وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند کە بە ھەماھەنگیی لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی ئۆکراینا، 65 ھاووڵاتیی عێراقی لە شارەکانی سومی و خارکێڤ گواستووەتەوە.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، ئەحمەد سەحاف لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە کە باڵیۆزخانەی عێراق بە ھەماھەنگیی لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی ئۆکراینا و کارگێڕیی خۆجێی شاری سومی، 60 ھاووڵاتیی عێراقی لە شاری سومی کە گەمارۆدراوە، گواستووەتەوە لەنێویاندا ژمارەیەک منداڵ، ئافرەت و بەساڵاچوو هەن.
ئەحمەد سەحاف راشیگەیاندووە کە باڵیۆزخانەی عێراق توانیویەتی خێزانێکی عێراقی کە ژمارەیان پێنج کەسە لە شاری خارکێڤ کە لەئێستادا شەڕ و پێکدادان و ھێرشی سەربازیی تیایدا بەردەوامە، بگوازێتەوە.
رۆژی 24ی مانگی شوباتی رابردوو ھێرشی سەربازیی رووسیا بۆسەر ئۆکراینا دەستی پێ کرد کە تا ئێستا بەردەوامە.
ھاوکات ھەریەک لە ئەمریکا، بەریتانیا و یەکێتیی ئەورووپا بەھۆی ھێرشە سەربازییەکەی رووسیا بۆسەر ئۆکراینا، سزای نوێیان لە بوارەکانی ئابووریی، داریی، گواستنەوە و وزە بەسەر رووسیادا سەپاند.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.