ئونیۆن بەرلین، فرایبورگ، لایپزیک و هامبورگ گەیشتنە یاری پێش کۆتایی جامی ئەڵمانیا.
لە چارەکی پێش کۆتایی جامی ئەڵمانیادا، یانەکانی ئونیۆن بەرلین، فرایبورگ، لایپزیک و هامبورگ رکابەرەکانیان بەزاند و توانیان بگەنە یاری پێش کۆتایی.
یارییەکانی چارەکی پێش کۆتایی جامی ئەڵمانیا ئەنجامدران و تیایدا، یانەی لایپزیک میوانداری یانەی هانۆڤەر 96ی کرد.
لە خولەکەکانی 17 و 22دا، یاریزان کریستۆفەر نکونکو دوو گۆڵی یەک لە دوای یەکی بۆ یانەی لایپزیک تۆمار کرد.
دواتر لە نیوەی دووەمی یارییەکەدا و لە خولەکی 67دا، یاریزان کۆنراد لایمەر گۆڵی سێیەم و لە خولەکی 73دا، یاریزان ئاندرێ سیلڤا گۆڵی چوارەمی بۆ هەمان یانە تۆمار کرد و یارییەکە بە ئەنجامی ٤-٠ لە بەرژەوەندی لایپزیک، کۆتایی هات.
لە یارییەکی دیکەشدا یانەی هامبورگ میوانداری یانەی کارڵسڕوەی کرد و کاتی ئاسایی یارییەکە بە ئەنجامی 2-2 کۆتایی هات، بەڵام دواتر یارییەکە بوو بە لێدانی یەکلاکەرەوە و بە ئەنجامی 5-4 لە بەرژەوەندی هامبورگ کۆتایی هات.
بەهەمان شێوە لە یارییەکی دیکەدا، یانەی فرایبورگ رووبەڕووی یانەی بۆخوم بووەوە.
کاتی ئاسایی یارییەکە بە ئەنجامی 1-1 کۆتایی هات، بەڵام لە کاتی زیادکراودا و لە خولەکی 120دا، یاریزان رۆلاند سالای گۆڵی دووەمی بۆ یانەی فرایبورگ، تۆمار کرد و یارییەکە بە ئەنجامی 1-2 کۆتایی هات.
لە یارییەکی دیکەشدا، یانەی ئونیۆن بەرلین بە ئەنجامی 2-1 لە یانەی سان پاولیی بردەوە و بۆ نیوەی پێش کۆتایی جامی ئەڵمانیا سەرکەوت.
بڕیارە رۆژانی 19-20ی نیسانی 2022 یارییەکانی نیوەی پێش کۆتایی جامی ئەڵمانیا بەڕێوەبچن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.