Erbil 38°C پێنجشەممە 09 کانوونی دووەم 09:59

ترس و هەڕەشە لەسەر ئەوروپا دوای رووداوەكانی ئەفغانستان

کوردستان TV
100%

كێشەی ئەفغانستان تەنیا گرفت و ئاڵۆزی بۆ ئەفغانییەكان نەناوەتەوە، بەڵكو كێشەی ئەفغانستان بۆتە كێشەیەكی جیهانی، هەر وڵاتێك ئاگاداری خۆی لە هەموو پێشهاتەكانی رۆژانە دەخاتەڕوو، بۆ ئەمەش ئەوروپییەكان دوای جێهێشتنی سوپای ئەمریكا و هاوپەیمانان، ترسیان لە هەڕەشەیەكی گەورەی تیرۆریستی هەیە بۆ سەر وڵاتەكانیان بكرێ‌.


هاوكات بەهۆی ئاوارەبوونی زۆرێك لەئەفغانییەكان ترس لەوە هەیە، هەر هەمان ئەم ئاوارانە، ببنە "گورگ"  یان "بڵاوكردنەوەی تۆقاندن و تیرۆر لەرێگەی ئینتەرنێتدا" لەنێو وڵاتەكانیاندا، ئەم ترسەش لەناو دوا كۆبوونەوەی وەزیرەكانی ناوەخۆی یەكێتی ئەوروپا گفتوگۆیەكی زۆری لەبارەیەوە كراوە.


هەندێك لە دەوڵەتەكان مكوڕ بوون لە داخستنی دەروازەكان نەوەك پەناهەندە و ئاوارە ئەفغانییەكان رووی تێ بكەن، نەوەك هەمان سیناریۆی 2015 دووبارە ببێتەوە، لەو كاتەی سوورییەكان بە كۆمەڵ روویان لە ئەوروپا كرد، ئەو پەناهەندە سوورییانە لە زۆر ڕووەوە بوونەتە سەرئێشە، ئێستا بە هەمانشێوە ئەفغانییەكان وەك بەڵایەك سەیر دەكرێن، كاتێك ڕوو لە وڵاتێك دەكەن.


لەلایەكی دیكەوە زۆربەی وڵاتانی هاوسێی ئەفغانستان رێگرن لەوەی ئەفغانییەكان ڕوویان تێ بكەن، نەوەك ببنە هۆی پشێوی و ئاڵۆزی دۆخی سەقامگیری وڵاتەكانیان، لەتەك ئەوەی ئاوارەیەكی زۆری ئەفغانییەكان تا ئێستا لە وڵاتەكانیان ماون، زۆرێك لە كێشە و گرفتیشی بۆ وڵاتان دروستكردووە.


 

jpg


ڕاكردنی بە كۆمەڵی ئەفغانییەكان لە ئێستادا وەك سەرئێشەیەك بۆ وڵاتانی ئەوروپا سەیر دەكرێ‌، لەمبارەیەوە  (فابرێس لیگیری) سەرۆكی ئاژانسی چاودێری سنووری ئەوروپا، لە لێدوانێكدا رایگەیاند، كە پێویستە ئەوروپا خۆی لە پێشوازیكردنی كەسانێك بپارێزرێ‌، كاتێك لە پێشتردا پەیوەندییان بە تیرۆر و تۆقاندنەوە هەبووە.


پێچەوانەی ئەمەش بۆریس جۆنسۆن سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا لە لێدوانێكدا گوتی "قەرزاری هەموو ئەوانەین، كە كاریان لەگەڵ هێزە چەكدارەكانمان كردووە، بۆیە پشتگیری لە هەموو ئەو ئەفغانییانە دەكەم، كە دیانەوێ‌ بۆ جارێكی دیكە ژیانیان بنیات بنێنەوە، بۆیە مكۆڕم لەوەی لە بەریتانیا نیشتەجێ‌ بن". 


كەچی ئەڵمانەكان لەمڕووەوە بۆچوونێكی دیكەیان هەیە، سەرۆكی ئەنجوومەنی كۆچ لە پارتی سۆسیال دیموكراتی ئەڵمانیا باس لەوە دەكات "پێویستە لە حاڵەتی ئاگایی دابین، چونكە تیرۆر هەموو كیشوەرەكانی بڕیووە و زۆرێك لە رێگەی پراكتیكی تیلیگرام و كڵۆپ هاوس هەرزەكاران بۆ لای خۆیان رادەكێشن،  هۆكاری سەرەكی تیرۆر و تۆقاندن لە ئەوروپا نەگونجان و تێكەڵ نەبوونی ئاوارە و پەناهەندەكانە لەنێو كۆمەڵگەی ئەروپیدا و هەردەم وەك كۆمەڵگەیەكی گۆشەگیرن". 
 

jpg

پۆلیسی ئەڵمانیاش جەخت لەوە دەكاتەوە لە یۆلیۆی رابردوو 330 حاڵەتی ترسناك تۆماركراوە سەبارەت بە هزری توندڕەوی، لەنێو ئەو كەسانەش 186 ئەڵمانین، كە هەڵگری دوو رەگەزنامەن، لەتەك 114 هەڕەشەی پێشبینیكراوی بیانییەكان، كە 61 كەسیان خەڵكی سووریان و 17 عێراقی و 13 رووسی و 11 تورك، هەروا 8 كەسیش تا ئێستا رەگەزنامەكانیان دیاری نەكراوە.


ئەوروپییەكان زیاتر باس لەوە دەكەن، جگە لە داخستنی دەروازەكان بەڕووی ئاوارەكان، پێویستە لە قوتابخانەدا گیانی لێبوردەیی بڵاو بكرێتەوە و سانسۆریش لەسەر ئینتەرنێت دابندرێ‌، سەبارەت بەناوەڕۆكی هەر بڵاوكراوەیەك.


لەلایەكی دیكەوە هەر یەك لە هەواڵگرانی وڵاتانی فەڕەنسا و نەمسا و بەلجیكا و ئەڵمانیا ئاگاداری جوولە و بزاوتەكانی ئەندامانی "ئیخوانن" بۆیە زیاتر چاودێرییان خستۆتە سەر دەزگە خزمەتگوازی و  ئاینییەكان، نەوەك بزاوتەكان لەو شوێنانەوە دەربچن.


ئێستاش بەهەمانشێوە ئەوروپییەكان و زۆربەی وڵاتانی جیهان ترسی هەڕەشەیەكی گەورەیان هەیە  لە كۆچی بە كۆمەڵی ئەفغانییەكان، نەوەك هاتنی ئەو كۆمەڵە زۆرە ببێتە هۆی شێواندنی كۆمەڵگە و هاتنەكایەی تۆقاندن و ترس لە كۆمەڵگە و وڵاتەكانیان.

میدیا راپۆرت

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.