Erbil 38°C شەممە 16 تشرینی دووەم 22:41

10 ملیۆن دۆلار ده‌درێته‌ ئه‌و که‌سه‌ی زانیاری لە بارەی ئه‌و گەورە تیرۆریسته‌ی داعش بدات

کوردستان TV
100%

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، بڕی 10 ملیۆن دۆلاری وەک خەڵات بۆ ئەو کەسە دانا کە لە بارەی بەرپرسی داعش-خۆراسان لە ئەفغانستان، سەنائوڵڵا غەفاری ناسراو بە شەهاب موهاجیر و ئەنجامدەرانی پەلامارەکەی 26ی ئابی 2021ی سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی حامید کارزای لە کابول، زانیاری بدات.

لەو بارەیەشەوە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە کە تیایدا هاتووە "پڕۆگرامی خەڵات لە پێناو دادپەروەریی کە لەلایەن خزمەتگوزاریی ئاسایشی دیپلۆماسیی سەربە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاوە بەڕێوەدەچێت، بڕی 10 ملیۆن دۆلاری بۆ ئەو کەسە داناوە کە لە بارەی ناسنامە یان شوێنی گەورە تیرۆریستیی رێکخراوی داعش-خۆراسان، سەنائوڵڵا غەفاری ناسراو بە شەهاب موهاجیر زانیاری بدات، یاخود لە بارەی ئەنجامدەرانی پەلامارەکەی 26ی ئابی 2021ی سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی حامید کارزای لە کابول، زانیاری گرنگ بدات کە ببێتە هۆی دەستگیرکردنی ئەنجامدەرانی پەلامارەکە لە هەر وڵاتێک بن".

لە راگەیەندراوەکەدا هەروەها باس لەوەش کراوە کە غەفاری لە حوزەیرانی 2020 دا بووتە بەرپرسی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش-خۆراسان و بەرپرسیار بووە لە بڕیاردان لە سەرجەم ئۆپەراسیۆنەکانی رێکخراوەکە لە ئەفغانستان، ئەوەش وەبیرهێندراوەتەوە کە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە 22ی تشرینی دووەمی 2021دا غەفاری-ی خستووەتە لیستی تایبەتی تیرۆریستە نێودەوڵەتییەکانەوە.

دوابەدوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان، رۆژی 26ی ئابی 2021 تەقینەوەیەک لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی حامید کارزای رووی دا و بووە هۆی گیانلەدەستدانی 13 سەربازی ئەمریکا و 170 هاووڵاتی ئەفغانستان، هەروەها زیاتر لە 150 کەس برینداربوون کە 18یان سەربازی ئەمریکی بوون.

رێکخراوی تیرۆریستی داعش-خۆراسان بەرپرسیارێتی خۆی لە ئەنجامدانی تەقینەوەکە راگەیاند.

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.