Erbil 38°C چوارشەممە 25 کانونی یەکەم 23:40

حه‌مه‌ نه‌جاڕ .. ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ی گۆرانییه‌کانی ده‌وترێته‌وه‌،به‌ بێ ناوهێنانی .؟!

( 1939_ 1994)
کوردستان TV
100%

كه‌م نین ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ گۆرانیبێژ و ده‌نگخۆشانه‌ی كه‌ له‌سه‌ره‌تاوه‌ به‌بێ هیچ فێرگه‌یه‌كی مۆسیقی و هاوكارییه‌كی هونه‌ریی ، خۆڕسك خۆیان درووست ده‌كه‌ن و به‌رهه‌می ناوازه‌و دڵنشین تۆمارو بڵاو ده‌كه‌نه‌وه و به‌پێی پێویست گرنگی یان پێ نادرێت و فه‌رامۆش ده‌كرێن، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ پاش ماوه‌یه‌ك ئه‌وبه‌رهه‌مه‌ كه‌ پێشتر  ئه‌وهونه‌رمه‌نده‌ی كه‌ زه‌حمه‌تی پێوه‌ كێشاوه‌ و ماندوو بووه‌ تا تۆماری كردووه‌ ، له‌لایه‌ن كه‌سێكه‌وه‌ یان هونه‌رمه‌ندێكی تره‌وه‌ دووپاته‌ ده‌كرێته‌وه‌ به‌بێ ئه‌وه‌ی ناوی هونه‌رمه‌ندی یه‌كه‌م ببردرێت،

یه‌كێك له‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ی  كه‌ به‌ده‌نگه‌ گڕ  و خۆشه‌كه‌ی چه‌ند به‌رهه‌مێكی خوێندووه‌ ، هونه‌رمه‌ند ( محه‌مه‌د ئه‌حمه‌دی ) یه‌ كه‌له‌نێو دنیای هونه‌ر و ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌ ( حه‌مه‌ نه‌جاڕ) ناسراوه‌ ، بۆ ( نه‌جاڕ) له‌به‌رئه‌وه‌ی هونه‌رمه‌ند به‌پیشه‌ ( دارتاش ) بووه و وه‌ستایه‌كی ده‌ست و په‌نجه‌ ڕه‌نگینی ئه‌و پیشه‌یه‌ و له‌نێو خه‌ڵكیدا ناسراو بووه‌،

هونه‌رمه‌ند حه‌مه‌ نه‌جاڕ له‌ساڵی ( 1939) له‌شاری بانه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان له‌دایكبووه‌، هێشتا هونه‌رمه‌ند ته‌مه‌نی (3) سێ ساڵ بووه‌، به‌هۆی ئه‌و شه‌ڕو پێكدادانه‌ی نێوان هێزه‌كانی( حه‌مه‌ ڕه‌شیدخانی بانه‌) و ده‌وڵه‌تی ئێران و ده‌ست به‌سه‌راگرتنی شاری بانه‌ له‌لایه‌ن حه‌مه‌ڕه‌شید خانه‌وه‌ له‌ساڵی (1320ی هه‌تاوی) به‌رامبه‌ر به‌(1941ی زاینی ) بنه‌ماڵه‌ی هونه‌رمه‌ند حه‌مه‌ نه‌جاڕ، كۆچ ده‌كه‌ن به‌ره‌و شاری سه‌قز له‌یه‌كێك له‌ گه‌ڕه‌كه‌كانی ئه‌و شاره‌ به‌ناوی( سه‌رچه‌می وڵیخان) نیشته‌جێ ده‌بن.

هونه‌رمه‌ند له‌شاری سه‌قزدا، ده‌خرێته‌ به‌رخوێندنی ئایینی له‌لای مامۆستا مه‌لا ( سدیق ) و خه‌لیفه‌( حه‌مه‌ڕه‌شید)  كه‌ به‌( قوتاخانه‌ یان ده‌رسخانه‌) كه‌ له‌باشووری كوردستان به‌ ( حوجره‌) ناوبراوه‌، له‌خوێندن به‌رده‌وام ده‌بێت تا به‌ده‌ستهێنانی بڕوانامه‌ی سه‌ره‌تایی، له‌ته‌مه‌نی منداڵییه‌وه‌ حه‌مه‌ نه‌جاڕ ،په‌روه‌ردگار به‌هره‌یه‌كی خودایی كه‌ ده‌نگخۆشییه‌ پێده‌به‌خشێت ، له‌ڕێی ئه‌و به‌هره‌ ده‌نگخۆشییه‌وه‌ ده‌بێته‌ خۆشه‌ویستی نێو هاوڕێكانی و له‌كۆڕو كۆبوونه‌وه‌و مه‌راسیمه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی نێوگه‌ڕه‌كه‌كه‌ی چێژیان له‌ده‌نگ و گۆرانییه‌كانی وه‌رگرتووه‌.

هونه‌رمه‌ند حه‌مه‌ نه‌جاڕ،  خاوه‌نی به‌هره‌یه‌كی هونه‌ری و ده‌نگێكی به‌سۆزو  خاوه‌ن هه‌ستێكی به‌سه‌لیقه‌ له‌ ئه‌ده‌ب و نوسینی هۆنراوه‌دا، په‌یوه‌ندییه‌كی ڕۆحی به‌خاك و نیشتمان و زێده‌كه‌یه‌وه‌ هه‌بووه‌، ڕۆژه‌كانی هه‌ڵكشانی ته‌مه‌نی له‌شاری سه‌قز به‌سه‌ربردووه‌ ، به‌ڵام به‌رده‌وام بیرو هۆشیی له‌لای زێده‌كه‌ی شاری بانه‌ بووه‌،ئه‌و عه‌شقه‌ بۆته‌ هه‌وێنی خوڵقاندنی گۆرانییه‌ك كه‌ هونه‌رمه‌ند له‌ هۆنراوه‌و  ئاوازی خۆی بووه‌ و به‌و گۆرانییه‌  ناسراو ناوبانگی ده‌ركرد، ئه‌و گۆرانیه‌ به‌ناوبانگه‌كه‌ی هونه‌رمه‌ند حه‌مه‌ نه‌جاڕ ( گوڵی زه‌ردو سووری سڵێمان به‌گی بانه‌)  ، هونه‌رمه‌ند ئه‌وگۆرانییه‌ له‌گه‌ڵ تیپی مۆسیقای ڕادیۆی كرماشان تۆمارده‌كات و زۆر به‌زوویی بڵاوده‌بێته‌وه‌،

( به‌تفه‌نگی بڕنه‌و بانه‌ چۆڵ ده‌كه‌م

ئه‌و شه‌ڕه‌ له‌سه‌ر خاك و خۆڵ ئه‌كه‌م

هه‌ڵده‌گرم بڕنه‌و شه‌ڕه‌ له‌بانه‌

هه‌موو كۆوه‌بن شه‌ڕی كوردانه‌

گوڵی زه‌ردوو سووری سڵیمان به‌گی بانه‌

به‌وێنه‌ی نییه‌ له‌ڕووی جیهانا )

دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌و گۆرانییه‌و زیاتر ناساندنی ده‌نگ و هونه‌ری حه‌مه‌ نه‌جاڕ، هه‌مان گۆرانی هونه‌رمه‌ند ( عه‌باسی كه‌مه‌ندی ) له‌سه‌ر شێوازی ده‌نگ و هونه‌ره‌كه‌ی خۆی ، به‌ڕاستی زۆر جوان و پڕ هه‌ست و پڕ چێژ دووباره‌ی ‌كردۆته‌وه‌‌، 

هونه‌رمه‌ندی ژه‌نیار و ئاوازدانه‌ر و درووستكه‌ری ئامێری سه‌نتوور ( عه‌زیزی سه‌یفی) له‌دیدارێكدا ده‌ڵێت ( گۆرانی گوڵی زه‌ردو سووری سڵیمان به‌گی بانه‌، گۆرانییه‌كی به‌ناوبانگی كاكه‌ حه‌مه‌ نه‌جاڕه‌ و به‌و گۆرانییه‌ ناسراو ناوبانگی ده‌ركرد، دوای ماوه‌یه‌ك هونه‌رمه‌ند (عه‌باسی كه‌مه‌ندی 1952_22/5/2014) خوێندی ، ڕۆژێك كاكه‌ حه‌مه‌ نه‌جاڕ ته‌له‌فۆنی بۆ هونه‌رمه‌ند عه‌باسی كه‌مه‌ندی كردوه‌ و  لێی نیگه‌ران بووه‌ ، پێی ووت ئه‌و گۆرانییه‌ من خوێندوومه‌و هی منه‌، بۆ به‌بێ پرسی من خوێندووته‌) (1)

ئه‌و گۆرانییه‌ نه‌ك هه‌رهونه‌رمه‌ند عه‌باسی كه‌مه‌ندی به‌ڵكو له‌لایه‌ن هه‌ندێك هونه‌رمه‌نده‌وه‌ دووباره‌ كراونه‌ته‌وه‌، به‌بێ ئاماژه‌دان به‌ هۆنراوه‌ و ئاواز خاوه‌نه‌كه‌ی ؟!

ده‌نگ و هونه‌ر و شێوازی حه‌مه‌ نه‌جاڕ له‌دوای ئه‌و گۆرانییه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت و چه‌ند گۆرانییه‌كی دیكه‌ ده‌خوێنێ و بڵاوی ده‌كاته‌وه‌ ،

گۆرانییه‌كانی هونه‌رمه‌ند حه‌مه‌ نه‌جاڕ ...!

1/ گوڵی زه‌ردو سووری سڵێمان به‌گی بانه‌

2/  ( ساقی له‌په‌رده‌ ده‌رهات)  به‌ گۆرانی گه‌ردو گوڵی به‌یان بوو، ناسراوه‌ له‌ ( هۆنراوه‌ی ، پێنج خشتەکیه‌كی فایه‌ق بێكه‌س لەسەر غەزەلێکی سالم ، ئاوازی هونه‌رمه‌ند عه‌زیزی سه‌یفی ، ئاماده‌ودابه‌شكردنی مۆسیقا ، هونه‌رمه‌ند ڕه‌شیدخانی فه‌یزنه‌ژاد)

3/ به‌هار به‌هار

4/ من بێ په‌نام

5/ ئه‌ی یاران وه‌رن  ( هه‌ردوو گۆرانی له‌لایه‌ن هونه‌رمه‌ند عه‌لی زه‌ندی یه‌وه‌ دووپاته‌ كراونه‌ته‌وه‌)

6/ ئای عه‌زیزم

7/ هه‌سته‌ گیانه‌ به‌ربه‌یانه‌

8/ دێوانه‌م ( ئه‌م گۆرانییه‌ له‌ئه‌رشیفی هونه‌رمه‌ندی ژه‌نیار عه‌لی عابدی  پارێزراوه‌)

هونه‌رمه‌ند حه‌مه‌ نه‌جاڕ ، له‌ڕێی رادیۆی كوردی به‌غداوه‌ ئاشنا بووه‌ به‌ده‌نگ و هونه‌رمه‌ندانی باشووری كوردستان ، و به‌عه‌شق و خۆشیه‌كه‌وه‌ سه‌رسام بووه‌ به‌ ده‌نگ و هونه‌ری هونه‌رمه‌ندان و گۆرانییه‌كانی ئه‌وانیشی گوتۆته‌وه‌ ( شه‌وكه‌ت ڕه‌شید1930_17/4/1991) ، (تایه‌رتۆفیق1922_20/10/1987)، (حه‌مه‌ ساڵه‌ح دیلان 1927_28/10/1990) و (كه‌ریم كابان 24/2/1927_ 14/1/2016)، یه‌پوه‌ندی دۆستانه‌ی له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندانی باشووردا هه‌بووه‌، به‌تایبه‌ت هونه‌رمه‌ند ( كه‌ریم كابان)

هونه‌رمه‌ند له‌ تافی لاویدا ژیانی هاوسه‌ری پێكدێنێت، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ژیانی هاوسه‌رییه‌كه‌ی درێژه‌ ناكێشێ و ژیانی هاوبه‌شی تێكچووه‌ و ، دووچاری كێشه‌ی ڕۆحی ده‌بێت به‌هۆی ئه‌و دابڕانه‌وه‌ ، به‌ڵام بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی ئه‌و ڕۆحه‌ داڕۆخاوه‌ په‌نای زۆرتر ده‌باته‌ به‌رهونه‌ره‌كه‌ی ، و  برا و برازاكانی ده‌بنه‌ پشت و هاوكاری و ژینگه‌یه‌كی ئارامی بۆدرووست ده‌كه‌نه‌وه‌ تا درێژه‌ باته‌وه‌ به‌ژیان.

هونه‌رمه‌ند له‌شاری سه‌قز وه‌ك هاوڵاتییه‌ك و هونه‌رمه‌ندێكی فه‌رامۆشكراو به‌كوچه‌و كۆڵانه‌كانی ژیاندا به‌بێ نازی هه‌نگاو ده‌نێ و ، كه‌سێك نییه‌ تا ووزه‌و تینێكی پێبداته‌وه‌و گه‌رووه‌ گڕه‌كه‌ی بخاته‌وه‌ سه‌ر ڕێچكه‌ی چڕینی ئاواز و گۆرانی زیاتر ، تا ساڵی (1986) له‌شاری سه‌قز چه‌ند هونه‌رمه‌ندێكی دڵسۆزو خه‌مخۆر بۆ هونه‌ری مۆسیقا و گۆرانی ، هه‌ست و ده‌ست و په‌نجه‌ زێرینه‌كانیان ده‌خه‌نه‌ كار و گه‌شه‌ به‌ هونه‌ر بده‌ن ، ئه‌و كۆمه‌ڵه‌ هونه‌رمه‌نده‌ دڵسۆزه‌ ، تیپێكی مۆسیقا له‌شاری سه‌قز درووست ده‌كه‌ن و ناوی ده‌نێن ( وه‌نه‌شه‌) له‌هه‌مانساڵدا ئه‌و گروپه‌ مۆسیقیه‌، كه‌پێك هاتوون له‌م هونه‌رمه‌ندانه‌ ( ڕه‌سوڵ میرزا پوور ، ڕه‌شیدخانی فه‌یزنه‌ژاد، عه‌زیزی سه‌یفی ، سمایلی یه‌عقوبی ، محیه‌ی فه‌ره‌جی ، فه‌دینی تاهیری  و هه‌ندێك جار محه‌مه‌دی ناهید هاوكارییان بووه‌) به‌رهه‌مێك بۆ هونه‌رمه‌ند حه‌مه‌ نه‌جاڕ تۆمارده‌كه‌ن، له‌وباره‌یه‌وه‌  هونه‌رمه‌ند عه‌زیزی سه‌یفی ده‌ڵێت ( هونه‌رمه‌ند حه‌مه‌ نه‌جاڕ هونه‌رمه‌ندێكی ده‌نگخۆش و شاره‌زا له‌چڕینی گۆرانیدا ، به‌داخه‌وه‌ ئێمه‌ وه‌ك تیپی مۆسیقای وه‌نه‌وشه‌ له‌ته‌مه‌نی پیرییدا ئاشنای بووین له‌گه‌ڵییدا، له‌ماڵی خۆمان كاسێتێكمان بۆتۆماركرد به‌هاوكاری ئه‌و كۆمه‌ڵه‌ هونه‌رمه‌نده‌ ژه‌نیارانه‌، یه‌كێك له‌گۆرانییه‌ ناوداره‌كانی ئه‌و كاسێته‌ گۆرانی ( گه‌ردو گوڵی به‌یان بوو) كه‌ ئه‌و ئاوازه‌ من پێمدا، له‌و كاسێته‌دا (5بۆ 6) ئاوازی خۆشی خوێند،ده‌بێت ئه‌وه‌ش بڵیم ئه‌و كاسێته‌ كاك ( ئه‌سعه‌دی داوه‌ری) خاوه‌نی تۆمارگایه‌ له‌شاری سه‌قز ، تۆماری كرد، وه‌ك دیاری جه‌ژنی نه‌ورۆزی ئه‌وساڵه‌ ئه‌و كاسێته‌ بڵاو كرایه‌وه‌ و پێشوازییه‌كی زۆری لێكرا) (2) 

ئه‌و كاره‌ هونه‌رییه‌ی هونه‌رمه‌ند حه‌مه‌ نه‌جار له‌گه‌ڵ تیپی مۆسیقای وه‌نه‌وشه‌، دوایین كاری هونه‌ری بووه‌و ، به‌رهه‌می دیكه‌ی تۆمارنه‌كردووه‌ ، مه‌گه‌ر ته‌نها له‌دانیشتن و كۆڕو كۆبوونه‌وه‌ی هاوڕێیان و دۆستانیداگۆرانی خوێندبێ، وه‌ك ده‌بیسترێ هونه‌رمه‌ند گۆشه‌گیر بووبێت و ژیانێكی خه‌مانگێزی به‌سه‌ربردووه‌ تادوا ساته‌كانی ژیانی ، هه‌رچه‌نده‌ هونه‌رمه‌ند ته‌مه‌نی ئه‌وه‌نده‌ سه‌رنه‌كه‌وتووه‌ ،به‌ڵكو به‌هۆی دووچاربوونی به‌نه‌خۆشیی ، له‌ته‌مه‌نی (55) ساڵیدا ، واته‌ له‌ساڵی (1994) به‌كۆڵێك خه‌م حه‌سره‌ت و هیواوه‌ سه‌رده‌نێته‌وه‌و، ماڵئاوایی له‌هونه‌ر و شاره‌ جوانه‌كه‌ی بانه‌و ته‌واوی كوردستان ده‌كات ، له‌گۆڕستانی شاری ( سه‌قز) ئه‌سپه‌رده‌ی خاكی پیرۆزی كوردستانی ده‌كه‌ن ، ڕۆحی شاد و یاد و یاده‌وه‌ریی و به‌رهه‌مه‌ هونه‌رییه‌كانی هه‌موو كات به‌رز و به‌ڕێزبن.

كاتێك هه‌واڵی كۆچی دوایی هونه‌رمه‌ند ( حه‌مه‌ نه‌جاڕ) بڵاوده‌بێته‌وه‌ و هۆگران و ئاره‌زوو مه‌ندانی ده‌نگ و هونه‌ره‌كه‌ی پێی خه‌مبار و تازییه‌بار ده‌بن، هونه‌رمه‌ندی گه‌وره‌ ( كه‌ریم كابان) به‌بیستنی ئه‌و هه‌واڵه‌و له‌ده‌ستدانی هاوڕی هونه‌رمه‌نده‌كه‌ی ، له‌ڕێی نامه‌یه‌كی خه‌مئامێزه‌وه‌ هاوبه‌ش و هاوخه‌می خۆی ده‌گه‌یه‌نێته‌ بنه‌ماڵه‌ی هونه‌رمه‌ند و به‌خه‌ساره‌ت و كوژاندنه‌وه‌ی ده‌نگ و هونه‌رێكی ناوازه‌ی گه‌له‌كه‌ی ده‌زانێت.

 تێكستی گۆرانی ( ساقی له‌په‌رده‌ ده‌رهات _ گه‌ردوگوڵی به‌یان بوو)

ساقی لە پەردە دەرهات

(پێنج خشتەکی لەسەر غەزەلێکی سالم)

 له‌ دیوانی فایه‌ق بێکەس (1905_18/12/1948)

گەرد و گوڵی بەیان بوو سەبا کیتابی هێنا

لەو یارە نازدارەوە ڕاز و عیتابی هێنا

لە خۆشییا کە قاسید هات و جەوابی هێنا

ساقی لەپەردە دەرهات جامی شەرابی هێنا

دڵ خیرە ما لە حیرەت مەهـ ئافتابی هێنا

***

واقەوم و خۆیش تەبیبیان هێنا و هاتن بەدەستە

دەستێکی دا لە دەستم فەرمووی کە چیتە هەستە

وتم دەرمانی دەردم لای تۆ نییە مەوەستە

تیماری چاکی سینەم ڕاجیع بەچاوی مەستە

بەختیش موافیقی عەشق بۆ من خرابی هێنا

***

لە کۆڕی بەزم و ڕەزما، لە حاڵەتێکی مەستا

دانیشتبووم لەناکاو عوود و کەمانە وەستا

لە حیرەتا سەراپا مەجلیس عوموومی هەستا

یارم لە ئەندەروون هات دەستی ڕەقیب لە دەستا

غەمناک و شادمانم، ڕەحمەت عەزابی هێنا

***

دەستم لە بادە هەڵگرت ساز و نەیم فڕێ دا

ترسی قیامەتم بوو ڕوو ڕەش نەبم لەوێدا

بەرماڵم گرتە کۆڵ و توند لە ملم گرێ دا

بۆ تۆبە سوویی مەجلیس هاتم بچم، لە ڕێدا

بۆ کۆیی مەی فرۆشان قیسمەت شیتابی هێنا

***

جه‌مالی ده‌لاك  7/10/2021

سه‌رچاوه‌ :

  1. و 2) به‌رنامه‌ی ئاوێنه‌ی هونه‌ر ،  دیدار له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند عه‌زیزی سه‌یفی ، ئاماده‌و پێشكه‌شكار جه‌لال هانیسی ، كه‌ناڵی ئاسمانی ڕۆژهه‌ڵات ، 13/3/2015          
  • به‌پێویستی ده‌زانم سوپاس و ستایشی  هونه‌رمه‌ند ( عه‌لی عابدی ) و نووسه‌ر (حه‌سه‌ن ئه‌مینی) بكه‌م ، بۆئه‌م بابه‌ته‌ سوودم له‌خامه‌ی هه‌ردوو به‌ڕێز وه‌رگرتووه‌ ( ج،د)

 

 

کوردستان بناسە

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.