه‌ ده‌سووڕێته‌وه‌ و نموونه‌ی به‌رگه‌ هه‌واكان وه‌رده‌گرێت، له‌ قۆناغی كۆتاییشدا مووشه‌كی (Earth Return Orbiter) سه‌رجه‌م نموونه‌كان كۆ ده‌كاته‌وه‌ و به‌ خێراییه‌كی زۆر به‌ره‌و زه‌وی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.

 

 

 

زانست و تەکنۆلۆژیا

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.