جێگری سەرۆکوەزیرانی رووسیا، ئالیکساندەر نۆڤاک رایگهیاند: ھەر گەمارۆیەک بەسەر نەوتی رووسیا دەبێتە "کارەسات" بۆ سەر بازاڕەکانی وزە و گوتی: ئەگەری ھەیە نرخی بەرمیلێک نەوت بۆ سەرووی 300 دۆلار بەرزبێتەوە.
نۆڤاک، لە میانی روونکردنەوەی بۆ رۆژنامەوانان لە مۆسکۆی پایتەخت، ھەڵسەنگاندنی بۆ ئەو سزایانە کرد کە ئەگەری ھەیە بخرێتە سەر ھەناردەکردنی نەوتی رووسیا.
ئالیکساندەر نۆڤاک، ئاماژەی بەوە کرد کە لە ئەورووپا بە ئاسانی جێگرەوەیەک بۆ نەوتی رووسیا نادۆزرێتەوە و گوتی: ئەمە لە ساڵێک زیاتر دەخایەنێت و بە گرانتر لەسەر کریارە ئەورووپییەکان دەوەستێت. دەبێت سیاسەتمەدارە ئەورووپییەکان بە درووستی ھاووڵاتیانیان لەوەی کە چاوەڕوانیان دەکات لە بابەتی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین، کارەبا و خۆگەرمکردنەوە ئاگاداربکەنەوە.
جێگری سەرۆکوەزیرانی رووسیا، ئەوەشی راگەیاند کە لە ئەگەری سەپاندنی سزا بەسەر نەوتی رووسیادا ئەوە نرخەکان بە رێژەیەکی زۆر بەرزدەبێتەوە و گوتی:زۆر روونە کە قەدەغەکردنی نەوتی رووسیا رێگە بۆ ئەنجامی کارەساتبار لەسەر بازاڕی جیھانی دەکاتەوە. ئەگەری ھەیە نرخی بەرمیلێک نەوت بۆ سەرووی 300 دۆلار بەرزبێتەوە.
نۆڤاک، ئەوەی خستەڕوو کە لە ئەگەری گەمارۆدانی ھەناردەکردنی نەوتی رووسیا ئەوە ھەناردەکانی ئاراستەی ناوچەی دیکە دەکات و جەختی لەوە کردەوە کە ئەم دۆخە سوودی بۆ کەس نابێت.
ئالیکساندەر نۆڤاک، جەختی لەوە کردەوە کە تۆمەتەکانی ھێرشکردنی سوپای رووسیا بۆسەر وێستگەی ئەتۆمیی زاپۆریژیا لە ئۆکراینا قبوڵ ناکەن و گوتی: ھێزە چەکدارەکانی رووسیا، بە ھەماھەنگی لەگەڵ پسپۆرە ئۆکراینیەکانی وێستگەکە، کاردەکەن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.