Erbil 38°C یەکشەممە 10 ئایار 00:24

هەنگاوی کرداری بۆ دەستپێکردنی هێڵی ئاسنین لەنێوان شارەکانی هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد

کوردستان TV
100%

وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی هەرێمی کوردستان هەنگاوی کرداری بۆ دەستپێکردنی دروستکردنی هێڵی ئاسنین لەنێوان شارەکانی هەرێمی کوردستان دەست پێ کرد و وەک قۆناغی یەکەمیش لەگەڵ کۆمپانیای دوێچەبانی ئەڵمانی گرێبەستی لێکتێگەیشتن بۆ هەنگاوەکانی دەستپێکردنی پرۆژەکە واژوو کرد.

پاش واژووکردنی گرێبەستەکە، وەزیری ئاوەدانکردنەوەی هەرێمی کوردستان، دانا عەبدولکەریم لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند "ئەمڕۆ یەکێکە لە رۆژە خۆشەکانی کوردستان کە ئێمە بتوانین دەست بکەین بە سەرەتای کارێک کە هەرێمی کوردستان بباتە قۆناغێکی نوێوە لە بواری گواستنەوە، ئەمڕۆ دوای ساڵ و نیوێک گفتوگۆکردن لەگەڵ کۆمپانیای دوێچەبانی ئەڵمانی توانیمان یاداشتی لێکتێگەیشتن واژوو بکەین بۆ ئەوەی ببێت بە سەرەتایەک بۆ قۆناغەکانی داهاتووی پرۆژەکە کە لە داهاتوودا هەم لە بواری دیزاینکردن هەم لە بواری هاوکاریکردن بۆ پەیداکردنی بوودجەی پرۆژەکە و سەرپەرشتیکردنی و هەم لە بواری بەڕێوەبردنی پرۆژەکەشدا دوای تەواوبوونی".

گوتیشی: "ئەمانە چەند قۆناغێکی گرینگن کارێکی زۆریان دەوێت و ئومێدەوارین کە هاوبەشەکەمان کە کۆمپانیای دوێچەبانە هاوکارێکی باش بێت و بتوانین بەسەرکەوتوویی ئەم پرۆژە گرینگە لە هەرێمی کوردستان تەواو بکەین کە بەدڵنیایییەوە نەک تەنها سوودی بۆ هەرێمی کوردستان، بەڵکو عێراق و وڵاتانی دراوسێش دەبێت کە بتوانین ئاڵوگۆڕی بازرگانیی و هاتوچۆ و بەیەک گەیشتن زیاتر بکەین".

وەزیری ئاوەدانکردنەوەی هەرێمی کوردستان، راشیگەیاند "پرۆژەی هێڵی ئاسنین لە هەرێمی کوردستان ماستەرپلانی لە ساڵی 2012 دانراوە، ئەرکی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەیە بەپێی یاسای وەزارەتەکە جێبەجێی بکات، لە سەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمەوە پلانمان داناوە ئەم پرۆژەیە جێبەجێ بکرێت، هەر لەو چوارچێوەیەدا لەگەڵ چەندین کۆمپانیا قسە کراوە و باشترین کۆمپانیا کە ئێمە توانیمان لەگەڵیدا رێک بکەوین کۆمپانیای دوێچەبانی ئەڵمانی بوو، دوای ساڵ و نیوێک گفتوگۆ، ئەمڕۆ گەیشتینە ئەوەی ئەم یاداشتی لێکتێگەیشتنە واژوو بکەین".

دەبارەی لێکتێگەیشتنەکەیان دانا عەبدولکەریم گوتی: "ئەم یاداشتە بۆ دروستکردنی هێڵی ئاسنینە لە هەرێمی کوردستان، بەڵام ئەمە ئامادەکاریی دەوێت، ئامادەکارییەکان سەرەتا توێژینەوەی گونجاوە بۆ پرۆژەکە کە لە داهاتوویەکی نزیکدا لەگەڵ کۆمپانیایەکی ئیسپانی واژووی دەکەین، ئامادەکارییەکانی دیکە بریتییە لە دیزاینکردنی پرۆژەکە دواتر چۆنییەتی جێبەجێکردنی پرۆژەکە و شانبەشانی ئەمانەش کارکردنە بۆ چۆنییەتی پەیداکردنی بوودجەی پرۆژەکە، بوودجەکەی هەوڵدەدرێت لەسەر چەند کۆمپانیایەکی جیهانی بێت کە پێشتر گفتوگۆیان لەگەڵ کراوە بۆ ئەمەش دەبێت رێک بکەوین کە بە شێوازی وەبەرهێنان بێت یان گرێبەستی درێژخایەن (مساتحه‌) بۆ ئەوەی لە ئایندەیەکی نزیکدا دوای تەواوبوونی دیزانینی پرۆژەکە و تەواوبوونی هەموو لایەنە تەکنیکییەکان بتوانین بیخەینە بواری جێبەجێکردنەوە".

دانا عەبدولکەریم راشیگەیاند "ئەم پرۆسەیە بە رۆژ و دوو رۆژ و مانگ تەواو نابێت کاتی پێویستە، چونکە هەم دەمانەوێت هێڵی ئاسنینەکە لە رووی کوالێتی و جۆرایەتی لە ئاستی وڵاتانی پیشکەوتووی دنیا بێت، ئێستا سەرەتایەکی باشمان دەست پێ کردووە جارێ نازانین تێچووی چەند دەبێت و چەندی کات پێویستە تاوەکو توێژینەوە لەسەر پرۆژەکە تەواو نەبێت و دیزاین تەواو نەبێت، ئەو کاتەی ئەمانە تەواو بوو وەڵامی ئەو پرسیارانەمان لادەبێت".

 

 

 

 

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.