به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی بانكه پسپۆرییه‌كان ڕایگەیاند، زیاتر له 4 ترلیۆن دینار وه‌ك پێشینه جۆراوجۆره‌كان دراوه‌ته‌وه هاووڵاتییان و نیوه‌ی زیاتری نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه.
شیرین حوسێن به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی بانكه پسپۆرییه‌كان، له گفتوگۆیه‌كی تایبه‌ت له‌گه‌ڵ فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری، تیشكی خسته سه‌ر بابه‌تی ئه‌و پێشینانه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به هاووڵاتییانی داوه كه ئێستا نوێترین بڕیاری حكوومه‌ت بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی ئه‌و پێشینانه چییه و چۆن ئاسانكاریی بۆ هاووڵاتییان كراوه و به چ شێوه‌یه‌ك لێخۆشبوو‌ن ده‌یانگرێته‌وه.
ئه‌و پێشینانه‌ی هاووڵاتییان وه‌ریانگرتووه سزای دواكه‌وتنی هاتۆته سه‌ر، چۆن بوو حكوومه‌ت بڕیاری لێخۆشبوونی بۆ ده‌ركردن؟
شیرین حوسێن: ماوه‌یه‌كه نووسراو و پێشنیازی زۆرمان سه‌باره‌ت به‌و بابه‌ته بۆ وه‌زاره‌ت به‌رز كردووه‌ته‌وه، له‌باره‌ی لێخۆشبوونی سوودی دواكه‌وتنی ئه‌و پێشینانه‌ی كه هاووڵاتییان وه‌ریانگرتووه، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش وه‌زاره‌تی دارایی دیراسه‌ی خۆی كردووه و به‌رزی كردووه‌ته‌وه بۆ سه‌رووی خۆی، كه ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانه، ئێستا خۆشبه‌ختانه ئه‌م بڕیاره ده‌رچووه و له به‌رژه‌وه‌ندی هاووڵاتییانه كه لێر‌ه‌وه ده‌مه‌وێ ئه‌و ڕوونكردنه‌وه بده‌م له كاتی خۆی حكوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان نزیكه‌ی 4 تریلیۆن دینار قه‌رزی وه‌كو پێشینه‌كانی خانووبه‌ره و نیشته‌جێبوون و كشتوكاڵ و پیشه‌سازی و گه‌شتیاری به هاووڵاتيیان داوه، ئه‌مه لۆدێكی زۆره هه‌تا ئێستا به هاووڵاتیيان دراوه، به‌ڵام به‌هۆی هه‌ندێك بارودۆخی ناهه‌موار هاووڵاتیان نه‌یانتوانیوه وه‌ك پێویست به ده‌نگ ئه‌وه‌وه بێن كه ئه‌و پشكانه‌ی له‌سه‌ریانه بیگه‌ڕێننه‌وه، ئه‌مه‌ش وای لێ هاتووه زۆربه‌ی هاووڵاتييان سوودێكی زۆری دواكه‌وتن چووه‌ته سه‌ر ئه‌و بڕه‌ی وه‌ك پێشینه وه‌ریانگرتووه، ئه‌مه‌ش بووه هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌م هاووڵاتيیانه نه‌توانن به‌هۆی زۆریی كه‌ڵه‌كه‌بوونی سووده‌كه، پێشینه‌كه‌ی بده‌نه‌وه. خۆشبه‌ختانه حكوومه‌تی هه‌رێم به‌و لێخۆشبوونه هه‌ستاوه كه ئه‌مه هه‌لێكی زێڕینه و داوا له هاووڵاتيیان ده‌كه‌م به ده‌نگ ئه‌و بڕیاره‌وه بچن و به هه‌لی بزانن بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی پێشینه‌كانیان، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پێشینه‌كان له بڕیاره‌كه هاتووه كه تا ئێسته شتی وا نه‌بووه له هه‌مان كاتدا له سوودی دواكه‌وتن لێیان خۆش ده‌بن له‌و بڕه پێشینه‌یه‌ی كه وه‌ریشیان گرتووه له بڕی 15%ی بڕه پاره‌كه‌ی خۆش ده‌بێت.
ئه‌م لێخۆشبوونه كێ ده‌گرێته‌وه و مه‌رجه‌كانی چین؟
شیرین حوسێن : پێویسته ئه‌و كه‌سه كه هه‌موو پشكه‌كانی له سه‌ریه‌تی و هه‌موو پێشینه‌كه‌ی كه وه‌ریگرتووه له ماوه‌ی 90 ڕۆژی كاركردن بۆ بانكه‌كان بگه‌ڕێنێته‌وه بۆیه ئه‌و كات سوومه‌ند ده‌بێت و بڕیاره‌كه ده‌یگرێته‌وه. ئه‌گه‌ر هاتوو هه‌موو بڕه‌كه‌ی گه‌ڕانده‌وه و پێشینه‌كه‌ی پاكتاو كرد، ئه‌و كاته له هه‌موو سوودی دواكه‌وتنه‌كه لێخۆشبوو‌ن ده‌یگرێته‌وه، سه‌باره‌ت به 90 ڕۆژی كاركردنه‌كه ده‌مه‌وێ بۆ هاووڵاتيیانی ڕوون بكه‌مه‌وه واته بانكه‌كان 90 ڕۆژ كار له‌سه‌ر ئه‌م بڕیاره ده‌كه‌ن، ئینجا هه‌ر پشوویه‌كی فه‌رمی یان ڕۆژانی هه‌ینی و شه‌ممه دێته پێش و بانكه‌كان ده‌وام ناكه‌ن، ئه‌مانه بۆیان قه‌ره‌بوو ده‌كرێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی 90 ڕۆژ كار بكرێت. ئێمه له هه‌رێمی كوردستان 28 بانكی پسپۆڕیمان هه‌یه، كه ئه‌م بانكانه پێشینه‌یان داوه، كه بانكه‌كانیش بریتین له بانكی خانووبه‌ره، پیشه‌سازی، كشتوكاڵ، نیشته‌جێكردن، هاووڵاتی له كامه بانك پێشینه‌ی وه‌رگرتووه، پێشینه‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێنێته‌وه هه‌مان بانك، چونكه دۆسیه‌كه‌ی له‌وێیه، ئه‌وه‌ی كه پێویسته له‌گه‌ڵ خۆی بیبات، ئه‌و كارته‌یه كه به‌ر له وه‌رگرتنی پێشینه‌كه بۆی كراوه بۆ ئه‌وه‌ی پێشینه‌كه‌ی پێ وه‌ربگرێت، كه ئه‌و كارته ناوی سیانی و ژماره‌ی دۆسیه‌ی تێدایه. ئه‌گه‌ر هاووڵاتی ئه‌و كارته‌ی نه‌مابێ یان لای نه‌بێت، ئه‌و كات بانكه‌كان به سیستمی كۆمپیوته‌ری ناوه‌كه‌ی ده‌دۆزنه‌وه و كاره‌كانی بۆ جێبه‌جێ ده‌كه‌ن، یانیش ئاساییه به كارتی نیشتمانی یان ناسنامه‌ی باری شارستانی ئه‌و كاره‌ی بۆ ده‌كرێت. هه‌روه‌ها ئه‌وانه‌ی وه‌كاله‌تیان بۆ كه‌سێك كردووه، ده‌بێت ئه‌و كه‌سه وه‌كاله‌نامه‌ی لابێت.
حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به چ شێوه‌یه‌ك ئاسانكاریی بۆ ئه‌و هاووڵاتیيانه كرد كه پێشینه‌یان وه‌رگرتووه؟
شیرین حوسێن : ئه‌وانه‌ی پێشینه‌ی خانووبه‌ره‌یان هه‌یه، هه‌یانه له ده‌ره‌وه‌ی شار 25 ملیۆنیان وه‌رگرتووه و ناوشاریش 20 ملیۆن دینار، ئه‌و كه‌سانه‌ش كه پاره‌كه‌یان وه‌رگرتووه هه‌یانه هیچ بڕه پاره‌یه‌كی نه‌گه‌ڕاندۆته‌وه و خه‌ڵكێش هه‌یه هه‌ندێكی گه‌ڕاندۆته‌وه، تاكه ڕێگه‌ش بۆ ئه‌وه‌ی هاووڵاتيیان له‌كاتی خۆی پێشینه‌كه بگه‌ڕێننه‌وه ته‌نها سزای دواكه‌وتنمان بۆ داناون كه به گشتی %10 یه، به‌ڵام له كشتوكاڵ %12 یه، بۆیه ئه‌و كه‌سانه‌ی كه هیچ بره پاره‌یه‌كی پێشینه‌كه‌یان نه‌گه‌ڕاندۆته‌وه ڕه‌نگه بڕه پاره‌یه‌كی زۆر تا ده‌گاته 5-6 ملیۆن دینار سزای دواكه‌وتنی كه‌وتۆته سه‌ر ، هی وا هه‌یه سزاكه‌ی گه‌یشتۆته 13 ملیۆن دینار، بۆیه ئێستا هه‌لێكی باشه بۆ ئه‌وانه‌ی پێشینه‌كان ده‌گه‌ڕێننه‌وه لێخۆشبوو‌ن ده‌یانگرێته‌وه، وه ئه‌وانه‌ی سزاكه‌یان له 13 ملیۆن به‌ره‌و خواره هیچیان لێ وه‌رناگیرێت، له هه‌مانكاتیشدا له‌و بڕه‌ی كه له سه‌ریه‌تی %15 لێخۆشبوونی بۆ ده‌كرێت كه تا ئێستا كار ئاسانی وا نه‌كراوه له پێشتر.
داتا و ورده‌كاریی وه‌رگرتنی پێشینه‌كان به گوێره‌ی پارێزگاكان چۆنه؟
شیرین حوسێن: ژماره‌یه‌كی زۆر خه‌ڵك له پێشینه‌كان سوودمه‌ند بوون، نزیكه‌ی 231.474 كه‌س سوودمه‌ندبوون به هه‌موو جۆره‌كانی پێشینه، زیاتر له 4 ترلیۆن دینار بۆ پێشینه دراوه كه نیوه‌ی زیاتری نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه.
له پارێزگای هه‌ولێر 72.181 كه‌س له پێشینه‌كان سوودمه‌ندبوون، زیاتر له ترلیۆنێك دینار دراوه به خه‌ڵك و زیاتر له 800 ملیار دینار تا ئێستا نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه بۆ حكوومه‌ت، له پارێزگای سلێمانی و گه‌رمیان و هه‌ڵه‌بجه 107.230 كه‌س له پێشینه‌كان سوودمه‌ند بوون، ترلیۆنێك و 592 هه‌زار ملیۆن دینار وه‌كو پێشینه وه‌رگیراوه و زیاتر له 735 ملیار دینار نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه بۆ حكوومه‌ت، له پارێزگای دهۆكیش 52.063 كه‌س له پێشینه‌كان سوودمه‌ند بوون و ترلیۆنێك و 40 میارو 404 ملیۆن دراوه‌ته‌وه پێشینه‌كان و زیاتر له 684 ملیار نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه بۆ حكوومه‌ت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.