Erbil 38°C چوارشەممە 06 ئایار 06:40

مه‌سرور بارزانی: باشتركردنی دۆخی ته‌ندروستی تەنیا ئەرکی حکوومەت نییە و پێویستە هاووڵاتییانیش یارمەتیدەر بن

کوردستان TV
100%

سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕأیگه‌یاند، باشتركردنی دۆخی ته‌ندروستی له‌ هه‌رێمی كوردستان ته‌نیا ئه‌ركی حكوومه‌ت نییه‌ به‌ڵكو پێویسته‌ خێزان و كۆمه‌ڵگه‌ و هاووڵاتییانیش یارمه‌تیده‌ر بن بۆ باشتركردنی ته‌ندروستیی گشتی.

ئەمڕۆ سێشەممە بە چاودێری و ئامادەبوونی مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كۆنفرانسی پێداچوونەوە و شیکردنەوە و چاکسازیکردن لە سیستەمی تەندروستی بەڕێوەچوو.

سەرۆکی حکوومەت لە گوتارێکدا وێڕای ئاماژه‌دان به‌ كار و پڕۆژه‌ و ده‌ستكه‌وته‌كانی كابینه‌ی نۆیه‌می حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ بواری ته‌ندروستیدا، ئەماژەی بەوەش دا کە باشترکردنی دۆخی ته‌ندروستی تەنیا ئەرکی حکوومەت نییە، بەڵکو پێویستە خێزان و کۆمەڵگە و هاووڵاتییانیش هاوکار و یارمەتیدەر بن بۆ باشترکردنی ته‌ندروستیی گشتی.

ئەمەش ده‌قی گوتاره‌كه‌ی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە:

بە ناوی خوا گەورە و میهرەبان

بەڕێزان زۆر بەخێربێن سوپاسی ئامادەبوونتان دەکەم لەم کۆنفرانسە، بەتایبەتی میوانە بەڕێزەکان چ ئەوانەی لە دەرەوەی عێراقەوە هاتوون یان ئەوانەی لە بەشەکانی تری عێراقەوە هاتوونەتە هەرێمی کوردستان .

هەورەها دەمەوێ سوپاسێکی تایبەتی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی بکەم کە بەردەوام لە گەڵمان بوون و پاڵپشت وهاوکاری وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان بوون و هیوادارم لە گەڵمان بەردەوام بن بۆئەوەی بەیەکەوە بتوانین خزمەتێکی زیاتری کەرتی تەندروستی هەرێمی کوردستان ومرۆڤایەتی بە گشتی بکەین. هەروەها سوپاس و دەستخۆشیش لەو ڕێکخراوە نێودەولەتییەش دەکەم کە لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی خەریکن بۆ ئەوەی ریفۆرم لە سێکتەری تەندروستی بکرێت تاکو بتوانین خزمەتێگی باشتر بە هاووڵاتییان بکەن.

بەڕاستی من زۆر دڵخۆش بووم بەو داتایانەی کە من ئەمڕۆ بینیم و پێشکەشیان کرد. جێگەی دڵخۆشییە کە دەبینین گۆڕانکارییەکی ئەرێنی لە کەرتی تەندروستیدا دروست بووە، بەڵام هێشتا سەرەتایە و هیوادارین زۆر لەوە باشتر خزمەتی هاووڵاتییان بکەین لەم کەرتە گرینگەدا.

خۆم بە بەختەوەر دەزانم کە ئەمڕۆ لەم کۆنفرانسە گرینگەدا لەگەڵ ئێوەی بەڕێز بەشدارم کە تایبەتە بە پێداچوونەوە و شیکردنەوە و چاکسازیکردن لە سیستەمی تەندروستی.

هیوادارم ئەم کۆنفرانسە ئەنجام و راسپاردەی گرینگ و باشی لێ بەرهەم بێت و یارمەتیدەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان بێت لەو چاکسازییانەی لە بواری ته‌ندروستیدا ئەنجامیان دەدات.

سوپاسی رێکخەرانی کۆنفرانس لە وەزارەتی ته‌ندروستی و رێکخراوی ته‌ندروستی  جیهانی (WHO) دەکەم بۆ هەماهەنگیکردنیان لە رێکخستنی ئەم کۆنفرانسەدا.

 بەڕێزان..

لە دوای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دەستمان بە پرۆسەیەکی فراوانی چاکسازی لەبوار و سێکتەرە جۆراوجۆەکاندا کرد، کە کەرتی ته‌ندروستی یەکێک لەو بوارە گرنگانە بوو. لێرەدا پێویستە ئاماژە بە خاڵێکی گرینگ بدەم، ئەویش ئەوەیە ئەگەر سیستەمی ته‌ندروستی گشتیی کێشەی نەبووایە، بێگومان پێویستی بە چاکسازی نەدەکرد. ئێستاش گرفتی زۆر هەیە و ئەنجامدانی چاکسازی بۆ رووبەڕووبوونەوەی خراپ بەڕێوەبردن وهەبوونی سیستەمی ناڕێکە لەم کەرتەدا.

بێگومان چاکسازی پرۆسەیەکی بەردەوامە و کاتی دەوێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە هەنگاوی باش و گرینگمان لە چاکسازیکردن لە بواری ته‌ندروستیدا ناوە کە بە پێویستی دەزانم لێرەدا ئاماژە بە هەندێکیان بدەم، بۆ نموونە:

- چاکسازی لە بواری کوالێتی دەرمان و رێنماییەکانی ھێنان و تۆمارکردن و پشکنین و چاودێری و بەدواداچوونی بازاڕی دەرمان و سزادانی سەرپێچیکاران. بێگومان گلەیی زۆر لە هاوردەکردن و قۆرخکردن هێنانی دەرمان و کوالێتییەکەی هەیە، بۆیە حکوومەتی هەرێم بەردەوام دەبێت لە بەرنامە چاکسازییەکەی لەم بوارەدا ئەگەرچی رووبەڕووی بەرژەوەندی تایبەتی تایبەتی زۆر کەس و لایەنیش بووەتەوە، بەڵام ئێمە سوورین لە سەر درێژەدان بە بەرنامە چاکسازییەکەمان لە بواری دەرماندا.

- دەرچوونی یاسای مافی نەخۆش و یاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددە ھۆشبەرەکان و ئامادەکردنی رەشنووسی یاساکانی مافی پزیشک و بیمەی ته‌ندروستی و نەخۆشخانە تایبەتەکان.

- رێکخستنەوە و دانانی رەشنووسی پڕۆژەیاسای کەرتی تایبەت و گشتی لە بواری خزمەتگوزاری پزیشکیدا.

- کەمکردنەوەی نرخی خزمەتگوزارییەکان لە نەخۆشخانە تایبەتەکان بە رێژەی %25 بۆ سووککردنی بارگرانی لە سەرشانی هاووڵاتییان.

- لە دوو ساڵی رابردوودا زیاتر لە سەد ملیار دینارمان بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا تەرخان کرد، پێویستە ئاماژە بەوە بدەین کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پێش زۆربەی وڵاتانی دنیادا بوو بۆ گرتنەبەری رێوشوێنەکانی خۆپارێزی و رێنمایی ته‌ندروستی. ئەوە بوو هەر زوو بودجەیەکی فریاگوزاریمان تەرخان کرد و هەنگاوی پێویستمان نا بۆ سنووردارکردنی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، لێرەدا بە پێویستی دەزانم دووبارە سوپاس و پێزانینی خۆم ئاراستەی وەزارەتی ته‌ندروستی و هەموو پزیشک و کارمەندانی ته‌ندروستی بکەم کە لە هێڵی پێشەوەی رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا بوون. بە رێز و پێزانینەوە یادی هەموو ئەو پزیشک و کارمەندانەی کەرتی ته‌ندروستی دەکەینەوە کە لە رووبەڕووبوونەوەی کۆڕۆنادا گیانیان بەخشی. هەروەها سەرەخۆشی لە کەسوکاری هەموو ئەو هاووڵاتییانەش دەکەم کە بە هۆی ئەم ڤایرۆسەوە گیانیان لە دەست دا.

هەر لە چوارچێوەی پرۆسەی چاکسازییەکانمان لە بواری ته‌ندروستی ئەم هەنگاوانەش نراون:

- چاکسازیکردن لە بواری رێنماییەکانی ھاوردەکردنی خۆراک و ماددە کھولی و وزەبەخشەکان و گرتنەبەری رێکاری یاسایی بەرامبەر سەرپێچیکاران کە ته‌ندروستی و سەلامەتی ژیانی ھاووڵاتییان دەخەنە مەترسییەوە.

- دابەشکردنی پسپۆڕییە جیاوازەکانی پزیشکی بۆ دەرەوەی سەنتەری شارەکان و قەزا و ناحییەکان لەپێناو هەبوونی ھاوسەنگی لە گەیاندنی خزمەتگوزاری ته‌ندروستی.

- بە ئەلیکترۆنیکردنی سیستەمەکانی ھاوردە و جولەی دەرمان و ستیکەر و ڤاکسین و پشکنینی تاقیگە و بوارەکانی تر.

- پاڵپشتیکرنی نەخۆشخانەکانی شێرپەنجە و دابینکردنی پێداویستی و چارەسەرییەکان بە شێوازێکی سەردەمییانە.

- بنیاتنان و فراوانکردن و نۆژەنکردنەوەی نەخۆشخانە و بنکەی ته‌ندروستی و دامودەزگا ته‌ندروستییەکان بە پێی توانا داراییەکانی بەردەست.

لە پاڵ ئەم هەنگاوە گرینگانەدا لەبواری چاکسازی، چەندین پڕۆژەی گرینگ لە بواری ته‌ندروستیدا تەواو دەبن لە رێگەی حكوومەتی هەرێم و بە هەماهەنگی لەگەڵ وڵاتانی دۆست، لەوانە:

- کردنەوەی نەخۆشخانەی ئەڵمانی بۆ چارەسەری نەخۆشییە گوازراوەکان و کۆڕۆنا لە شاری سلێمانی بە هاوکاری حکوومەتی ئەڵمانیا.

- کردنەوەی سەنتەری چارەسەری شێرپەنجە بە تیشک (لەیزەر) لە شاری ھەولێر.

- کردنەوەی نەخۆشخانەی نوێی منداڵان لە ناو نەخۆشخانەی راپەڕین لە شاری ھەولێر.

-دانانی بەردی بناغەی سەنتەری چاندنی مۆخی ئێسک لە شاری دھۆك.

-کردنەوەی نەخۆشخانەی نوێی سوتان لە ھەولێر.

-تەواوکردنی نەخۆشخانەی سیدەکان.

-تەواوکردنی سەنتەری شێرپەنجەی مەمک لە راپەڕین.

- کردنەوەی نەخۆشخانەی چاو لە ھەولێر.

-کارکردن بۆ دانانی سەنتەری شێرپەنجەی مەمک لە شاری ھەڵەبجە.

-کارکردن لە دروستکردنی نەخۆشخانەی کۆمەڵگەی هیتۆت لەنێوان شێلادزێ - دێرەلووک.

-کارکردن لە دروستکردنی نەخۆشخانەی گشتی بەردەڕەش.

بەڕێزان..

ئێمە هەموو هەوڵی خۆمان دەخەینەگەڕ بۆ باشترکردنی کەرتی ته‌ندروستی  گشتیی و گەیاندنی باشترین خزمەتگوزاریی ته‌ندروستی بە هاووڵاتییان. هەروەها کار دەکەین بۆ دانانی سیستەمی بیمە و دڵنیایی ته‌ندروستی بە پێی پێوەرێک کە گونجاو بێت بۆ دۆخی هەرێمی کوردستان.

بێگومان باشترکردنی دۆخی ته‌ندروستی تەنیا ئەرکی حکوومەت نییە، بەڵکو پێویستە خێزان و کۆمەڵگە و هاووڵاتییانیش هاوکار و یارمەتیدەر بن بۆ باشترکردنی ته‌ندروستیی گشتی.

پێویستە دەزگاکانی راگەیاندنیش رۆڵی گرینگیی خۆیان بگێڕن لە پەرەپێدانی هۆشیاری ته‌ندروستی و هاندان و رێنماییکردنی ھاووڵاتییانی خۆشەویست بۆ خۆپارێزیکردن لە بواری خواردن و خواردنەوە و گرینگیی وەرزشکردن و نووستن بە رێکوپێکی و ئەنجامدانی پشکنینی پێشوەختە بۆ ھەر گومان و نەخۆشی و حاڵەتێکی ته‌ندروستی لە کاتی خۆیدا و بەکارھێنانی داودەرمان و پێداویستی پزیشکی لەچوارچێوەی رێکارو رێنماییە زانستی و پزیشکییەکان.

هەروەها پابەندبوون بە رێنماییە ته‌ندروستییەکان و پەیڕەوکردنی شێوازێکی تەندروست لە ژیانی رۆژانەدا بۆ ئەوەی ببینە خاوەنی جەستەیەکی تەندروست و لە ژینگەیەکی ته‌ندروستیشدا بژین.

دووبارە دەستخۆشی لە وەزارەتی ته‌ندروستی و رێکخراوی ته‌ندروستی جیهانی دەکەم بۆ رێکخستنی ئەم کۆنفرانسە و هیوای سەرکەوتن و ته‌ندروستییەکی باشتان بۆ دەخوازم.

به‌ڕێزان..

پێم باشه‌ سوود له‌م ده‌رفه‌ته‌ وه‌رگرم و باس له‌ نیگه‌رانی هاووڵاتییان له‌باره‌ی نرخی خواردن بكه‌م، ده‌مه‌وێت به‌ هاووڵاتییان رابگه‌یه‌نم، پێویست ناكات تووشی هیچ دڵه‌ڕاوكێیه‌ك بن و هه‌موو رێكاره‌كانی پێویست گیراونه‌ته‌به‌ر و پێداویستی سه‌ره‌تایی خواردن له‌ هه‌رێم به‌لای كه‌مه‌وه‌ شه‌ش تا یه‌ك ساڵی داهاتوو ده‌سته‌به‌ره‌ و هیچ جێی نیگه‌رانی نییه‌ و هیچ پێویست ناكات هاووڵاتییان په‌له‌ بكه‌ن له‌ دابینكردنی پێداویستییه‌كانی خۆی جیا له‌وه‌ی پێشتر چۆنیان كردووه‌، ئه‌م ره‌وشه‌ش له‌ جیهاندا به‌ره‌و چاره‌سه‌ر ده‌ڕوات و بۆیه‌ جێی نیگه‌رانی نییه‌، لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانیشمان راسپاردووه‌ به‌وه‌ی به‌ وردی چاودێری بازاڕ بكه‌ن و ئه‌و كه‌سانه‌ی به‌ خراپ نرخ به‌كار ده‌هێنن و نرخ زیاد ده‌كه‌ن، رووبه‌ڕووی یاسایان بكه‌نه‌وه‌.

جارێكی دیكه‌ به‌خێرهاتنی میوانه‌كان ده‌كه‌م و هیوادارم كۆنفرانسه‌كه‌تان سه‌ركه‌وتوو بێت.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.