-ناوەندی هەماهەنگیی نێوان یەکەکان بۆ دەستوەردانی مرۆیی لە ئۆکراینا کە سەربە وەزارەتی بەرگریی رووسیایە ئاماژەی بەوەکردووە، رەوشی مرۆیی لە کیێڤ، ماریۆپۆل، خارکیڤ و سومی زۆر نەرێنیی بووە.
رووسیا رایگەیاند، وادەی ئاگربەستی کاتیی راگەیاندراوە بۆ گواستنەوەی هاووڵاتیانی مەدەنی لە شارەکانی کیێڤ، خارکیڤ و سومی لە ئۆکراینا.
لە راگەیاندراوێکدا کە لەلایەن ناوەندی هەماهەنگیی نێوان یەکەکان بۆ دەستوەردانی مرۆیی لە ئۆکراینا کە سەربە وەزارەتی بەرگریی رووسیایە بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوە کراوە کە، رەوشی مرۆیی لە کیێڤ، ماریۆپۆل، خارکیڤ و سومی زۆر نەرێنیی بووە.
هەروەها لە راگەیاندراوەکەدا باس لەوە کراوە کە، سەرکۆماری فەڕەنسا، ئیمانوێل ماکرۆن داوای لە سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمێر پوتین کردووە بۆ کردنەوەی رێڕەوی مرۆیی و، هاتووە؛ سوپای رووسیا لە کاتژمێر 10ی بهیانی ئهمرۆ دووشهممه 7 ی 3 ی 2022، وادەی ئاگربەستی کاتیی راگەیاندووە بۆ گواستنەوەی هاووڵاتیانی مەدەنی لە شارەکانی کیێڤ، ماریۆپۆل، خارکیڤ و سومی.
لە راگەیاندراوەکەدا باس لەوە کراوە کە، بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان چاودێری ئەو رێڕەوانە دەکرێت کە دەکرێنەوە و، هەریەک لە نەتەوە یەکگرتووەکان، رێکخراوی هاریکاری و ئاسایشی ئەورووپا و یەکە پەیوەندیدارەکانی لە خاچی سوور ئاگادار کراونەتەوە.
هاوکات لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە؛ داوا لە ئۆکراینا دەکەین هەموو هەلومەرجە دیاریکراوەکان جێبەجێ بکات بۆ دروستکردنی رێرەوی مرۆیی، دەرچوونی مەدەنی و هاووڵاتیانی بیانیی بەشێوەیەکی رێکخراو.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.