Erbil 38°C پێنجشەممە 26 کانونی یەکەم 11:17

حوسێن عه‌لی .. خاوه‌ن ده‌نگێکی به‌رز له‌ چڕینی  مه‌قام و به‌سته‌ی ڕه‌سه‌نی گه‌رمیانی

(1925_18/7/1991)
کوردستان TV
100%

هه‌ندێك ده‌نگی ڕه‌سه‌ن و زوڵاڵ و لێوان لێو له‌چێژ بۆیه‌كه‌مجار كه‌ دێته‌ به‌رگوێ و كاریگه‌ر له‌سه‌ر هه‌ست و نه‌ستی گوێگر داده‌نێ، مه‌حاڵه‌ ئه‌و سۆزو ده‌نگه‌ خۆشه‌ له‌یاد بچێت و بچێته‌ خانه‌ی له‌بیرچوونه‌وه‌،  به‌ش به‌حاڵی خۆم له‌وكاته‌وه‌ی هه‌ستم به‌كاریگه‌ری ده‌نگی خۆشی هونه‌رمه‌ندانی نه‌ته‌وه‌كه‌م كردووه‌ ، چه‌ند ده‌نگ و گۆرانیی و مه‌قامێك له‌و كه‌م ته‌مه‌نییه‌مه‌وه‌ كاریگه‌رییان له‌سه‌رم داناوه‌، وه‌ك( ئه‌و په‌رچه‌م و ئه‌گریجه‌ی مامۆستا وهونه‌رمه‌ند عه‌لی مه‌ردان ) و ( ڕاوه‌ستاوه‌ له‌و بانه‌ ی هونه‌رمه‌ند سه‌لاح داوده‌) و (  مه‌قامی یارغه‌زال و به‌سته‌ی سه‌وزه‌ سه‌وزه‌ی  هونه‌رمه‌ند شكور خه‌یات ) له‌پاڵ ئه‌و ده‌نگه‌ ڕه‌سه‌ن و به‌سۆزانه‌، ده‌نگێكی دیكه‌ی گه‌رمیانی جیا له‌مه‌قامه‌ خۆشه‌كانی ، گۆرانییه‌ پڕجۆش و هه‌ست بزوێنه‌كانی وه‌ك ( ته‌نكه‌ ، باڵا گه‌ردانی و نیه‌ له‌ماڵ و نازدار و نازه‌نینه‌) ی هونه‌رمه‌نده‌ خۆشه‌ویسته‌كه‌ی ده‌ڤه‌ری گه‌رمیان ( حوسێن عه‌لی) یه‌،له‌ڕێی شاشه‌ی ته‌له‌فزیۆنی كه‌ركوكه‌وه‌، سیمای هونه‌رمه‌ندێكی شیكپۆش و جوانپۆش و ده‌م به‌خه‌نده‌ له‌ته‌ك ده‌نگه‌ به‌سۆزه‌كه‌ی پێی ئاشنا بووم و خولیام بوو ڕۆژێك له‌نزیكه‌وه‌ به‌خزمه‌تی بگه‌م، سوپاس بۆ په‌روه‌ردگار ئه‌و ئاواته‌م هاته‌دی و له‌ڕێكه‌وتی (14/5/1981) دواین سه‌ردانی مامۆستای به‌سته‌و مه‌قام هونه‌رمه‌ند عه‌لی مه‌ردان ته‌شریفی هات بۆشاری سلێمانی و له‌ هۆڵی ( نه‌قابه‌ی كرێكاران) كۆڕێكی گه‌وره‌و فراوانیان بۆسازكرد، هونه‌رمه‌ند حوسێن عه‌لی له‌شاری به‌غداوه‌ له‌گه‌ڵ مامۆستا عه‌لی مه‌ردان دا هاتبوو، ئه‌وكاته‌ له‌ته‌مه‌نی (56) ساڵیدا بوو ، له‌كۆڕه‌كه‌ به‌خزمه‌تی گه‌یشتم ، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ قاچی له‌گه‌چ گیرابوو، زۆرجوان نه‌یده‌توانی ڕێ بكات،  ‌ وا (30) ساڵ تێپه‌ڕ ده‌بێـت به‌سه‌ر كۆچی دوایی ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ ده‌نگ خۆشه‌ گه‌رمیانی یه‌ ، ده‌نگ و هونه‌ره‌كه‌ی هه‌میشه‌ زیندووه‌ و چێژ و ڕه‌سه‌نایه‌تی گه‌رمیانی لێده‌چۆڕێ.

ده‌نگێك له‌ حه‌وته‌غاره‌وه‌ بۆ به‌غداد و به‌هه‌موو كوردستاندا‌ بڵاوبۆوه‌..!

ته‌كیه‌ و خانه‌قا و دیوه‌خانه‌كان ، سه‌رچاوه‌یه‌كی گرنگن بۆ  گه‌شه‌كردنی لاوی به‌هره‌مه‌ند بۆفێربوونی هونه‌ری مه‌قامبێژی ، لاوێكی جوان و قه‌شه‌نگ و عاشق به‌ هونه‌ری مه‌قام و به‌سته‌، له‌ دیوه‌خانه‌كانی ده‌ڤه‌ره‌كه‌یی و سۆزی ده‌نگی خۆشیی باوكی، هه‌نگاو هه‌ڵده‌گرێت به‌ره‌و دنیای چڕینی به‌سته‌و مه‌قامی ده‌ڤه‌ری گه‌رمیان.

 هونه‌رمه‌ند ( حوسێن عه‌لی زه‌ند) یان ( حوسێن عه‌لی گورجی) ناسراو به‌ ( حوسێن عه‌لی ) له‌ساڵی (1925) له‌ گوندی ( حه‌وته‌غاری) سه‌ربه‌شارۆچكه‌ی (داقوق) ی سه‌ربه‌پارێزگای كه‌ركوكی كوردان، له‌ عه‌شره‌تی ( داویه‌)  له‌خانه‌واده‌یه‌كی هه‌ژاری زه‌حمه‌تكێش له‌دایكبووه‌، نووسه‌ر و ڕۆژنامه‌نوس و بێژه‌ری ڕادیۆ ( كه‌مال ڕه‌ووف محه‌مه‌د)، نوسویه‌تی ( دایكی هونه‌رمه‌ند ناوی ئامینه‌ كه‌ریم زه‌نگه‌نه‌یه‌، خۆیشی لای من به‌زه‌نگه‌نه‌یی ئاشنا ده‌كرد) (1)

به‌هۆی هه‌ژاری و شاندانه‌ به‌ركاركردن له‌ بواری كشتوكاڵ و كرێكاری له‌گه‌ڵ خانه‌واده‌كه‌ی ، هونه‌رمه‌ند نه‌یتوانیوه‌ بچێته‌ به‌رخوێندن و له‌و نیعمه‌ته‌ بێ به‌ش ده‌بێت.

ده‌ڤه‌ری گه‌رمیان ، ناوچه‌یه‌كی ده‌وڵه‌مه‌ند له‌ مه‌قام و به‌سته‌ی ڕه‌سه‌نی كوردی ، باوكی هونه‌رمه‌ند ده‌نگخۆشێكی  گوند و ناوچه‌كه‌یان بووه‌، ته‌نها به‌سته‌و مه‌قامی له‌دیوه‌خانی گونده‌كه‌یی و ناو خانه‌واده‌كه‌ی خوێندووه‌، ئه‌و ده‌نگخۆشییه‌ی باوكی ده‌بێته‌ هاندان و فێرگه‌یه‌ك بۆ هونه‌رمه‌ند حوسێن عه‌لی ، خودی هونه‌رمه‌ند ئه‌و هه‌ستی نزیكبوونه‌وه‌ له‌دنیای مه‌قامات  و به‌سته‌چڕین له‌ ناخیدا هه‌بووه‌، لاوێكی خوێن گه‌رم بووه‌ و حه‌زی به‌تێكه‌ڵابوونی نێو خه‌ڵك بووه‌ و ، كاریگه‌ری ده‌نگخۆشانی هۆزه‌كانی (زه‌نگنه‌ ، باجه‌ڵان ، داووده‌ ، كاكه‌یی و تاڵه‌بان) ی له‌سه‌ربووه‌و، گوێی لێگرتوون و خه‌رمانی هونه‌ری خۆی ده‌وڵه‌مه‌ندكردووه و به‌ ده‌نگ و سۆزی چڕینی مه‌قامه‌كانی ئه‌و هۆزانه‌وه‌ خۆی په‌روه‌رده‌كردووه‌‌، هونه‌رمه‌ند حوسێن عه‌لی ،له‌هه‌رشوێنێك شایی و خۆشیی و زه‌ماوه‌ندو بووك گواستنه‌وه‌ هه‌بوایه‌ ، خۆی گه‌یاندۆته‌‌ نێو كۆڕو كۆبوونه‌وه‌ و زه‌ماوه‌نده‌كه‌و ، به‌ده‌نگه‌ خۆشه‌كه‌ی مه‌قام و به‌سته‌ی پڕ چێژی بۆ خوێندوون، هه‌واڵی گۆرانی خوێندنی ده‌گاته‌وه‌ به‌باوكی و به‌و كرداره‌ی لێی نیگه‌ران ده‌بێـت و سه‌رزه‌نشتی ده‌كات و، پێی خۆش نه‌بووه‌ كه‌  كوڕه‌كه‌ی گۆرانی بخوێنێ.

به‌ڵام ئه‌م لاوه‌ نه‌خوێنده‌واره‌ دڵ پڕ كه‌یف و سه‌فاو عاشق به‌ جوانی و خۆشیی و شادی یه‌، نیگه‌رانی باوكی نابێته‌ ڕێگر له‌به‌رامبه‌ر به‌هره‌ی ده‌نگخۆشییه‌كه‌ی و زیاتر هه‌وڵده‌دات ئه‌و هونه‌ره‌ی هه‌یه‌تی بیبه‌خشێت به‌ گوێگران و ده‌وروبه‌ره‌كه‌ی و له‌ شوێن و دیوه‌خان و گونده‌كانی ده‌ڤه‌ره‌كه‌ی  ئاواز و گۆرانی و مه‌قامێكی خۆشی به‌رگوێ بكه‌وتایه‌ ، له‌ یاده‌وه‌ریی خۆیدا ده‌یهێشته‌وه‌ و به‌شێوازی ده‌نگی خۆی دووباره‌ی كردوونه‌ته‌وه‌‌ .

یه‌كێك له‌هۆكاره‌كانی گواستنه‌وه‌و گه‌یاندن ، بوونی هێڵی شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌ ، كه‌ به‌ به‌ته‌نیشت گونده‌كه‌یانه‌وه‌ (حه‌وته‌غار) له‌نێوان شاری به‌غدا و كه‌ركوك،ئه‌وه‌ش هۆكارێك بووه‌ كه‌ هونه‌رمه‌ندله‌گونده‌كه‌یانه‌وه‌ گه‌شت به‌ره‌و شاری به‌غداد بكات، به‌ره‌و دنیای ئاواز و چڕینی به‌سته‌و مه‌قام. 

له‌نێو گوند و ناوچه‌كه‌ی ده‌نگی خۆش و توانای چڕینی له‌لای كه‌س و كار و دۆست و خزمانییه‌وه‌دیار ده‌كه‌وێت، له‌لایه‌ن هه‌ندێك كه‌سه‌وه‌ هانی ده‌ده‌ن تا گۆرانی بخوێنێ، له‌وباره‌یه‌وه‌ ، ( جه‌مال ) كوڕه‌گه‌وره‌ی هونه‌رمه‌ند ده‌ڵێت ( باوكم هه‌رله‌ته‌مه‌نی گه‌نجییه‌وه‌ ده‌ستی كردووه‌ به‌گۆرانی گوتن ، زۆر حه‌زی به‌گۆرانی و مه‌قام بووه‌و ده‌نگی زۆر خۆش بووه‌ ، له‌لایه‌ن خزم و ئیختیاره‌كانی ئاواییه‌كه‌مان پێشنیاری بۆ ده‌كه‌ن و پێی ده‌ڵێن ده‌نگت خۆشه‌و بۆ ناڕۆی بۆ ئیزگه‌ له‌به‌غدا گۆرانی بخوێنی، ئه‌و هاندانه‌ ده‌بێته‌ ئه‌وه‌ی باوكم بڕیار بدات  و  بۆیه‌كه‌مجار له‌ساڵی ( 1948) له‌ڕێی شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌وه‌  هه‌موو ڕۆژانی یه‌كشه‌ممه‌یه‌ك ڕووده‌كاته‌ به‌غدا بۆ مه‌به‌ستی گۆرانی تۆماركردن له‌ئیزگه‌ی كوردی به‌غدا) (2)

هونه‌رمه‌ند حوسێن عه‌لی له‌و ساڵه‌دا (1948) كه‌ چۆته‌ ڕادیۆی كوردی به‌غدا و ، به‌دیداری مامۆستا و هونه‌رمه‌ند ( عه‌لی مه‌ردان) شاد بووه‌ و ، له‌لایه‌ن مامۆستا عه‌لی مه‌ردانه‌وه‌  ده‌نگی تاقی ده‌كرێته‌وه‌ و چ سۆزو نه‌غمه‌یه‌ك له‌گه‌رووی پاراوی ئه‌م كوڕه‌ گه‌رمیانییه‌دا هه‌یه‌ ، هه‌ر زوو ڕه‌زامه‌ندی داوه‌و چاوه‌ڕوانی ئایینده‌یه‌كی گه‌شی لێكردووه‌، له‌و كاته‌دا گۆرانییه‌كان ڕاسته‌وخۆ بڵاو بوونه‌ته‌وه‌، ئامێری تۆماركردن نه‌بووه‌ .

( هونه‌رمه‌ند له‌ته‌مه‌نی 23 ساڵیدا چۆته‌ ڕادیۆی كوردی به‌غداد و یه‌كه‌م كه‌ڕه‌ت له‌ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ (30/5/1948) سترانی كوردی چڕیوه، سترانبێژی هه‌میشه‌یی ڕادیۆ نه‌بووه‌و ، لێی دابڕاوه‌ ،هێنده‌ی من ئاگاداربم له‌ساڵی (1967) به‌دواوه‌تێكه‌ڵ بۆته‌وه‌ به‌تایبه‌تی كه‌له‌ به‌غداد جێگیربووه‌‌ )  (3)

له‌و ڕوانگه‌یه‌وه‌‌ هونه‌رمه‌ند ( خه‌لیل مراد وه‌ندی ) هاوڕێی هونه‌رمه‌ند حوسێن عه‌لی ده‌ڵێت ( حوسێن عه‌لی كه‌چۆته‌ ئیزگه‌ ، گۆرانیی وتووه‌ ، به‌بێ تۆماركردن ، ئه‌و وه‌خته‌ پێیان ده‌ووت ( علی الهوی) واته‌ ڕاسته‌و خۆ په‌خشكراووه‌) ، بۆهه‌رهه‌مان مه‌به‌ست ڕۆشنبیر ونووسه‌ر و هاوڕێی هونه‌رمه‌ند ( هه‌رده‌وێڵ كاكه‌یی) ده‌ڵێت ( له‌ساڵی 1948 حوسێن عه‌لی چۆته‌ ئیزگه‌ و كۆمه‌ڵێك گۆرانی وتووه‌، وه‌ك ( قومری سه‌رباڵم شینه‌، نه‌رمه‌ نه‌رمه‌ ، ته‌نكه‌  ) و مه‌قامه‌كانی ( ئه‌ڵڵاوه‌یسی ، خاوكه‌ر و خورشیدی ) و چه‌ند گۆرانییه‌كی فۆلكلۆری وتووه‌، له‌وكاته‌دا ئامێری تۆماركردن نه‌بووه و ڕاسته‌وخۆ ئه‌و گۆرانیانه‌ بڵاوكراونه‌ته‌وه‌، ئه‌و گۆرانیانه‌ی هونه‌رمه‌ند حوسێن عه‌لی له‌ده‌ڤه‌ری گه‌رمیاندا ببوونه‌ وێردی سه‌رزمانی گه‌وره‌و بچوك  و منداڵ و گه‌وره‌و ده‌یان ووته‌وه‌) (4)

هونه‌رمه‌ند حوسێن عه‌لی، له‌گونده‌كه‌ی خۆیان ( حه‌وته‌غار) ژیانی هاوسه‌ر پێكهێناوه‌و ، به‌ر‌هه‌می ئه‌و هاوسه‌رگیرییه‌ بوونه‌ته‌ خاوه‌نی (3) كوڕ به‌ناوه‌كانی ( جه‌مال ، كه‌مال و نه‌وزاد) ، هونه‌رمه‌ند له‌سه‌ره‌تای ساڵانی شه‌سته‌كانی سه‌ده‌ی پێشوو، ڕووده‌كاته‌ شاری به‌غدا و له‌و شاره‌ جێگیرده‌بێت و درێژه‌ به‌ژیان ده‌دات  و ، هه‌موو ژیانی هونه‌رمه‌ند بریتی بووه‌ له‌كاركردن ، سه‌ره‌تا كرێكاری و دواتر بۆته‌ شۆفێر تا دواساته‌كانی ژیانی .

به‌داخه‌وه‌ خاوه‌ن ئه‌و توانا به‌رزه‌ له‌چڕینی به‌سته‌و مه‌قام ، خوێنده‌واری نه‌بووه‌ ، به‌ڵام زمانه‌كانی عه‌ره‌بی و توكی و فارسیشی زانیوه‌و ، جیا له‌زمانی دایكی به‌زمانی توركمانی مه‌قام و به‌سته‌ی خوێندووه‌ .

هونه‌رمه‌ند حوسێن عه‌لی خۆی به‌یه‌كێك له‌شاگرده‌كانی قوتابخانه‌ به‌رزه‌كه‌ی مامۆستا عه‌لی مه‌ردان داناوه‌و ، مامۆستا عه‌لی مه‌ردان زۆر هاوكاریی كردووه‌ له‌ فێربوونی چڕینی شێوازی مه‌قامه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی ڕاست و ، چه‌ند ئاوازێكی بۆ داناوه‌ وه‌ك گۆرانی ( نازدار و نازه‌نینه‌  و نییه‌ له‌ماڵ) .

له‌وباره‌یه‌وه‌له‌دیدارێكی نێوان نووسه‌ر و هونه‌رمه‌ند و مامۆستا باكووری و هونه‌رمه‌ند شكور خه‌یات، له‌باره‌ی هونه‌رمه‌ند حوسێن عه‌لی یه‌وه  هونه‌رمه‌ند شكور خه‌یات به‌وشێوه‌یه‌ دواوه‌‌ ( جارێكیان ڕێم كه‌وته‌ به‌غدا ساڵه‌كه‌ش ، ساڵی (1964) بوو، تازه‌ زانیبووم كه‌ حوسێن عه‌لی چووه‌ بۆ ئیزگه‌ ، كه‌چوومه‌ ماڵی حوسێن عه‌لی ، مامۆستا عه‌لی مه‌ردانی ڕه‌حمه‌تیم بینی وا له‌گه‌ڵ حوسێندا ، له‌ده‌وری ڕێكۆرده‌رێك دانیشتوون  دیاربوو مه‌قامێكی فێری حوسێن ده‌كرد، چوومه‌ لایان دانیشتم و ئیتر ئه‌و مامۆستایه‌ بێ ئه‌وه‌ی هه‌ست به‌ماندووبوون بكات، سه‌د كه‌ڕه‌ت مه‌قامه‌كه‌ی به‌ده‌نگی خۆی دووباره‌ ده‌كرده‌وه‌ ، ئینجا داوای له‌ حوسێن ده‌كرد كه‌ وه‌ك ئه‌و بیڵێته‌وه‌! به‌م جۆره‌ ڕسته‌ به‌ڕسته‌ به‌رگوێی ده‌خست ، تابۆی ته‌واو كرد و دڵنیابوو كه‌ حوسێن چاك فێری بووه‌) (5)

هه‌زار ڕه‌حمه‌ت له‌گڵكۆكه‌ت مامۆستای مه‌قام و به‌سته‌ی كوردی كوردی ( عه‌لی مه‌ردان) سه‌ره‌ڕای ئه‌و هه‌موو ماندوو بوون و ئه‌رك و زه‌حمه‌ته‌ی له‌پێناو مه‌قامات و به‌سته‌ی كوردیدا كێشاویه‌تی، هاوكار و یارمه‌تیده‌ر و پشتیوانی زۆر له‌هونه‌رمه‌ندانیش بووه‌ ، درێغی نه‌كردووه‌ له‌ فێربوونی شێوازی مه‌قامه‌كان و ته‌نانه‌ت ئاوازی داوه‌ به‌زۆر هونه‌رمه‌ندانیش، یه‌كێك له‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ی كه‌به‌ئه‌مانه‌ته‌وه‌ ئه‌و ڕاستییه‌ ده‌دركێنێ هونه‌رمه‌ندی مه‌قامبێژ و به‌سته‌بێژ ( شكور خه‌یات) ه‌ كه‌ ده‌ڵێت ( من و حوسێن عه‌لی و سه‌لاح داووده‌، زیاتر له‌مامۆستا عه‌لی مه‌ردانه‌وه‌ كه‌ڵكمان وه‌رگرتووه‌و زۆر شتی لێوه‌ فێربووین) (6)

به‌ڵام ( هه‌رده‌وێڵ كاكه‌یی) نووسه‌ر و رۆشنبیر، ده‌ڵێت جگه‌ له‌ مامۆستا عه‌لی مه‌ردان،كه‌ هاوكار و پتشیوانی بووه‌ ،  حوسێن عه‌لی كه‌ڵكی له‌  هونه‌رمه‌ند( جه‌بار تاخورما) و هونه‌رمه‌ندێكی  كاكه‌یی به‌ناو ( شكور جه‌یران) وه‌رگرتووه‌ و لێیانه‌وه‌ شێوازی ئه‌داو چرینی مه‌قامه‌ ڕه‌سه‌نه‌كانی ده‌ڤه‌ری گه‌رمیان فێربووه‌) (7)

دوای كرانه‌وه‌ی ڕادیۆی كوردی به‌غداد، به‌ڕووی هونه‌رمه‌ند حوسێن عه‌لی و بڵاوبوونه‌وه‌ی به‌رهه‌م و گۆرانیی و مه‌قامه‌كانی و ئاشنابوونی گوێگر له‌ده‌نگ و هونه‌ری حوسێن عه‌لی، ببێته‌ جێگای سه‌رنج ڕاكێشانی ته‌واوی خه‌ڵكی كوردستان، هونه‌رمه‌ند ئاشنایه‌تی و په‌یوه‌ندی دۆستانه‌و هونه‌رییانه‌ی جگه‌ له‌ مامۆستا عه‌لی مه‌ردان ، له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندانی ئه‌و سه‌رده‌می ڕادیۆی كوردی به‌غداد په‌یدا ده‌كات و ده‌بێته‌ خۆشه‌ویستی هاورێ هونه‌رمه‌نده‌كانی ( ئه‌حمه‌د داووده‌ ، حه‌سه‌ن زیره‌ك ، سه‌لاح داووده‌ ، شكور خه‌یات ، تایه‌ر تۆفیق ، ڕه‌سوڵ گه‌ردی ، خه‌لیل موراد وه‌ندی ، فایه‌ق داووده‌ و ....تاد) ، له‌چه‌ندین دانیشتن و كۆڕو كۆبوونه‌وه‌ ئاهه‌نگی ماڵاندا له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند ( شكور خه‌یات  و سه‌لاح داووده‌) مه‌قام و  به‌سته‌ی خوێندووه‌، له‌سه‌ره‌تای چوونه‌ ڕادیۆی كوردی به‌غداد( له‌گه‌ڵ خانمه‌ هونه‌رمه‌ند ئه‌سمه‌ر فه‌رهاد و محه‌مه‌د سه‌عید) گۆرانی خوێندووه‌ )(8)

خاوه‌نی ئه‌م ده‌نگه‌ دڵته‌ڕو عاشقی جوانی و  به‌سۆزو زوڵاڵه‌ گه‌رمیانی یه‌، حوسێن عه‌لی جگه‌ له‌گۆرانی ئه‌وینداری و هه‌ڵدان به لارو له‌نجه‌ی كچی شۆخ و شه‌نگ و جوانی ئافره‌تی كورد، به‌ڵام لایه‌نی نه‌ته‌وایه‌تی و نیشتمانیشی فه‌رامۆش نه‌كردووه‌، له‌ڕێی مه‌قامه‌كانییه‌وه‌ ،له‌ئاهه‌نگه‌كاندا باسی له‌ جوانی سرووشت و به‌رزی كوردستانی كردووه‌ ،له‌سه‌ر ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی هونه‌رمه‌ند دووچاری گرتن و ئه‌شكه‌نجه‌دان ده‌بێته‌وه‌.

( ساڵی  1968 بۆ 1969) به‌عسییه‌كان باوكم یان گرت و ، له‌ زیندانه‌كانی ( قصر النهایه‌ و ئه‌منی عامه‌ی به‌غداد)   زۆریان ئه‌شكه‌نجه‌دابوو ، ته‌نانه‌ت له‌زیندان هه‌موو نینۆكه‌كانی په‌نجه‌یان ده‌رهێنابوو، به‌ڵام باوكم  چاونه‌ترس وهه‌رسوور بوو له‌سه‌ر هه‌ڵوێستی كوردانه‌یی و له‌زیندانیش گۆرانی بۆ به‌رزی كوردستان خوێندوه‌، له‌زیندان مایه‌وه‌ تا ڕێكه‌وتنی (11ی ئاداری ساڵی 1970) ئازادیان كرد و ، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ له‌و كاته‌وه‌ دووچاری نه‌خۆشیی شه‌كره‌ ببوو) (9)

دوای به‌یاننامه‌ی 11ی ئاداری 1970 ، هونه‌رمه‌ند ئازاد ده‌كرێت و به‌شێوه‌یه‌كی ئازادانه‌ به‌گه‌رووه‌ پاراو  و خۆشه‌كه‌ی تێده‌چریكێنێته‌وه‌ و ، به‌شداری خۆشییه‌كانی جه‌ماوه‌ری كورد ده‌كات له‌شاره‌كانی به‌غدا و كه‌ركوك ، ، به‌بۆنه‌ی ساڵیادی به‌یاننامه‌ی 11ی ئاداری 1970، له‌شاری خانه‌قین ئاهه‌نگێكی گه‌وره له‌ ساڵی (1971)‌ سازده‌كرێت، هونه‌رمه‌ند حوسێن عه‌لی ، له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندێكی عه‌ره‌ب به‌ناوی ( ستار جه‌بار ) ئه‌و ئاهه‌نگه‌ ماوه‌ی چوار شه‌و ، له‌یه‌كێك له‌قوتابخانه‌كانی شاری خانه‌قین  به‌رده‌وام ده‌بێت، هونه‌رمه‌ند به‌ به‌سته‌و مه‌قامه‌ شۆڕشگێریه‌كان دڵی ئاماده‌بووانی ئاهه‌نگه‌ پڕ جۆش و خرۆشتر ده‌كات ، له‌نێو به‌رهه‌مه‌ هونه‌رییه‌كانی حوسێن عه‌لی ، ئاهه‌نگی خانه‌قین ناوبانگێكی تایبه‌تی هه‌یه‌ ، له‌و ئاهه‌نگه‌دا گۆرانی و مه‌قام به‌سه‌ر كورد و پێشمه‌رگه‌وشه‌هیدانی كوردستاندا ده‌ڵێت ، له‌ كۆپله‌یه‌كدا ده‌ڵێت (  ئه‌م شه‌و شادمانه‌ ،،،سه‌رۆك بارزانی میوانه‌ )  ، دوای ته‌واوبوونی  ئاهه‌نگه‌كه‌ له‌لایه‌ن ده‌زگا سه‌ركوتكه‌ره‌كانی حیزبی به‌عسه‌وه‌، ده‌ستگیر ده‌كرێت و ده‌خرێته‌وه‌ زیندان ، دوای ئازاردان و لێپرسینه‌وه‌یه‌كی توند هونه‌رمه‌ند حوسێن عه‌لی ئازاد ده‌كرێت.

چی له‌باره‌ی هونه‌رمه‌ند حوسێن عه‌لی یه‌وه‌ وتراوه‌ ...!

هونه‌رمه‌ند حوسێن عه‌لی نزیكه‌ی به‌نیوسه‌ده‌ ، له‌گه‌ڵ ئه‌و ژیانه‌ هه‌ژارییه‌دا كۆڵی نه‌داو ڕێبوارێكی ماندوو  و دڵسۆزی ڕێبازی كوردایه‌تی و هونه‌ری موزیك و به‌سته‌و مه‌قامی كوردی بوو ، ده‌نگ و هونه‌ره‌كه‌ی گه‌نجینه‌یه‌كی به‌نرخی فۆلكلۆری ده‌ڤه‌ری گه‌رمیان و ئاوازی ڕه‌سه‌نی كوردی خسته‌ سه‌ر خه‌رمانی هونه‌ری موزیك و به‌سته‌ و مه‌قامی نه‌ته‌وه‌كه‌ی  ، له‌دوای مامۆستا و هونه‌رمه‌ند ( عه‌لی مه‌ردان ) ، هونه‌رمه‌ند حوسێن عه‌لی به‌یه‌كێك له‌مه‌قامبێژه‌‌ ڕه‌سه‌ن و به‌تواناكان ده‌ژمێردرێت،

هونه‌رمه‌ند و مامۆستا ( میقدادمحه‌مه‌د عومه‌ر ) له‌باره‌ی توانای ده‌نگی و چرینی مه‌قامه‌وه‌، خوێندنه‌وه‌ی بۆ هونه‌رمه‌ند حوسێن عه‌لی به‌و شێوه‌یه‌: ( یه‌كێكه‌ له‌مه‌قامبێژه‌كانی كورد ، مه‌قامه‌ كوردییه‌كان و ڕۆژهه‌ڵاتییه‌كانی وتووه‌  وه‌ك ( ڕاست ، به‌یات ، حیجاز ، سێگاه ، ئه‌ڵڵاوه‌یسی ، قه‌تار ، خورشیدی ، ئای ئای ، ئورفه‌و خاوكه‌ر) ، من له‌ساڵی (1954) ه‌وه‌ گوێم له‌ده‌نگی حوسێن عه‌لی بووه‌ ، له‌كاتێكدا هاته‌ مه‌یدان و ده‌ستی به‌خوێندنی مه‌قاماتی كوردی كرد ، مامۆستا عه‌لی مه‌ردان  له‌ئیزاعه‌ به‌ته‌نیا بوو، حوسێن عه‌لی خاوه‌نی ده‌نگێكی به‌رز بوو به‌تایبه‌ت له‌ جه‌وابدا ، چه‌ند له‌قه‌رار دا سه‌ركه‌وتوو بوو، له‌جه‌وابی جه‌وابیشدا زۆر سه‌ركه‌وتوو و توانای باشی هه‌بوو) ، هه‌روه‌ها هونه‌رمه‌ند ( شكور خه‌یات ) هاوڕێی هونه‌رمه‌ند ئه‌ویش به‌و شێوه‌یه‌ ده‌ڵێت ( هونه‌رمه‌ندێكی زۆر به‌توانا له‌بواری مه‌قاماتدا ، حوسێن عه‌لی سایه‌قی ته‌ره‌كته‌ر بوو، ناوه‌ ناوه‌ له‌گه‌ڵ ( ئه‌حمه‌د داووده‌) ی ڕه‌حمه‌تی  ئێمه‌ زۆر دانیشتنمان پێكه‌وه‌ كردووه‌ له‌ئه‌ژمارنایه‌ت ، به‌ڕه‌حمه‌ت بێت حوسێن عه‌لی مه‌قامی ئه‌ڵڵاوه‌یسی وتووه‌ ، هه‌رسێ كۆپله‌كه‌ی به‌جوانی وتووه‌، كه‌م كه‌سم بینیوه‌ وه‌ك حوسێن عه‌لی  مه‌قامی خورشیدی وتبێ ،قه‌تار ، خاوكه‌ر ، سێگاه‌، به‌یات ، ئورفه‌ ، ئه‌و مه‌قامانه‌ی زۆر به‌جوانی خوێندووه‌و  ده‌توانم بڵیم بلیمه‌ت بوو له‌ به‌سته‌دا ، ئه‌وه‌نده‌ ده‌نگی زوڵاڵ و ڕه‌سه‌ن و كوردانه‌ بوو ، مۆركی ناوچه‌ی گه‌رمیانی هه‌بوو، له‌م دواییانه‌شدا جارجاره‌ ئه‌هاته‌ ( چه‌مچه‌ماڵ)  بۆ ماڵی ( ڕه‌شید كاكه‌یی) ، به‌ڕه‌حمه‌ت بێ مانگی دووجار ئه‌هات و شه‌و پێكه‌وه‌ دائه‌نیشتین و  پێكه‌وه‌ مه‌قام و به‌سته‌مان ئه‌خوێند) (10)

 گۆرانیه‌ خۆش و هه‌ست بزوێنه‌كانی هونه‌رمه‌ند حوسێن عه‌لی ...!

( نازدار و نازه‌نینه‌ ، نیه‌ له‌ماڵ ، ته‌نكه‌ گیانم ته‌نكه‌ ، نه‌رمه‌ ، باڵا گه‌ردانی چاوت بم ، پێم بڵێ مه‌زه‌دار ، دانه‌ دانه‌ ، كۆڵان به‌كۆڵان ، له‌سلێمانی به‌ولاوه‌ ، ئه‌ی زاڵم ، شیرین به‌هاره‌ ، كراس زه‌ردێ ، لای لای و  خۆشه‌ویستیت له‌دڵ چه‌سپاوه‌   ،  .....تاد )

به‌داخه‌وه‌ تائێستا زۆر به‌كه‌می خوێندنه‌وه‌و توێژینه‌وه‌ بۆ كاره‌ هونه‌رییه‌كانی له‌ڕووی  چرینی مه‌قام و به‌سته‌ و ، نوسین له‌سه‌ر هونه‌رمه‌ند حوسێن عه‌لی كراوه‌ ، هیچ له‌ منداڵه‌كانی ڕێبازی ڕه‌حمه‌تی باوكیان له‌ڕووی گۆرانی و مه‌قامه‌وه‌ نه‌گرتۆته‌وه‌، له‌ماوه‌ی چه‌ند ساڵی ڕابردوو، برازایه‌كی هونه‌رمه‌ند به‌ناوی ( شیاو) لاوێكی ده‌نگخۆش ، به‌شداری له‌یه‌ك دوو یادی هونه‌رمه‌ند حوسێن عه‌لی كرد له‌كه‌ناڵه‌كانی ڕاگه‌یاندن و ، له‌ڕووی توانا و شێوازی چڕینی به‌سته‌ی وه‌ك مامی بوو، زۆر جوانی گۆرانیه‌كانی حوسێن عه‌لی دووباره‌ ده‌كرده‌وه‌ ، ده‌خوازم كاكه‌ شیاو ڕێبوارێكی به‌ئه‌مه‌كی ڕێگا پیرۆزه‌كه‌ی مامی كۆچكردووی بێت.

هونه‌رمه‌ند حوسێن عه‌لی تا دواساته‌كانی ژیانی به‌ده‌ست ئازاری نه‌خۆشیی شه‌كره‌وه‌ ناڵاندوویه‌تی ،ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ ده‌نگخۆشه‌ی نه‌ته‌وه‌كه‌مان له‌ماڵی جه‌مالی كوڕه‌ گه‌وره‌ی له‌شاری به‌غداد له‌ڕێكه‌وتی ( 18/7/1991) بۆهه‌میشه‌ ماڵئاوایی له‌ خانه‌واده‌و هونه‌رمه‌ندان و ئازیزان و دنیا جوان و پیرۆزه‌كه‌ی به‌سته‌و مه‌قامی كوردی كرد، له‌گۆڕستانی ( شێخ مه‌عروف) له‌شاری به‌غداد ته‌رمه‌كه‌ی ده‌نێژرێت و ، ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ش وه‌ك زۆر له‌هونه‌رمه‌ندانی نه‌ته‌وه‌كه‌مان گۆڕغه‌ریب ده‌بێت و دوور له‌ زێد و خاكی پیرۆزی كوردستان ئه‌سپه‌رده‌ی خاك كراوه‌ ، گڵكۆكه‌ی غه‌ریقی ڕه‌حمه‌تی په‌روه‌ردگار و هه‌میشه‌ چراخان و لێوڕیژ بێت له‌ مه‌قامه‌ شیرینه‌كانی ( ئای ئای ، خاوكه‌ر و ئه‌ڵڵاوه‌یسی ) .

جه‌مالی ده‌لاك  ، ، 12/10/2021 هه‌ولێر

سه‌رچاوه‌ :

  1. و 3 و 8) كتێبی مێژووی ڕادیۆی كوردیی به‌غداد(1939_1958) به‌رگی یه‌كه‌م _ جزمی یه‌كه‌م ، نووسینی ( كه‌مال ڕه‌ووف محه‌مه‌د) لاپه‌ڕه‌ ( 615)
  2. و 4 و 6  و 7 و 9 و 10)  ( حوسێن عه‌لی ،،ده‌نگێكی ڕه‌سه‌نی گۆرانی میللی ) دیكۆمێنتارییه‌ك تایبه‌ت به‌ژیانی هونه‌رمه‌ند حوسێن عه‌لی ، ئاماده‌كردنی ( یاسین مه‌ولود) كه‌ناڵی ئاسمانی زاگرۆس (2012)

 (5) كتێبی ، گۆرانیبێژه‌ نه‌مره‌كان ، باكووری ، به‌شی یه‌كه‌م ، لاپه‌ڕه‌ ( 227) 

 

کوردستان بناسە

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.