ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەگەڵ سەرۆکی ڕووسیا پەیوەندییەکی تەلەفۆنیان ئەنجام دا.
بەپێی کۆشکی سپی جۆبایدن لە پەیوەندییەکەدا هۆشداری داوەتە پوتین و پێی ڕاگەیاندووە "بەتوندی وەڵامی هەر هێرشێکی ڕووسیا دەداتەوە بۆ سەر ئۆکڕاینا و باجێکی گەورە دەخاتە سەر وڵاتەکە".
هەروەها بە پوتینی گوتووە "ئەمریکا ئامادەیە بۆ پەنابردنە بەر گفتوگۆی دیپلۆماسی و هەماهەنگی تەواو لەگەڵ هاوپەیمانان، هاوکات بۆ هەر جۆرە سیناریۆیەکی دیکە ئامادەین ".
جەختیشی کردۆتەوە داگیرکردنی ئۆکڕاینا دەبێتە هۆی گورزێکی کوشندەی مرۆیی و هاوکات پێگەی ڕووسیاش لاواز دەکات".
هەر لەبارەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە بەرپرسێکی کۆشکی سپی ڕایگەیاند: پەیوەندییەکە سەرکەوتوو بووە، بەڵام لەو ئاستەدا نەبووە کە ببێتە هۆکارێک بۆ دروستبوونی گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی.
ڕاشیگەیاند: واشنتۆن ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ باشترکردنی ئاسایشی ئەوروپا و نەهێشتنی بەشێک لە نیگەرانییەکانی ڕووسیا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.