سەرۆکی ئۆکراینا، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسكی کوژرانی نزیکەی نۆ هەزار سەربازی رووسیای لە ماوەی هەفتەیەکدا راگەیاند.
ڤۆلۆدیمیر زێلێنسكی لە گوتارێکیدا ئاماژەی بەوە دا، لەماوەی هەفتەیەکدا پلانەکانی رووسیایان دژی ئۆکراینا پووچەڵ کردووەتەوە.
سەرۆکی ئۆکراینا ئاشکرای کرد لە کاتی هێرشکردنی رووسیا بۆسەر ئۆکراینا ورەی سەربازانی رووسیا دابەزیووە و گوتی: "پلانی چەندین ساڵەی رووسیامان لە گۆڕنا".
زێلێنسكی ستایشی ئۆکراینییەکانی کرد و گوتی: "ئۆکراینییەکان بە چەکی سووک و دەست و بازوویانەوە داگیرکەرانیان لە شارەکان وەدەرناوە".
سەرۆکی ئۆکراینا جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە هەر داگیرکەرێک لەوە تێبگات کە لەلایەن ئۆکراینییەکانەوە کاردانەوەی توند دەبینێت و گوتی: "ئۆکراینا خۆی بەدەستەوە نادات. تەنها لە ماوەی یەک هەفتەدا نزیکەی نۆ هەزار سەربازی رووسیا کوژراون. تەنها لە شاری میکۆلاییڤ بە سەدان لاشەی سەربازی رووس هەن.
ڤۆلۆدیمیر زێلێنسكی ئەو شەڕەی بۆ ئۆکراینییەکان بە "جەنگان لە پێناو وڵات" ناوبرد و گوتی: لە بیرمانە کە ئەمە چۆن دەستی پێ کرد و دەشزانین کە بۆ داگیرکەران چۆن کۆتایی پێ دیت. بۆ هەر کوێیەک دەڕۆن با بڕۆن لە کۆتاییدا لەناو دەبردرێن. کۆتایی داگیرکەران بەدەستی ئۆکراینییەکانەوە دەبێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.