Erbil 38°C چوارشەممە 08 کانوونی دووەم 19:46

پرسی كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانان له‌ عێراق

کوردستان TV
100%

رۆژی 31-12-2021 وادەی كۆتاهاتنی ئه‌ركی هێزە شەڕکەرەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان بوو لەسەر خاکی عێراق، كه‌ پێشتر 28 وڵات له‌ چوارچێوه‌ی هاوپه‌یمانێتییه‌كی نێوده‌وڵه‌تی به‌سه‌ركردایه‌تی ئه‌مریكا دژ به‌ چه‌كدارانی داعش ده‌جه‌نگان، پرسی كۆتاهاتنی ئه‌ركی هاوپه‌یمانان هه‌ڵوێستی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی به‌سه‌ر دوو به‌ره‌دا دابه‌شكردووه‌، به‌ شێوه‌یه‌ك لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی كورد و سونه‌ له‌گه‌ڵ درێژكردنه‌وه‌ی ئه‌ركی  هێزه‌ شه‌ڕكه‌ره‌كانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی و ئه‌مریكا بوون له‌ عێراق، به‌ڵام زۆرینه‌ی لایه‌نه‌ شیعه‌كان به‌ تایبه‌ت ڕه‌وتی سه‌در پێشوازیان له‌ بڕیاری كۆتایی هاتنی ئه‌ركه‌كه‌یان و به‌جێهێشتنی خاكی عێراق كرد، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی چه‌ند هێزێكی دیكه‌ی شیعه‌ گومانی خۆیان له‌و بڕیاره‌ نه‌شارده‌وه‌ گومان له‌ بڕیاره‌كه‌ ده‌كه‌ن.

هه‌ر له‌وباره‌یه‌وه‌ رۆژی چوارشەممە 29-12-2021، مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە تویتێکدا لە پێگه‌ی تایبه‌تی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی (تویته‌ر) رایگه‌یاند "ئەرکە جەنگییەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق کۆتاییهات و سەرجەم کەرەستەکانیشیان بردە دەرەوەی وڵات".  

كشانه‌وه‌ی هێزه‌ شه‌ڕكه‌ره‌كانی هاوپه‌یمانان و ئه‌مریكا له‌ چوارچێوه‌ی گفتوگۆی ستراتیژی و رێککەوتنی نێوان عێراق و ئەمریکایه‌، كه‌ به‌ پێی ڕێككه‌وتنه‌كه‌ 31ی 12ی 2021 دوا واده‌ی مانه‌وه‌ی ئه‌و هێزه‌ شه‌ڕكه‌رانه‌یه‌ له‌سه‌ر خاكی عێراق كه‌ پێشتر فەرماندە سەربازییەکانی هاوپەیمانان رایگه‌یاند بوو تێکڕای ژماره‌یان دەگاتە سێ هەزار و 500 سەرباز و ڕاوێژکار و راهێنەری سەربازی.

پێشتریش قاسم ئەعرەجی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق له‌ تویتێكدا رایگه‌یاند كه‌ له‌گه‌ڵ فەرماندەیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی له‌ عێراقدا كۆبووه‌ته‌وه‌، ئیتر ئەرکی شەڕکردنی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق کۆتایی هات، بۆیە چیدیکە هێزەکانی هاوپەیمانان و ئەمریکا بەشداریی شەڕی دژی تیرۆر لە خاکی عێراق ناکەن، بەڵکو ئەو هێزانە تەنیا راوێژ و زانیاریی هەواڵگری پێشکه‌شی هێزەکانی عێراق دەکەن و مەشقیان پێ دەکەن، به‌بێ ئه‌وه‌ی ئاماژه‌ به‌ ژماره‌ی ئه‌و هێزانه‌ بكات، كه‌ ده‌مێننه‌وه‌.

لای خۆشییه‌وه‌ لیوا تەحسین خەفاجی گوتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق رایگه‌یاندووه‌ كه‌ "هەموو راوێژکارەکانی هاوپەیمانان بنكه‌ی سه‌ربازی عەین ئەسەد و فڕۆکەخانەی هەریر له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌مێننه‌وه ‌و ئه‌ركی پاراستنی ئاسایشی راوێژكاره‌كان له‌ ئه‌ستۆی هێزه‌ عێراقییه‌كان و هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ ده‌بێت".

هه‌روه‌ها موقته‌دا سه‌در رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در له‌ دوای كۆتاهاتنی ئه‌ركی هێزه‌ شه‌ڕكه‌ره‌كانی ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانان په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ له‌ 11 خاڵ پێكهاتووه ‌و ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات پێویسته‌ ئه‌م خاڵانه‌ جێبه‌جێ بكرێن بۆ نه‌مانی هێزه‌ بیانییه‌كان له‌سه‌ر خاكی عێراق كه‌ سه‌ره‌كیترینیان داوا ده‌كات كه‌ نابێت هیچ هێزێكی سه‌ربازی ئه‌مریكی له‌نێو بالیۆزخانه‌ی ئه‌مریكا له‌ به‌غدا بمێنێت به‌ڵكو پێویسته‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی عێراق ئه‌ركی پاراستنی دیپلۆماتكاره‌ ئه‌مریكییه‌كان له‌ ئه‌ستۆ بگرن، هه‌روه‌ها داوا ده‌كات‌ ژماره‌ی هێزه‌كان له‌ عێراق دیاری بكرێت كه‌ چه‌ندیان ده‌مێننه‌وه‌ و سه‌رجه‌م بنكه‌ سه‌ربازییه‌كانیش راده‌ستی هێزه‌ عێراقییه‌كان بكات.

هه‌روه‌ها هادی عامری سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح لە ساڵیادی کوژرانی قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس ڕایگەیاندبوو "کشانەوەی تەواوەتی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، بەرامبەرە بە خوێنی شەهیدەکان". سه‌ركرده‌یه‌كی دیكه‌ی رێكخراوی به‌دری سه‌ر به‌ هاوپه‌یمانی فه‌تح رایگه‌یاندووه‌ كه‌ "ئەمریکا بە تەوبەوە خاکی عێراقی جێهێشت".

ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به‌ كورد و سونه‌وه‌ ‌هه‌یه‌، سه‌رجه‌م هێزه‌ سیاسییه‌كانی كورد و سونه‌ له‌گه‌ڵ درێژكردنه‌وه‌ی ئه‌ركی هێزه‌ شه‌ڕكه‌ره‌كانی هاوپه‌یمانان و ئه‌مریكا بوون له‌ عێراق به‌ تایبه‌ت له‌ ئێستادا كه‌ جووله‌ی چه‌كدارانی داعش زیادی كردووه‌ته‌وه‌، سه‌رچاوه‌ هه‌واڵگرییه‌كان ئاماژه‌ به‌ خۆڕێكخستنه‌وه‌ی داعش ده‌كه‌ن له‌ ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستان و چه‌ند پارێزگایه‌كی سونه‌نشین.

میدیا راپۆرت

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.