لیژنەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ قەرەبووکردنەوەکان رایگەیاند، بڕی ئەو 52،4 ملیار دۆلارەی عێراق وەک قەرەبووە بەڵێنی بە کەسان، کۆمپانیا و حکوومەتەکان دابوو بۆ ئەو زیانەی لە میانی داگیرکاریی کوێتدا لە 1990دا کەتبووەوە، بەجێگەیاند.
لە راگەیەندراوێکدا کە لەلایەن کۆمیسیۆنەکەوە بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوە کراوە تا ئێستا لە نزیکەی 2،7 ملیۆن داواکاری قەرەبووکردنەوە 1،5 ملیۆنیان پەسەند کراون کە تێکڕای قەرەبووکردنەوەکە بە 52،4 ملیار دۆلار دانراوە.
بەرزترین قەرەبوو 14،7 ملیار دۆلارە کە دراوە، ئەویش لە بەرامبەر سووتاندنی دامەزراوەکانی کۆمپانیای نەوتی کوێت لە دوای داگیرکاریەکە لەلایەن سەربازانی عێراقەوە سووتێندرا.
رۆژی 13ی کانوونی دووەم، حکوومەتی عێراق لەگەڵ پێدانی دوایین قەرەبوو جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە تەواوی قەرەبووەکەی تەواو کردووە.
لە راگەیەندراوەکەدا باس لەوە کراوە عێراق قەرەبووکردنەوەی ئەو زیانەی پەسەند کردووە کە دوای داگیرکردنی ناڕەوای کوێت کەوتەوە و بەرپرسیارێتی نێودەوڵەتییەکانی بەجێگەیاندووە.
بەهۆی ئەو کێشە ئەمنیی و داراییانەی بەهۆی بەرەنگاربوونەوەی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش رووویاندا، حکوومەتی عێراق لە تشرینی یەکەمی 2014دا پێدانی قەرەبووەکانی بە کۆمیسیۆنەکە راگرتبوو.
لە دوای دەستەبەرکردنی ئاسایش لە وڵاتەکەیدا، حکوومەتی عێراق لە نیسانی 2018دا دەستی کردەوە بە پێدانی قەرەبووەکان.
سوپای عێراق لە دووی ئابی 1990دا، کوێتی داگیر کرد و لە ماوەی دوو رۆژدا دەستی بەسەر تەواوی وڵاتەکەدا گرت.
لە نۆی ئابی هەمان ساڵدا، سەدام حوسێن لکاندنی کوێتی بە عێراق راگەیاند.
هاوپەیمانێتی بە رابەرایەتی ئەمریکا کە لە 37 وڵات پێکهاتبوو لە 17ی کانوونی دووەمی 1991دا، ئۆپەراسیۆنی گەردەلوولی بیابانی دژبە عێراق دەست پێ کرد.
لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنەکەدا کە تا 28ی شوبات بەردەوام بوو، کوێت لەژێر داگیرکاری عێراق رزگار کرا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.