هونه‌رمه‌ندی ژه‌نیار كاكه حه‌مه‌ی شمشاڵ یان كاكه حه‌مه‌ی فلوت ، ( 1944 _ 26/10/2021)
ئه‌ندامی ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ری تیپی مۆسیقای سلێمانی
جه‌مالی ده‌لاك
له‌كوردستان به‌گشتی و له‌باشووردا كۆمه‌ڵێك تیپی مۆسیقاله نیوه‌ی سه‌ده‌ی پێشووه‌وه بوونی هه‌بووه‌و هه‌ریه‌ك له‌و تیپه مۆسیقی یانه، به‌پێی بارودۆخی سه‌رده‌م به هه‌وڵ و تێكۆشان توانای خۆیان هه‌ریه‌ك له‌ئاست خۆیه‌وه بهقامك و په‌نجه‌ی زێڕینیان خزمه‌تیان به هونه‌ری موزیك و گۆرانی كوردی كردووه ، كه كاره‌كانیان بۆ هه‌میشه جێی شانازیی و به‌رزنرخاندنه و به‌و كه‌م ده‌رامه‌ته ماڵی و ته‌كنیكیه‌وه ئه‌و مێژووه لێوان لێوه له‌جوانی و ڕه‌سه‌نایه‌تیان خوڵقاندووه ، یه‌كێك له‌و تیپه مۆسیقی یه دێرینانه‌ی كوردستان كهلهنیوسهده زیاتر له‌خزمه‌تكردن به‌هونه‌ری مۆسیقا و گۆرانی تێپهڕاندووهو ئه‌و ڕاستییه‌یان سه‌لماندووه كهبهئیرادهیهكی پته‌وه‌وه ڕووبه‌ڕووی هه‌موو قۆناغه‌كانی ژیان ( خۆشیی و ناخۆشی) ببنه‌وه‌و ته‌نها پێشخستن و سه‌ركه‌وتنی هونه‌ر له‌به‌رچاوبگرن، ئه‌ویش تیپی مۆسیقای سلێمانی یه، له‌سه‌ره‌تای ده‌ست به‌كاربوونیانه‌وه تابه‌ئه‌مڕۆ ده‌گات هونه‌ره‌كه‌یان بۆ ته‌واوی كوردستانه نه‌ك ته‌نها بۆ شاری سلێمانی. چونكه هونه‌ره به‌رزه‌كه‌یان هونه‌ری ڕه‌سه‌نی كوردییه‌و بۆ هه‌میشه ئه‌و خاڵه‌یان ڕه‌چاو كردووه و پێگه‌ی جوگرافیای شاری سلێمانی یان تێپه‌ڕاندووه و له‌ته‌واوی كوردستاندا كار‌و به‌رهه‌مه‌كانی تیپی مۆسیقای سلێمانی ناسراو و چێژبه‌خشن به‌بیسه‌ر و گوێگر ، هونه‌رمه‌نده ژهنیارهكانی تیپی مۆسیقای سلێمانی به‌وپه‌ڕی خۆشحاڵیه‌وه ده‌رگایان ئاوه‌ڵابووه بۆ هونه‌رمه‌ندانی گۆرانیبێژو هه‌موو كات بوونه‌ته پشت و هاوكار بۆ ده‌نگبێژان و گۆرانیبێژانی به‌توانای گه‌له‌كه‌مان .
هه‌ریه‌ك له هونه‌رمه‌ندانی ژه‌نیار و ده‌نگبێژی تیپی مۆسیقای سلێمانی له‌سه‌ره‌تای ده‌ستپێكی كاری هونه‌رییانه‌وه، به‌وپه‌ڕی دڵسۆزیی و خهمخۆرییهوهخۆیان ته‌رخانكردووه بۆ به‌رزڕاگرتنی هونه‌ر له‌كوردستان و به‌رده‌وامیدانی تیپی مۆسیقای سلێمانی له‌و ڕێگا پیرۆزه‌ی هونه‌ردا.
یه‌كێك له‌و هونه‌رمه‌نده ڕۆح سوك شیرین و خاوه‌ن دڵ و ده‌روونێكی پاك و هونه‌رمه‌ندێكی هێمن و له‌سه‌رخۆ كه‌به‌درێژای كاركردنی له‌ناو تیپی مۆسیقای سلێمانی دا ماندوبوونی نه‌زانیوه، خاوه‌ن كه‌سایه‌تیه‌كی مه‌زن وخاوه‌ن به‌هره‌یه‌كی جوانی هونه‌ری ، ئه‌ویش هونه‌رمه‌ند محه‌مه‌د حسێن ئه‌حمه‌د ه.
زۆرجار به‌كاكه حه‌مه‌ی شمشاڵ، یان كاكه حه‌مه‌ی فلوت ناسراوه ، سڵاو له‌و مێژووه جوانه‌ی ئه‌و هونه‌رمه‌نده هێمن و پڕ به‌خششه ،هونه‌رمه‌ند محه‌مه‌د حسێن ئه‌حمه‌د ، له‌ساڵی (1944) له ناحیه‌ی( سورداش ) سه‌ربه‌پارێزگای سلێمانی له‌دایكبووه ،له‌زێدی له‌دایكبوونی خراوه‌ته به‌رخوێندن و قۆناغی سه‌ره‌تایی له‌وێ ته‌واو ده‌كات ، له‌ساڵی (1957) له‌شاری سلێمانی چۆته قۆناغی ناوه‌ندی و درێژه‌ی به‌خوێندن داوه .
له‌ساڵی ( 1960 تا 1964) چۆته خانه‌ی مامۆستایان و ئه‌و قۆناغه‌ی خوێندنی ته‌واو كردووه و بڕوانامه‌ی به‌ده‌ست هێناوه ،ئه‌م خولیایه و عاشق به‌هونه‌ر و ژه‌نینی شمشاڵه چۆن له‌ناخییدا درووست بووه ، له قۆناغی سه‌ره‌تاییه‌وه خولیای مۆسیقا بووه و هه‌میشه گوێی له ژه‌نینی شمشاڵژه‌ن ( حه‌مه‌ی عه‌زه‌ی تیماری) گرتووه و به‌ده‌ست و په‌نجه‌و شێوازی ژه‌نینه‌كه‌ی سه‌رسام بووه ،دواترهونهرمهند له‌ڕێی گوێگرتن له ڕادیۆ، به‌تایبه‌ت ڕادیۆكانی ئێران به‌گشتی و ڕادیۆی ( تاران و كرماشان و قه‌سری شیرین) به‌تایبه‌تی ، گوێی لهسۆزو ژه‌نینی شمشاڵژه‌نه فارسه‌كان گرتووه و كاریگه‌ری له‌سه‌ر هونه‌رمه‌ند داناوه و ڕۆژ به‌ڕۆژ شاره‌زایی له‌سه‌ر كه‌سایه‌تی هونه‌رمه‌نده شمشاڵژهنهكان په‌یدا كردووه به‌تایبه‌ت هونه‌رمه‌ند ( حه‌سه‌ن كه‌سائی ) ئه‌مانه هه‌مووی ده‌بنه هۆكار كه زیاتر به‌ره‌و ئامێری شمشاڵ هه‌نگاو هه‌ڵگرێ و خۆی ببێته خاوه‌نی شمشاڵ ، له‌ساڵی (1950) له‌لای كه‌سایه‌تی شار و بێژه‌ری ڕادیۆ كاك ( عومه‌ر هه‌ڵمه‌ت) شمشاڵێك ده‌كڕێت و ده‌بێته خاوه‌نی شمشاڵ و له‌ماڵه‌وه خۆی به‌ژه‌نینی شمشاڵ سه‌رقاڵ و به‌رده‌وام پرۆڤه ده‌كات ،
له‌وسه‌رده‌مه‌دا جیا له گۆرانیه‌كانی هونه‌رمه‌ندانی كورد كه له ڕادیۆی كوردی به‌غداد وه په‌خش ده‌كران ، ده‌نگ و كاری هونه‌ری كۆمه‌ڵێك هونه‌رمه‌ندی گه‌وره‌ی عه‌ره‌ب له‌نێو خه‌ڵكیدا بوونیان هه‌بووه و ده‌نگ و هونه‌ره‌كه‌یان كاریگه‌ری له‌سه‌ر بیسه‌ران داناوه‌و تامه‌زرۆیی بیستنی به‌رهه‌مه‌كانیان بوون ، وه‌ك ( فه‌رید ئه‌تره‌ش و محه‌مه‌د عه‌بدولوه‌هاب و عه‌بدلحه‌لیم حافز و خزێری عه‌بدولعه‌زیز) جیا له‌گۆرانیه‌كانی هونه‌رمه‌ندان ( شه‌ماڵ سائیب و حه‌سه‌ن زیره‌ك ) كه هونه‌رمه‌ندی ژه‌نیار زۆر حه‌زی له‌گۆرانیه‌كانی ئه‌و دوو هونه‌رمه‌نده بووه و له‌سه‌ر گۆرانیه‌كانی ئه‌وان پرۆڤه‌ی كردووه ، به‌هه‌مان شێوه‌ش پرۆڤه‌ی له‌سه‌ر گۆرانیه‌كانی ئه‌و هونه‌رمه‌نده عه‌ره‌بانه‌ش كردووه ته‌نها به‌شێوه‌ی ( سماعی _ گوێگرتن) و چێژی لێوه‌رگرتوون ، هونه‌رمه‌ند به‌مشێوه‌یه به‌رده‌وام بووه تاساڵی (1961) تا ده‌چێته خانه‌ی پێگه‌یاندنی مامۆستایان ، له‌و خانه‌یه مامۆستا و هونه‌رمه‌ند ( ولیه‌م یوحه‌ننا ) بایه‌خێكی زۆری پێده‌دا و وانه سه‌ره‌تاییه‌كانی شمشاڵژه‌نینی فێركردووه ،هونه‌رمه‌ند محه‌مه‌د حسێن ئه‌حمه‌د ئه‌و كاته‌ی هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن زیره‌ك له‌شاری سلێمانی بووه له‌چه‌ند ئاهه‌نگێك له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندانی ژه‌نیاری هاورێی به‌شداری ئه‌و ئاهه‌نگانه‌یان كردووه ،له‌ساڵی (1967) هونه‌رمه‌ند ئه‌ندامی تیپی نواندن و مۆسیقای سلێمانی بووه ، دوای ساڵێك به‌شێوه‌ی فه‌رمی تیپی مۆسیقای سلێمانی له‌تیپی نواندن و مۆسیقا جیا ده‌بێته‌وه و تیپی مۆسیقای سلێمانی داده‌مه‌زرێنن ( 23/5/1967) ، هونه‌رمه‌ند یه‌كێك ده‌بێت له‌ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ران له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندان ( ئه‌نوه‌ر قه‌ره‌داخی ، ولیه‌م یوحه‌ننا ، فه‌ره‌یدوون دارتاش و فه‌رید عیسا )
هونه‌رمه‌ند وه‌ك ئه‌ندامێكی تیپی مۆسیقای سلێمانی به‌شداربووه له‌سه‌رجه‌م كار‌و چالاكییه‌كانی تیپی مۆسیقای سلێمانی له‌شاری له‌شاری سلێمانی و به‌غداد و هه‌موو شاره‌كانی عێراق و ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ی كهبۆتهلهفزیۆن تۆماركراون ،دوای ته‌واوكردنی خانه‌ی مامۆستایان و وه‌رگرتنی بڕوانامه ، به‌مامۆستای هونه‌ر داده‌مه‌زرێت ، مامۆستایه‌كی ڕۆح سووك و زمانشیرین و میهره‌بان بووه بۆ قوتابییه‌كانی و هه‌میشه چێژ و خۆشیی و نه‌شئه‌ی پێبه‌خشیوون ، به‌شێوازه نه‌رم و نیانییه‌كه‌ی مامه‌ڵه‌یه‌كی ته‌ندروستی له‌گه‌ڵ قوتابییه‌كانیدا كردووه و به‌رده‌وام له‌نێو قوتابییه‌كانیدا گه‌ڕاوه به‌دوای دۆزینه‌وه‌ی به‌هره‌ی ده‌نگخۆشیی و هانی داوون كه به‌رده‌وام بن له‌سه‌ر هونه‌ر ، له‌ساڵی (1978) وانه‌ی سروودی وتۆته‌وه له قوتابخانه‌ی سه‌لاحه‌دینی سه‌ره‌تایی .
له‌هه‌رشوێنێك یان تیپێك پێویستییان به‌ئامێری شمشاڵ و توانای به‌رزی ژه‌نینی كاكه حه‌مه‌ی شمشاڵ بووبێت خۆیی و شمشاڵه‌كه‌ی و به‌هه‌ست و زه‌وق و شه‌وقێكی لێوان لێو له‌هونه‌ر بوونی هه‌بووه ، وه‌هه‌روه‌ها هونه‌رمه‌ند ئه‌ندامی دامه‌زرێنه‌ری( تیپی مۆسیقای فۆلكلۆری كورد) و (تیپی هونه‌ری میللی كورد)بووه.به‌ڵام هه‌رئه‌ندامێكی كارا‌و دێرینی تیپه ئازیزه‌كه‌ی مۆسیقای سلێمانی بووه، به‌داخه‌وه له‌سه‌ره‌تای ساڵی (2020) به‌هۆی دووچاربوونی به‌نه‌خۆشیی و ناجێگیری باری ته‌ندروستی له‌هونه‌ر دووركه‌وتۆته‌وه، به‌ڵام مێژوویه‌كی لێوڕیژ له جوانی و به‌رزی پێشكه‌ش به نه‌ته‌وه‌كه‌یی و هونه‌ری مۆسیقا‌و گۆرانی كوردی كردووه ، مه‌خابن ئه‌و هونه‌رمه‌نده خۆشه‌ویست و هێمن و له‌سه‌رخۆیه له‌ته‌مه‌نی (77) ساڵیدا له‌ڕێكه‌وتی (26/10/2021) خۆری ته‌مه‌نی ئاوابوو، بۆهه‌میشه چاوه‌كانی لێكنا و ماڵئاوایی له‌هونه‌ر و هونه‌رمه‌ندان و خانه‌واده‌و تیپی مۆسیقای سلێمانی كرد، ڕۆحی شاد و گڵكۆكه‌ی هه‌میشه چراخان بێت.
جه‌مالی ده‌لاك 26/10/2021
.
بهسپاسێكی زۆره‌وه بۆ برای ئازیز كاك ئیسماعیل كوێستانی ، وێنه‌و هه‌ندێك له‌زانیارییه‌كان له‌سه‌ر هونه‌رمه‌ند، له‌كتێبی ( ڕوخسار و ئه‌زموون ) وه‌رگرتووه ده‌ستی ماندووبوونی ده‌گووشم.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.