سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن رایگهیاند: مێژوو لاوازبوونی زیاتری رووسیا لە جەنگی ئۆکراینا و بەهێزبوونی زیاتری جیهان، دەنووسێتەوە.
سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن ئەوەی ئاشکرا کرد کە لەئێستادا سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین زیاتر لە هەموو کاتێک لە جیهان دوورخراوەتەوە و مێژووش لاوازبوونی زیاتری رووسیا و بەهێزبوونی زیاتری جیهان، دەنووسێتەوە.
جۆ بایدن لە میانی گوتارێکیدا لە بارەی پلانی ئابووری، باسیشی لە قەیرانی رووسیا-ئۆکراینا کرد.
سەرۆکی ئەمریکا لە بارەی هێرشی رووسیا بۆسەر ئۆکراینا رایگەیاند "ئەم هێرشە پێشتر پلانی بۆ داڕێژرابوو و بەبێ هیچ پاساوێکیش ئەنجامدرا. پوتین هەوڵە دیپلۆماسییەکانی رەتکردەوە. وای زانی دەتوانێت وەڵامی ناتۆ و رۆژئاوا نەداتەوە و ئێمەش لەناو وڵاتەکەماندا بەش بەش بکات، بەڵام پوتین بەهەڵەداچوو و ئێمە لە ئامادەباشیدابووین.
- بە گوتنی راستییەکان وەڵامی درۆکانی مۆسکۆمان دایەوە.
سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن ئەوەشی ئاشکرا کرد کە هەوڵەکانیان بۆ یەکخستنی هاوپەیمانەکانین لە ئەورووپا کاتێکی زۆری خایاندووە و پێشوەختە پلانی پوتین-یان بەرامبەر بە ئۆکراینا بۆ جیهان ئاشکرا کردووە و گوتی:
"بە گوتنی راستییەکان وەڵامی درۆکانی مۆسکۆمان دایەوە. لەئێستادا هەموو جیهان، سەرۆکی رووسیا بە بەرپرسیار لە رووداوەکان دەزانێت و پوتین زیاتر لە هەموو کاتێک لە جیهان دوورخراوەتەوە.
جۆ بایدن جەختی لەوەش کردەوە کە هاوکارییەکانی ئەمریکا بۆ ئۆکراینا بەردەوام دەبن و رایگەیاند مێژووش لاوازبوونی زیاتری رووسیا لە جەنگی ئۆکراینا و بەهێزبوونی زیاتری جیهان، دەنووسێتەوە.
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش دا کە پوتین پێیوابووە دەتوانێت ئەمریکا بەش بەش بکات، بەڵام لەمەدا بەهەڵەداچووە، گوتیشی: ئێمە ئەورووپا و جیهانی ئازاد دەخەینە تای تەرازوویەکەوە. پوتین وای زانی دەتوانێت ناتۆ، ئەورووپا و ئەمریکا بەش بەش بکات، بەڵام نیشانی هەموو جیهانمان دا کە هیچ کەسێک ناتوانێت وڵاتەکەمان بەش بەش بکات.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.