بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕانییە ئەمڕۆ پێنجشەممە ڕایگەیاند، دوای ئەشکەنجەدانی هاووڵاتییەک لەلایەن چوار کەسەوە، ساتی ئەشکەنجەدانەکەیان تۆمار کراوە و هەڕەشەی بڵاوکردنەوەیان لێکردووە.
لە ڕاگەیەنراوی بەڕیوەبەرایەتییەکە هاتووە "دوای ئەوەی هاووڵاتییەك سەردانی بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی ڕاپەڕین (مکافحە)ی کرد بە مەبەستی تۆمارکردنی سکاڵا کە بە وتەی خۆی چوار کەس هەستاون بە ئەشکەنجەدانی و هەڕەشەلێکردنی، لە کاتی ئەشکەنجەدانیدا هەستاون بە تۆمارکردنی ڤیدیۆی ساتی ئەشکەنجەدانەکە، دواتر داوای بڕی 15 هەزار دۆلاریان لە سکاڵاکار کردووە لە بەرامبەر بڵاونەکردنەوەی ڤیدیۆی ساتی ئەشکەنجەدانەکەی."
ئەوەش خراوەتەڕوو "پەڕاوی لێکۆڵینەوە کرایەوە بە بڕیاری دادوەر دەستبەجێ هێزەکانمان لە بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی ڕاپەڕین دەستیان بە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی ورد کرد، دوای بە دەستهێنانی زانیاری پێویست توانرا بە پلانێکی تۆکمە و لە ماوەیەکی کەم هەر چوار تۆمەتبار بە ناوەکانی (م. ع. ی) لەدایکبووی 2001 و (س. ص. ر) لەدایکبووی 2004 و(چ. م. ح) لەدایکبووی 1992 (ب.ص.ر) لەدایکبووی 1989دەستگیر بکرێن."
هەروەها ڕایگەیاند: لە کاتی دەستگیرکردنیاندا دەستگیرا بەسەر مۆبایلەکانیان و ئەو ژمارە مۆبایلەی تۆمەتباران هەڕەشەیان پێ لە سکاڵاکار کردووە و داوای پارەیان لێکردووە.
ڕاشیگەیاند: دوای لێکۆڵینەوە لەگەڵیان تۆمەتبار (چ. م. ح) لە بەردەم دادوەر دانی بە تاوانەکانی نا و لەگەڵ تۆمەتبارانی ناوبراو هەستاون بەهەڕەشەکردن لەسکاڵاکار و تۆمارکردنی ڤیدیۆی سکاڵاکار لە کاتی ئەشکەنجەدانیدا.
ئاماژەی بەوەشدا "دادوەر بڕیاریدا بە ڕاگرتنی تۆمەتباران بەپێی ماددەی 432 و دەستبەسەرداگرتنی مۆبایلەکانیان."
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.