Erbil 38°C چوارشەممە 25 کانونی یەکەم 23:01

صباح محه‌مه‌دئه‌مین :ماڵی من ته‌نها تیپی مۆسیقای سلێمانییه‌  ...!

(1948_ 7/10/2021)
کوردستان TV
100%

به‌داخه‌وه‌ ڕۆژی پێنج شه‌ممه‌ ، ڕێكه‌وتی (7/10/2021) هونه‌رمه‌ندێك كه‌ نزیكه‌ی نیوسه‌ده‌ خزمه‌تكردن له‌ ژه‌نینی مۆسیقا و مامۆستای چالاكی قوتابخانه‌كان و ئاوازدانه‌ر له‌بواری سروود و گۆرانی بۆ منداڵان ، له‌شاری دهۆك ، ( صباح محه‌مه‌د ئه‌مین) بۆ هه‌میشه‌ چاوه‌كانی لێكنا و ماڵئاوایی له‌ژیان و هونه‌ر كرد.

هونه‌رمه‌ند یه‌كێك بوو له‌ ئه‌ندامه‌ دێرینه‌كانی تیپی مۆسیقای سلێمانی و تیپی مۆسیقای شۆڕش، له‌ناو تیپی مۆسیقای سلێمانی له‌ساڵی (1967 ) وه‌ درێژه‌ی به‌كارو تێكۆشان و خزمه‌تی هونه‌ر  و  چالاكی قوتابخانه‌كان و مامۆستای وانه‌ی سروود و گۆرانی داوه و،‌ تا ساڵی (1990) هه‌واری گواستۆته‌وه‌‌ بۆ‌ شاره‌ جوانه‌كه‌ی (دهۆك) و له‌و شاره‌ش به‌هه‌مان گوڕ و تینه‌وه‌ درێژه‌ی به‌كاره‌ هونه‌رییه‌كانی داوه‌ وه‌ك به‌ڕێوه‌به‌ری چالاكی قوتابخانه‌كان و سه‌رپه‌شتیاری په‌روه‌رده‌یی له‌شاری دهۆك.

له‌ڕێكه‌وتی  (5/7/2017) به‌بۆنه‌ی یادی یۆبیڵی زێڕینی تیپی مۆسیقای سلێمانی، له‌ته‌لاری هونه‌ر و میوانخانه‌ی ( مه‌م و زین)  و له‌ ڕێكه‌وتی (22/11/2018) له‌ فیستڤاڵى کوردستان بۆ موزیک و گۆرانى، له‌هۆڵی ڕۆشنبیری له‌شاری هه‌ولێر، به‌خزمه‌تی ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ ماندوو پڕ به‌خششه‌ هونه‌رییه‌گه‌یشتم ، وه‌ له‌سه‌ره‌تای مانگی (5/2021) له‌ڕێی ماسنجه‌ره‌وه‌پێوه‌ندیم پێوه‌كرد و چه‌ند پرسیاركم سه‌باره‌ت به ژیان و ‌كاری هونه‌ری ئاراسته‌ كرد و به‌لوتفه‌وه‌ وه‌ڵامی دامه‌وه‌.

هونه‌رمه‌ند صباح محه‌مه‌د ئه‌مین، له‌ساڵی (1948) له‌شاری كه‌ركوك له‌دایكبووه‌ و ، ده‌رچووی (خانه‌ی مامۆستایانی سلێمانی ) بووه‌ له‌ساڵی (1969 بۆ 1970) ،له‌ته‌مه‌نی منداڵییه‌وه‌ حه‌زو خولیای بۆ هونه‌ر هه‌بووه‌،  له‌ساڵی (1967) هاتۆته‌ شاری سلێمانی بۆ مه‌به‌ستی خوێندن، هونه‌رمه‌ند وتی : له‌ساڵی (1967) هاتمه‌ شاری سلێمانی و له‌ماڵێك له‌ته‌نیشتی ماڵی كه‌سایه‌تی ناسراو ( حاجی مه‌لا شه‌ریف ) له‌گه‌ڕه‌كی (سابونكه‌ران) نیشته‌جێ بووم ، جوانترین و خۆشترین ڕۆژه‌كانی ژیانم بوو له‌ماوه‌ی ئه‌و (3) سێ ساڵه‌دا، دراوسێیه‌كی باش و خاوه‌نی هه‌موو خه‌سڵه‌ته‌‌ جوانه‌كانی مرۆڤایه‌تی بوون،هه‌رله‌و ساڵه‌دا (1967) له‌ڕێگه‌ی خزمێكیه‌وه‌  په‌یوه‌ندیم به‌مامۆستا و هونه‌رمه‌ند( ئه‌نوه‌ر قه‌ره‌داخی) یه‌وه‌ كرد و بوومه‌ ئه‌ندامی تیپی مۆسیقای سلێمانی ، هونه‌رمه‌ند وه‌ك ژه‌نیاری ئامێری ( ئیقاع ) درێژه‌ به‌كاره‌ هونه‌رییه‌كانی ده‌دات و به‌شداری هه‌موو چالاكییه‌كانی تیپی مۆسیقای سلێمانی ده‌كات.

هونه‌رمه‌ند جگه‌ له‌ژه‌نینی ئامێری ( ئیقاع ) ، حه‌زو ئاره‌زووی ده‌چێته‌ سه‌ر ژه‌نینی ئامێره‌كانی ( ئۆكۆردیۆن ، ئۆرگ و درامس) له‌ژه‌نینی ئه‌و ئامێرانه‌شدا سه‌ركه‌وتووبووه‌، له‌ساڵی (1974) وه‌ك هونه‌رمه‌ندێكی دڵسۆز بۆ خاك و نیشتمان و دۆزی ڕه‌وای گه‌له‌كه‌ی ،له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندانی هاوڕێی ده‌بێته‌ پێشمه‌رگه‌و له‌ناو ( تیپی مۆسیقای شۆڕش) درێژه‌ به‌خه‌باتی پێشمه‌رگایه‌تی و هونه‌ری ده‌دات.

یه‌كێك له‌شانازییه‌كانی هونه‌رمه‌ند كه‌ پێی سه‌ربه‌رزبووه‌و ئاماژه‌ی پێدا ، ئه‌وه‌یه‌ ڕۆژگارێك وه‌ك هونه‌رمه‌ندێك هاوشانی پێشمه‌رگه‌كانی كوردستان له‌گه‌ڵ هاوڕێ هونه‌رمه‌نده‌كانی پێشمه‌رگه‌بوون و سه‌نگه‌ری به‌رگری وڵاته‌كه‌یان پته‌وتركردووه‌، هونه‌رمه‌ند ئاماژه‌ به‌سروودێك ده‌دات كه‌له‌گه‌ڵ تیپی مۆسیقای شۆڕش خوێندوویه‌تی( ئه‌و كاته‌ی ئه‌ندامی تیپی مۆسیقای شۆڕش بووم سروودێكم تۆماركرد له‌ئاوازی خۆم و هۆنراوه‌ی حه‌سه‌ن عه‌واڵانی ، به‌ناوی ( ئه‌وشه‌هیدانه‌ی خوێنیان ڕژاوه‌) .

هونه‌رمه‌ند صباح محه‌مه‌د ئه‌مین ، له‌ڕێكه‌وتی ( 26/2/2006) له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری و لاوانه‌وه‌، خه‌ڵاتی ڕێزلێنان به‌خشراوه‌ته‌ ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ دڵسۆزو كوردپه‌روه‌رانه‌ی كه‌ له‌تیپی مۆسیقای شۆڕش دا خه‌باتیان كردووه‌، هونه‌رمه‌ندیش وه‌ك هونه‌رمه‌ند و پێشمه‌رگه‌یه‌كی شۆڕشگێر خه‌ڵاتی پێبه‌خشراوه‌ و مه‌دالیای ڕێزلێنان خراوه‌ته‌ گه‌ردنی .

هونه‌رمه‌ند ئاماژه‌ی به‌و خه‌ڵاته‌ دا و وتی ( هه‌میشه‌ شانازی به‌و خه‌ڵات و ڕێزلێنانه‌وه‌ ده‌كه‌م ، ڕاسته‌ من خه‌ڵكی كه‌ركوك م و خزمه‌تی هونه‌ری نه‌ته‌وه‌كه‌م له‌نێو تیپی مۆسیقای سلێمانی، له‌شاری سلێمانی كردووه‌و ، ماوه‌ی (30) ساڵه‌ وه‌ك هونه‌رمه‌ندێك له‌شاری دهۆكی جوان و ڕه‌نگین ده‌ژیم ، به‌ڵام من هونه‌رمه‌ندێكی كورد و خه‌ڵكی كوردستانم).

له‌دوای ساڵی (1975) هونه‌رمه‌ند له‌گه‌ڵ هاوڕێی هونه‌رمه‌نده‌كانی له‌ناو تیپی مۆسیقای سلێمانی درێژه‌ به‌كارو تێكۆشانه‌ هونه‌ری و چالاكییه‌ هونه‌رییه‌كان ده‌دات و هه‌روه‌ها وه‌ك مامۆستا و هونه‌رمه‌ندێكی ئاوازدانه‌ر و دڵسۆز بۆ قوتابیان له‌چالاكی قوتابخانه‌كان ئه‌ركی سه‌رشانی خۆی به‌جێ ده‌گه‌یه‌نێ و هه‌روه‌ها ووتنه‌وه‌ی وانه‌ی سروود و مۆسیقا به‌ قوتابیانی (3) قوتابخانه‌ له‌شاری سلێمانی،هونه‌رمه‌ندێكی به‌ڵا به‌رزی شیكپۆشی ڕوخسار ده‌م به‌خه‌نده‌و هێمن و میهره‌بان له‌گه‌ڵ هاوڕێكانی و قوتابیه‌كانی ،  هه‌روه‌ها خۆشه‌ویستی نێو  مامۆستایان و هونه‌رمه‌ندان بووه‌ ، دوو له‌قوتابیه‌كانی، له‌دوو قوتابخانه‌ی جیاواز، به‌و شێوه‌یه‌ خوێندنه‌وه‌ بۆ مامۆستاكه‌یان ده‌كه‌ن :

(یەکەم خۆشەویستیم بۆ موزیک و گۆرانی کوردی لەسەر دەستی ئەو مامۆستا بەڕێزە بوو کە لە قوتابخانەی پێشکەوتن بەئامێرێکی ئۆکۆردیۆن سروودەکانی (شاخی رەنگاو رەنگی گۆیژە)و چەندین سروودی تری جوانی فێردەکردین زۆریش هەوڵی دەدا ئەو قوتابیانەی حەزو خولیای میوزیکیان هەیە سوود لەبەهرەو تواناکانیان وەرگرێت ، ئێستاش شێوەیم لەبەرچاوە مامۆستا جوانی رێکپۆشی گەنجی پڕ ووزەو توانا)(1)

هه‌روه‌ها قوتابییه‌كی دیكه‌ مامۆستا و هونه‌رمه‌ند ده‌ڵێت(ئەو مامۆستا بەڕێزە لە قۆناخی سەرەتاییدا لەقوتابخانەی پیرمەگرون وانەی سروودی پێ ئەووتینەو ، بەیانیان بە ئۆکۆردیۆنەکەی بەسەر قادرمەکاندا هەتا ناو پۆلەکەمان به‌مۆسیقای سرووده‌كان دڵخۆشی ئەکردین و وانه‌ی هونه‌ر و مۆسیقا و سرووده‌كانی زیاتر له‌لا خۆشه‌ویستر ده‌كردین)(2)

هه‌روه‌ها هونه‌رمه‌ند ئاماژه‌ به‌ چالاكییه‌ك ده‌دات كه‌له‌ساڵی (1977) و ده‌ڵێت ( به‌شداریمان له‌خولێكی مۆسیقا كرد له‌په‌یمانگای هونه‌ره‌ جوانه‌كان ، له‌سه‌ر ئاستی هه‌موو عێراق پله‌ی یه‌كه‌ممان بۆشاری سلێمانی به‌ده‌ستهێنا)

هونه‌رمه‌ند صباح محه‌مه‌دئه‌مین ، به‌هۆی ئه‌و حه‌زو خولیاو عه‌شقه‌ی هه‌یبووه‌ بۆ مۆسیقا و زیاتر فێركردن و ئاشناكردنی منداڵانی نه‌ته‌وه‌كه‌ی به‌هونه‌ری مۆسیقا ، له‌ساڵی (1983) كتێبێك به‌ناوی  (ئه‌ڤین) سروود و گۆرانی بۆ منداڵان ، كه‌ڵكی له‌هۆنراوه‌ی شاعیران وه‌رگرتووه‌و خودی هونه‌رمه‌ند ئاوازی له‌سه‌ر داناوون،كاتێكیش كه‌ شوێنی نیشته‌جێ بوونی گواستۆته‌وه‌ بۆ دهۆك ، به‌زاراوه‌ی كرمانجی چه‌ندین هۆنراوه‌و ئاوازی داناوه‌و له‌كه‌ناڵه‌كانی ڕاگه‌یاندنه‌وه‌ بڵاوكراوه‌نه‌ته‌وه‌  تا منداڵان سودی لێوه‌ربگرن.

هونه‌رمه‌ند ماوه‌ی (24) ساڵ له‌شاری سلێمانی و له‌ناو خه‌ڵكه‌كه‌ی خۆیدا و هاوڕێی هونه‌رمه‌نده‌كانی له‌تیپی مۆسیقای سلێمانی ژیاو تێكۆشاله‌پێناو پێشخستن و سه‌ركه‌وتنی هونه‌ری مۆسیقا و سروود و گۆرانی ، له‌ساڵی ( 1982 تا 1990) مامۆستای مۆسیقا بووه‌له‌ خانه‌ی مامۆستایانی سلێمانی، دوای ڕاپه‌ڕینی ساڵی (1991) هونه‌رمه‌ند ڕووده‌كاته‌ شاری دهۆك و پۆستی (به‌ڕێوه‌به‌ری چالاكی قوتابخانه‌كان ) وه‌رده‌گرێت ، تا ساڵی (2005) ده‌بێته‌ سه‌رپه‌رشتیاری په‌روه‌رده‌یی، پسپۆری له‌ مۆسیقا ئه‌و كارانه‌ به‌سه‌ركه‌وتوویی ئه‌نجام ده‌دات تا ڕۆژی خانه‌شین بوونی.

له‌ماوه‌ی ئه‌و سی ساڵه‌ی له‌شاری دهۆك ژیاوه‌ ، به‌رده‌وام تێكۆشاوه‌و  له‌خزمه‌تی به‌رده‌وامدا بووه‌ بۆ منداڵان و گه‌شه‌كردنی بواری مۆسیقا ، هونه‌رمه‌ند ئاماژه‌ به‌كاره‌ هونه‌رییه‌كانی ده‌دات ( له‌ساڵی (1993 تا 2005) چه‌ند خولێكی مۆسیقام بۆ منداڵان و قوتابیانی شاری دهۆك كردۆته‌وه‌ ، تپیێكی تایبه‌ت به‌مۆسیقام بۆ په‌روه‌رده‌و چالاكی قوتابخانه‌كان پێكهێناوه‌و هه‌ر ساڵێك به‌شداریمان له‌ فیستڤاڵه‌ هونه‌رییه‌كانی هه‌ولێر و دهۆك دا كردبێت  پله‌ی یه‌كه‌ممان به‌ده‌ستهێناوه‌ ، چه‌ندین سیمینارم له‌سه‌ر مۆسیقا بۆهونه‌رمه‌ند و مامۆستایانی شاری دهۆك ئه‌نجامداوه‌و  چه‌ندین جار خه‌ڵات كراوم و ڕێزم لێنراوه‌ )  له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو دڵسۆزیی و تێكۆشانه‌ هونه‌رییه‌ ، هونه‌رمه‌ند نه‌بۆته‌ ئه‌ندامی هیچ تیپێكی مۆسیقاو له‌به‌رئه‌وه‌ی خۆی وته‌نی ( ماڵی من ته‌نها تیپی مۆسیقای سلێمانی ) یه‌ ، به‌ڵام په‌یوه‌ندییه‌كی پته‌و و دۆستانه‌و هونه‌رییانه‌ی له‌گه‌ڵ ته‌واوی هونه‌رمه‌ندان به‌گشتی و هونه‌رمه‌ندانی شاری دهۆك دا هه‌بووه‌، خودی هونه‌رمه‌ند ده‌ڵێت ( هه‌موو هونه‌رمه‌ندان وه‌ك برا بوون بۆمن و هه‌موویانم خۆش ده‌ویستن).

ئه‌م دیداره‌ی من و هونه‌رمه‌ند ماوه‌ی (5) پێنج مانگ له‌وه‌و پیشه‌، به‌ڵام هه‌رپێوه‌ندیمان هه‌بوو ، به‌رده‌وام ده‌ستخۆشیی لێده‌كردم و هانی ده‌دام ئه‌و بابه‌تانه‌ كه‌له‌سه‌ر ژیان و كاری هونه‌رمه‌ندانی مۆسیقا و گۆرانی نه‌ته‌وه‌كه‌م ده‌یانووسم و بڵاویان ده‌كه‌مه‌وه‌ ، پێی ده‌ووتم له‌یادی نه‌كه‌یت زۆر پێویسته‌ چاپی بكه‌و بابێته‌ كتێبێك ..! به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ له‌به‌ر باری ته‌ندروستی و سه‌رقاڵ بوونم به‌كاره‌وه‌ ، نه‌متوانی تا هونه‌رمه‌ند له‌ژیاندایه‌ ئه‌و چه‌ند دێڕه‌ له‌سه‌ر هونه‌رمه‌ند ( صباح محه‌مه‌د ئه‌مین) بڵاوبكه‌مه‌وه‌ ، زۆر داوای لێبووردن له‌كه‌سایه‌تی و ڕۆحی پاكی ده‌كه‌م ، به‌داخه‌وه‌ ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ ژه‌نیار و ئاوازدار و مامۆستا خۆشه‌ویسته‌ له‌ڕێكه‌وتی (7/10/2021) به‌نه‌خۆشیی كۆچی دوایی كرد، سڵاو و دروود بۆ مێژووی جوانی پڕ به‌خششی هونه‌ری و گڵكۆكه‌ی هه‌موو كات چراخان بێت .

جه‌مالی ده‌لاك 8/10/2021

سه‌چاوه‌ :

( 1) هاورێ جه‌لال ، قوتابی هونه‌رمه‌ند له‌قوتابخانه‌ی (پێشكه‌وتن) 8/10/2021، تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبوك

(2) جه‌مال داوود ، قوتابی هونه‌رمه‌ند له‌قوتابخانه‌ ( پیره‌مه‌گروون)  8/10/2021، تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبوك

کوردستان بناسە

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.